نەتەوەیەکگرتووەکان لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئاگادار دەكاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نوێنەری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند:" لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەموو پارتە سیاسییەکان پێویستە ئەم بابەتە بکەنە سەرلیست بەوپێیەی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دۆسییەکی گرنگە و پێویستە بە پەلە و بە جدی چارەسەر بکرێت و ناکۆکییە سیاسییەکان بە لاوەبنرێن".
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئاداری 2022، جێنین پلاسخارت، نوێنەری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە رۆژی جیهانی ئاودا پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی: "فەراهەمبوونی و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق بەشێوەیەکی دروست گرنگی تایبەتی هەیە، مانگی رابردوو لە باشوور سەردانی زەنگاوەکانی میزۆپۆتامیام کرد ئەو ئاڵنگارییانەم بینی، کە دووچاری عێراق دەبێتەوە".
پلاسخارت وتیشی: "کەمی بارانبارین، کەمبوونەوەی ئاو، سوێربوونی خاوک و ئاو، بەڕێوەبردنی ناکارای سەرچاوەکان و گەشەسەندنی ژمارەی دانیشتووان"، ئەمانە کاریگەرییان لە سەرتاسەری جیهان بە جێهێشتووە، سەرەڕای گۆڕانی کەشوهەواش.
بە بڕوای بەرپرسە باڵاکەی یوئێن لە عێراق: "کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاویش لە لایەن وڵاتانی دروسێ یەکێکە لە هەڕەشە مەترسیدارەکان".
لە رۆژی جیهانی ئاو، پلاسخارت پەیامێکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەموو پارتە سیاسییەکانی عێراق کردووە و دەڵێت: "لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەموو پارتە سیاسییەکان پێویستە ئەم بابەتە بکەنە سەرلیست بەوپێیەی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دۆسییەکی گرنگە و پێویستە بە پەلە و بە جدی چارەسەر بکرێت و ناکۆکییە سیاسییەکان بە لاوەبنرێن، لەمانە گرنگتر پێویستە وڵاتانی دراوسێ بەشداربن لە گفتوگۆ ئامانجدارەکان دەربارەی بەشکردنی ئاو و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان."
لە سەرەتای ئەم مانگەدا دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ئاو لە عێراق سازکرا، لەو بارەوە پلاسخارت وتی: "لە کۆنفرانسەکەدا چەندین راسپاردەی گرنگ و جۆراوجۆر خرانەڕوو، ئەمەش بە دڵنیاییەوە دەستپێکێکی باشە و دەبێت لە ئێستا بەدواوە بە کرداری پەیڕەو بکرێت".
