گۆڤارێکی ئەمریکی: ئەگەری هەیە ترەمپ بە 10 ساڵ زیندانی بكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی تۆمەتباركردنی بە ئەنجامدانی چەندین تاوان بەپێی یاسای سیخوڕی، ئەگەری هەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا 10 ساڵ زیندانی بكرێت.
لەوبارەیەوە گۆڤاری "نیوزویك"ی ئەمریکی بڵاویكردووەتەوە، تاوەكو ئێستا هیچ تۆمەتێك ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ نەكراوە، بەڵام قسەوباس لەسەر هەنگاوەكانی وەزارەتی داد هەیە لەو بارەیەوە، ئەوەش دوای ئاشكراكردنی چەندین بەڵگەنامە، كاتێك پۆلیسی فیدراڵی هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی لە فلۆریدا.
گۆڤارەكە باسی لەوەش كردووە، ئەوە ئاشكرا كراوە كە سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە بەتۆمەتی پێشێلكاری لە یاسای سیخوڕیكردن، ئەوەش سەرەڕای پێشێلكردنی چەندین یاسای تری ئەمریكی.
نیوزویك ئەوەشی نەشاردووەتەوە، بەپێی یاسای سیخوڕی كە ساڵی 1917 دەركراوە، تۆمەتبار ئەگەر تۆمەتەكەی بەسەردا ساغبویەوە، ئەوا سزای دارایی دەدرێت یاخود بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی دەكرێت یاخود هەردوكیان، ئەگەر تۆمەتبار خراپ مامەڵەی لەگەڵ زانیارییە بەرگرییەكانی وڵات كردبوو.