باوكی لیای 10 ساڵ بۆ هاوڵاتى: لەسەر دەرهێنانەوەی تەرمی كچەكەم سكاڵامان دەبێت
3 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
پزیشكی دادوەری پشتڕاستیكردووەتەوە كە لیای تەمەن 10 ساڵ بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەستداوە باوكیشی سكاڵای هەیە لەسەر دەرهێنانەوەی تەرمی كچەكەی.
لیای تەمەن 10 ساڵ، ئەو كچەی هەفتەی رابردوو لەگەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی سەگ پەلاماریداو گیانی لەدەستدا.
عەلی رەحیم، باوكی لیا بەهاوڵاتى وت: «تەرمی كچەكەم لەپەیمانگەی پزیشكی دادی سلێمانی وەرگرتەوەو جارێكی دیكە بەخاكمان سپاردەوە».
هەروەها وتیشی: «بەپێی راپۆرتی پەیمانگەی پزیشكی دادی سلێمانی، دەركەوتووە كچەكەم بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەستداوەو خواردوویەتی، بۆیە بنەماڵەكەمان لەسەر ئەو هەموو تۆمەتانەی ئاڕاستەمان كراوە، سكاڵاو هەڵوێستمان دەبێت».
باوكی لیای تەمەن 10 ساڵ، باسی لەوەشكرد كەئەو سێ سەگەی كچەكەیان خواردووە، كوژراون، وتیشی:» من سەگەكانم نەكوشتووە».
هەروەها سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەسەر دۆسیەی لیا لێكۆڵینەوە لەگەڵ بنەماڵەی لیاو ئەو بنەماڵەیەش سەگەكانیان هەیە كراوەو بانگكراون بۆ پۆلیس، ئەوی دیكەی پەیوەندی بەداواكاری گشتییەوە هەیە».
هاوكات بەرزان محەمەد بەڕێوەبەری پزیشكی دادی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى، ئەوەی دووپاتكردەوە كەسەرجەم ئەو پرسیارانەی سەبارەت بەمردنی لیا لەپزیشكی دادوەری كراون لەلایەن داواكاری گشتییەوە بووەو بەفەرمی وەڵامیان داونەتەوە».
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا كە رۆژی هەینی رابردوو بڵاویكردەوە، رایگەیاند: «بەبڕیاری دادوەرو بەئامادەبوونی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین، تیمەكانی بەشی بەڵگەی تاوان و پزیشكانی دادوەری، تەرمی لیا لەناو گۆڕەكەی دەرهێنراوەتەوەو توێكاری بۆ لاشەكەی دەكرێت و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوام دەبێت».
16ی ئەم مانگە هەواڵی گیانلەدەستدانی كچێكی 10 ساڵ لەسلێمانی بەهۆی پەلاماردانی سەگ بڵاوبووەوە، هەواڵەكەو پاشانیش لێدوانی باوكی منداڵەكە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەتیش لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بەو هۆیەشەوە لەسەر فەرمانی داواكاری گشتی گۆڕەكەی لیا هەڵدرایەوەو پشكنین بۆ تەرمەكەی كرا