پارتی وەڵامی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی دوێنێی یەكێتی دایەوە

پارتی بۆ یەكێتی:مەبەستمان بوو شاندێكی هاوبەش پێكبهێندرێت بەڵام سەرینەگرت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی پارتی لە وەڵامی بەیاننامەیەكی شەوی ڕابردووی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا رایگەیاند، مەبەستیان بووە شاندێكی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكبهێندرێت، بەڵام سەری نەگرتووە، بەیاننامەكەش دوای ئەوە دێت یەكێتی و پارتی رێكنەكەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و پارتیش كاندیدەكەی خۆی نەكشاندووەتەوە.

دوێنێ یەكشەممە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی كۆبووەوە و دواتر لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: پارتی تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێككەوتنیان لەگەڵ هەندیك لایەنی سیاسی واژۆ كردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكردووە.

هەر دوای بەیاننامەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێـتی لەپەیجی خۆی ڕایگەیاند: ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵوەستەی جددی كرد و پێی وابوو پارتی تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێككەوتنیان لەگەڵ هەندیك لایەنی سیاسی واژۆ كردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكردووە.

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت :مادەم لایەنی دیكە دوور لە پرەنسیپی تەوافق كاندیدی خۆیان پێشكەش دەكەن یەكێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی بزانێت بۆیە سازشی لەسەر ناكات.

هاوسەرۆكی یەكێتی راشیگەیاندووە: ئەو قسەوباسانەی كە دەوترا پارتی تەنها كێشەی لەگەڵ كاندیدی یەكێتی هەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆر بەو كاندیدە بكرایا پارتیش كاندیدی خۆی دەكشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەركەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەكی بووە و ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمارە دوور لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتیی.

لەوەڵامدا مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: لەبارەی پارتیمان و ڕەوشی سیاسیی و پرسی سەرۆككۆمار هەندێ بەلاڕێدابردن و بێ ئینسافی تێدا بوو، بۆیە بە باشی دەزانین ڕای گشتیی كوردستان لە ڕاستی و دروستیی بابەتەكان ئاگادار بكەینەوە. لەڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی پارتییدا هاتووە: دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ڕاسپاردەی مەسعود بارزانی شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە مەبەستی گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی هاوبەش و یەكخستنی ناوماڵی كوردی و دروستكردنی شاندێكی هاوبەش بۆ بەغدا و لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان، سەردانی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی كرد.

هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بوو كۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی بەسترا و لەگەڵ ئەوەشدا مەسعود بارزانی پێشوازی لە بافل تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كرد، ئامانجی سەرەكیی ئەو كۆبوونەوانە ئامادەكردنی بەرنامەیەكی كوردستانی بۆ دیدی هاوبەش بەرانبەر داهاتووی عێراق و داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان و تێكڕای پڕۆسەی سیاسی بوو.

هەر لە ڕوونكردنەوەكەی وتەبێژی پارتیدا هاتووە: ئێمە مەبەستمان بوو شاندێكی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكبهێندرێت، بەڵام بە داخەوە بۆمان ڕوون بووەوە كە نوێنەرانی یەكێتیی بەشدار لە شاندە هاوبەشەكە ڕوانگەیەكی ڕوونیان نییە و توانای بڕیاردانیشیان لەمەڕ پرسەكان نەبوو، جگە لەوەش بە بێ ئاگاداركردنەوەی پارتی لە شاندە هاوبەشەكە كشانەوە.

وەك وتەبێژەكەی پارتی دەڵێت: لەبارەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق كە پێویست بوو هەموو لایەك پابەندی هەنگاوە دەستوورییەكان بن، فراكسیۆنی یەكێتیی سەرباری ئامادەبوونی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی جێهێشت، هەر ئەوەش یەكەم هەنگاوی فراكسیۆنی یەكێتی بوو بۆ تێكدانی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دەشڵێت: لەبارەی بابەتی سەرۆككۆماریش دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو پۆستە ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و تەنیا موڵكی لایەنێك یان كەسێكی دیاریكراو نییە، هەر بەپێی ئەو بنەمایەش دەبێ تەنیا كاندیدێك دیاری بكرێت كە ڕەزامەندی و پاڵپشتیی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی لەسەر بێت، بەڵام یەكێتی بەردەوام بوو لەسەر پێداگریی خۆی بۆ كاندیدكردنی كەسێك ئەویش لە دەرەوەی ڕەزامەندیی ناوماڵی كوردیی و پۆستی سەرۆككۆماریشی وەك ئیستحقاقێكی تەواو حزبی سەیر كردووە و لە ڕوانگەیەكی تەواو حزبیانە كاری بۆ كردووە نەك نیشتیمانیانە.

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی پارتیدا ئەوەش هاتووە: پێویست بوو یەكێتی لەبارەی بابەتی سەرۆككۆمار و یەكڕیزیی ناوماڵی كوردیی وردتر و نیشتیمانی تر هەڵسوكەوتی كردبا، دەبێ بەرپرسیارێتیی دۆخی ئێستا و دواتری ئەو لێكترازانەی هاتۆتە كایەوە لە ئەستۆبگرێت. ئێستا پارتی وەك ركابەری بەرهەم ساڵح، هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا لەتیف ڕەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە و نەكشاوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار