بۆ یەكەمجار پرۆژە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات كە یەكەمجارە لەدوای ساڵی 2015 پرۆژەی بوودجە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام ئامادەنییە ژمارەی خەمڵێندراوی پرۆژەكە ئاشكرا بكات.

لەهەرێمی كوردستاندا پارتی و یەكێتی لەژێر ناوی یەكەی 70 و 80 هێزی پێشمەرگەی خۆیان هەیە و بڕیارە لەڕێی چاكسازییەكانەوە یەكەی ژمێریارییان یەكبخرێتەوە و بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»پرۆژە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە و گفتوگۆی سەرەتایی لەبارەوە كراوە لەسەر هەموو لایەنەكانی».

هەروەها وتیشی:» وەزارەتی دارایی بەر لەسەری ساڵ گفتوگۆ لەسەر بودجەی خەمڵێندراوی هەموو وەزارەتەكان دەكات پاش گفتوگۆش دەگەنە بودجەیەكی خەمڵێندراو، ئەم پرۆژەیەش دواتر دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران و لەلایەن لیژنەیەكەوە پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و پاشانیش لەگەڵ وەزارەتی دارایی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت و دواتر دەدرێتە پەرلەمانی كوردستان».

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكرد لەهەرێمی كوردستان لە2015 ەوە ئەم پرۆژەیە ئامادە دەكرێت بەڵام تائێستا یەكەمجارە دەدرێتە پەرلەمانی كوردستان تا گفتوگۆی لەسەربكرێت، وتیشی:»ژمارە پێشكەش ناكەین، چونكە ژمارەی ناو بودجەكان سەرجەمیان خەمڵێندراون و تا پەسەند نەكرێن ناتوانین هیچ ژمارەیەك لەبارەی پرۆژە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵێین».

سەبارەت بەوەی بودجەی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بەیەكەكانی 70 و 80 ی وەزارەتی پێشمەرگەشەوە كە تائێستا یەكیان نەگرتووەتەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر وتی:»ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە دەكرێت بۆ هەموو وەزارەتی پێشمەرگەیە بە یەكەكانی 70 و 80 شەوە هەروەها ئەو یەكانەش كە لەلایەن ئەمریكاوە كراون بە لیوای هاوبەش لەوەزارەتی پێشمەرگە».

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد كە لەساڵی 2010 ەوە تائێستا بوودجەی هێزەكانی پێشمەرگە بەیەكگرتوویی پێشكەش بەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كورستان دەكرێت و ئەمساڵیش سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەیە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی چەند كاتژمێری كردووە لەنێوان تیمی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەكەی ژمێریاری هێزەكانی 80 و 70ی هێزەكانی پێشمەرگە.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەكۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە: دواهەمین پڕۆژەی بوودجەی خەمڵێنراوی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2022 لەلایەن هەردوو تیمی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای چەندین گفتوگۆ و داڕشتنی ورد، گەیشتووەتە دەرئەنجامی كۆتایی و لەلایەن هەردوو تیمی هاوبەشەوە واژوو كراوە تا رەوانە بكرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەسەندكردنی.

بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی لەساڵانی رابردوودا بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە كراوە بووە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا بووە هەموو كاتێك ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خەت بووە تا بودجەو پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكات، جیاواز لەوەزارەتەكانی دیكە.

ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەپێی ئامارە نافەرمیەكان و ئەو زانیاریانەی  دەستیكەوتوون، جگە لەهێزەكانی 70 و 80 كە هێزی پارتی و یەكێتین و تائێستا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە یەكیان نەگرتووەتەوە، 160 هەزار پێشمەرگەیە.

عوسمان كەریم، جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە  پرۆژەی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە تائێستا نەگەیشتووەتە دەستیان.

هاوكات، رزگار حەمەد، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد، وەكو لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان ئاگاداری بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە نین، بەڵام رۆژی دووشەممە 22/11/2021 كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، لەو كۆبوونەوەیەكدا وەكو لیژنەی پێشمەرگە بڕیاریاندا سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بكەین و لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە كۆببینەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار