وەزیری پەروەردە: قوتابخانەكان داناخەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ داخستنی قوتابخانەکان نییە و وتی: "ئەگەر بچینە ناو شەپۆلێکی سەختی کۆرۆناوە، لیژنەی باڵای کۆرۆنا ئەو بڕیارە دەدات".
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ داخستنی قوتابخانەکان لەئارادا نییە، ئەگەر بچینە نێو شەپۆلێکی قورسی کۆرۆناوە و لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیاربدات ئەوە شتێکی دیکەیە، بەڵام ئێستا دۆخەکە ئاساییە.
ئالان حەمەسەعید, وتی: "بەشێک لە راگەیاندنەکان دایک و باوکی قوتابیان و خەڵک نیگەران دەکەن، زۆر باسی داخستنی قوتابخانەکان دەکەن، وەک ئەوەی زەمینەسازی بۆ داخستن بکرێت. دۆخێکی دەروونی لەو جۆرەیان دروستکردووە. ئەگەر بزانین دۆخەکە دەگاتە حاڵەتی مەترسیدار لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی باڵای کۆرۆنا کۆدەبینەوە، دواتریش لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەو بڕیارە دەدات".
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە 25ی مانگ رامانگەیاند لە کۆی 1.8ملیۆن قوتابی و زیاتر لە 100هەزار مامۆستا، تەنیا 2 هەزار تووشبوو تۆمارکرابوو، ئەمەش ئەگەر بە رێژە لێکی بدەیتەوە زۆر نییە. ئەو ژمارەیە دەکاتە 0.1%ی تووشبوون لە نێو مامۆستا و قوتابیان.

