نوێترین زانیاری لەبارەی هەوڵی داعش بۆ رفاندنی زیندانیەكانی لە رۆژئاوای كوردستان

"23 چەكداری داعش كوژراون و 18 ئەندامی هێزە كوردیەكانیش شەهیدبوون"

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆسەر گرتوخانەی غوێران لە حەسەكە، ئەندامێكی هێزەكانی ئاسایش و سێ هاوڵاتی مەدەنیی شەهیدبوون.

فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەربارەی هێرشی چەكدارانی داعش بۆسەر گرتوخانەی غوێران لە حەسەكە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە: هێزەكانمان بە هاوكاریی هێزەكانی سوریای دیموكرات، هێرشەكەی داعشیان تێكشكاند و دواتر ئۆپەراسیۆنیان دەستپێكرد.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا حەوت ئەنداممان برینداربوون و ئەندامێكیشمان ‌شەهیدبوو، هەروەها چەكدارانی داعش سێ هاوڵاتیی مەدەنییان شەهید كرد، لەكاتێكدا كە دەیانویست خۆیان لەناو گەڕەكەكانی نزیك گرتوخانەكەدا حەشار بدەن.

هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ڕاشیانگەیاندووە: هێزەكانمان گەڕەكی غوێرانیان بە تەواویی كۆنترۆڵ كردووە و لەو گەڕەكە و گەڕەكەكانی دەوروبەری دەستمان بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشكنین كردووە و ئۆپەراسیۆنەكە هەتا دەستگیركردنی هەموو چەكدارەكان، بەردەوامیی دەبێت.

پێشتریش هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاندبوو: تائێستا 16 چەكداری داعش لەپێكدادان لەگەڵ هێزەكانمان كوژراون و حەوت چەكداری داعشیش كە ویستوویانە خۆیان ڕادەستی هێزەكانمان بكەن لەلایەن داعشەوە كوژراون، هەروەها 18 ئەندامی هەسەدە شەهیدبوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار