نەبوونی پارە لەبانكەكاندا دەرماڵەی خوێندكاران هاوشێوەی مووچە دوادەخات
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
حكومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی بڕیاریدا دەرماڵەی خوێندكاران لەسەرەتای ئەمساڵەوە دابەش بكات، بەڵام پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێك هێشتا زۆرینەی خوێندكاران وەریاننەگرتووە بەهۆی نەبوونی پارە لەبانكەكاندا.
عەبدولكەریم لوقمان، خوێندكاری قوناغی دووەم لەكولیژی وەرزش لەلێدوانێكدا بۆهاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد ماڵیان لە ناوەندی قەزای بەردەرەشە، مانگانە بەلایەنی كەم پێویستی بە 100 هەزار دینارە بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی، وتیشی:» باوكم ناتوانێت هەموو مانگێك ئەو بڕە پارەیەم بۆ دابین بكات، ئەگەر دەرماڵە بەئێمە بدەن دەتوانین پێداویستییەكانمان دابین بكەین».
عەبدولكەریم وتیشی « كاتێك بڕیاری خەرجكردنی دەرماڵە دەرچوو زۆر دڵمان خۆش بوو ، بەڵام خەریكە وا دەوام تەواو دەبێت هێشتا دەرماڵەی مانگێگمان وەرنەگرتووە».
زانكۆی دهۆك لە 31ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992 كراوەتەوە ، ئەوكات تەنها دوو كۆلیژ بوو، ئێستا 19 كۆلیژی هەیە كە لە 67 بەش پێكهاتووە
مەروان فندی، بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری لە زانكۆی دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە لە بەرواری 3ی شوبات نووسراوی پێدانی دەرماڵە بەخوێندكاران لەوەزارەتی دارایی دەرچوو، لە 6ی شوباتی 2022 نووسراوی فەرمی لەوەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ بابەتی دەرماڵەی خۆێندكاران گەیشتە دەستیان، وتیشی»یەكسەر بەبێ دواكەوتن دەستمان بە ئامادەكاری كرد لەگەڵ بەشی ئاماری زانكۆ، ناوی هەموو خوێندكارانمان جیاكردەوە ئەوەی ناو شار كە بڕەكەی 40 هەزار دیناری مانگانەیەو ئەوانەی دەرەوەی شار 60 هەزار دینارە، ئێمەش كردوومانە بەچەك و دامانە چەند بانكێك، خوێندكارانی یەك تا دوو كۆلیژ دەرماڵەیان وەرگرتووە، بەڵام ئەوانەی تر ماون، كێشەكە لە سویلەی پارەیە هەركاتێك پارە هات بەدڵنیایەوە هەموو خوێندكاران دەرماڵەی خۆیان وەردەگرن «.
هەروەها سامان عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەزانكۆی سەڵاحەدین لەپارێزگای هەولێر ئەوەی باسكرد كە هەر دوێنێ 8ی ئادار قسەی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدین كردووە وتوویەتی تەواوی خوێندكارانی زانكۆی سەڵاحەدینی هەولێر دەرماڵەی مانگی 1ی 2022 وەردەگرن.
هاوكات، رەزا حەسەن حسێن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « هەموو ئەو خوێندكارانەی ناویان لەسیستەمی زانكۆ لاینی زانكۆی سلێمانی وەرگیراون دەرماڵەی مانگی 1ی 2022 وەریانگرتووە، هیچ خوێندكارێك نەماوە كە دەرماڵەی وەرنەگرتبێت».
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ئەوەشی روونكردەوە كە دەستیان بەئامادەكاری كردووە بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران بۆ مانگی شوبات، ئەم دەرماڵەیە لەمانگی 1ی 2022 بەخوێندكاران دەدرێت تامانگی 6ی ئەمساڵ.