هه‌رێمی كوردستان؛ شه‌ش ره‌نگ بۆ جلوبه‌رگی یه‌كپۆشی قوتابیان و خوێندكاران دیاریده‌كرێت

یه‌ك ملیۆن و 880 هه‌زار قوتابی و خوێندكار روو له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كه‌ن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی / شه‌نای فاتح

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ شه‌ش ره‌نگی دیاریكردووه‌ بۆ جگوبه‌رگی قوتابیان و خوێندكاران، كه‌ڕه‌نگه‌كانیش به‌پێی قۆناغ گۆڕانكارییان به‌سه‌ردادێت.

ساڵانی پێشووتر قوتابخانه‌كان ئاره‌زوومه‌ندانه‌ جلوبه‌رگه‌كانیان هه‌ڵده‌بژاردو قوتابخانه‌ هه‌بووه‌ له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا دوو جۆر جلوبه‌رگی جیاوازی دیاریكردووه‌، به‌ڵام ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ساڵی ٢٠٢٠ه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه‌ و قۆناغ به‌قۆناغ جلوبه‌رگه‌كان جیاكراونه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم به‌پێی قۆناغه‌كان ره‌نگه‌كان جێگیركراوه‌.

محه‌مه‌د عه‌بدوڵا، ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵ كه‌پیشه‌ی كاسبه‌و منداڵه‌كه‌ی له‌پۆلی چواره‌می بنه‌ڕه‌تییه‌، له‌لێدوانیكدا بۆ هاوڵاتی  ده‌ڵێت: هه‌موو ساڵێك جلوبه‌رگی قوتابخانه‌ بۆ منداڵه‌كه‌م ده‌كڕم، هه‌رچه‌نده‌  بۆ ماوه‌ی ساڵه‌كه‌ له‌به‌ری ده‌كات و تێكناچێت و ره‌نگه‌كانیش گونجاون، به‌ڵام نرخه‌كانیان به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر گرانن كه‌ له‌ئاست دارایی خه‌ڵكدا نین».

هاوكات، چیمه‌ن محه‌مه‌د ته‌مه‌ن ٥٣ ساڵ، كارمه‌ندی ته‌ندروستییه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوونی سلێمانی و منداڵه‌كه‌ی له‌پۆلی پێنجه‌می بنه‌ڕه‌تییه‌ به‌ هاوڵاتی وت:»ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی قوتابخانه‌ جلوبه‌رگی قوتابخانه‌كه‌شی فڕێده‌ده‌م و ده‌ستپێكی قوتابخانه‌ بۆی ده‌كڕمه‌وه‌، نرخه‌كانیشی گران نییه‌و گونجاوه‌و كوالێتییه‌كه‌شی باشه‌».

هه‌روه‌ها خوێندكارانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌جلوبه‌رگه‌كان نرخیان گونجاو نییه‌و گرانه‌.

جلوبه‌رگی باخچه‌ی ساوایان و قوتابیان و خوێندكاران بۆ ئه‌مساڵی خوێندن به‌م شێوه‌یه‌یه‌:-

جلوبه‌رگی باخچه‌:
كچ: ته‌نوره‌  یان پانتۆڵی ره‌ساسی له‌گه‌ڵ كراسی په‌مه‌یی.
كوڕ: پانتۆڵی ره‌ساسی له‌گه‌ڵ كراسی شین 

جلوبه‌رگی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی (١ تا ٦):
كچ: ته‌نوره‌  یان پانتۆڵی ره‌ساسی له‌گه‌ڵ كراسی سپی.
كوڕ: پانتۆڵی ره‌ساسی له‌گه‌ڵ كراسی سپی.

جلوبه‌رگی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی (٧،٨،٩):
كچ: ته‌نوره‌ یان پانتۆڵی نیلی له‌گه‌ڵ كراسی سپی.  
كوڕ: پانتۆڵی نیلی له‌گه‌ڵ كراسی سپی.

جلوبه‌رگی قۆناغی ئاماده‌یی (زانستی-وێژه‌یی-پیشه‌یی-ئیسلامی)
كچ قۆناغی (١٠،١١،١٢): ته‌نوره‌ یان پانتۆڵی ره‌ش له‌گه‌ڵ كراسی سپی.
كوڕ قۆناغی (١٠،١١،١٢): كابۆ یان پانتۆڵی ره‌ش له‌گه‌ڵ كراسی سپی.

ئه‌م ره‌نگانه‌ی كه‌دیاریكراوه‌ ته‌نها بۆ باخچه‌كانی ساوایان و قوتابخانه‌و خوێندنگا حكومییه‌كانه‌، به‌ڵام باخچه‌ی ساوایان و خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان ره‌نگی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن. 

ئه‌م جلوبه‌رگانه‌ به‌شێكی زۆریان له‌وڵاتی توركیاوه‌ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن و به‌شێكی كه‌میشیان له‌چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێن.

هیوا قادر ته‌مه‌ن ٣٦ ساڵ، خاوه‌ن فرۆشگایه‌كی فرۆشتنی جلوبه‌رگی قوتابخانه‌یه‌ له‌شاری سلێمانی و نزیكه‌ی ١٢ ساڵه‌ خاوه‌نی ئه‌و پیشه‌یه‌یه‌، له‌لێدوانێكدا به‌هاوڵاتی راگه‌یاند: «به‌شێكی زۆری جلوبه‌رگی قوتابخانه‌كان له‌وڵاتی توركیاوه‌ هاورده‌ ده‌كرێن و به‌شێكی كه‌میش له‌وڵاتانی ئێران و چینه‌وه‌ هاورده‌كرێن چونكه‌ خواستی هاووڵاتیانی له‌سه‌ر كه‌مه‌و پۆشاكه‌ توركییه‌كان فرۆشیان زیاتره‌ چونكه‌ كوالێتییه‌كه‌ی باشتره‌«.

سه‌باره‌ت به‌نرخه‌كانیش ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد:«كراسه‌كان له‌سێ هه‌زار دیناره‌وه‌ هه‌یه‌ تا 10 هه‌زار دینار، پانتۆڵه‌كانیش ره‌ساسییه‌كه‌ له‌ ١٠ تا ١٤ هه‌زار دینارو نیلی و ره‌شه‌كه‌ش له‌ ١٢ تا ١٥ هه‌زار دیناره‌، جلوبه‌رگی باخچه‌ش كراسه‌كه‌ی به‌پێنج هه‌زار و پانتۆڵه‌كه‌شی به‌ 10 هه‌زار دیناره‌.

په‌سه‌ند داود، ته‌مه‌ن ١٨ ساڵ كه‌قوتابی پۆلی ١٢ی ئاماده‌ییه‌ سه‌باره‌ت به‌یه‌كپۆشی بۆ هاوڵاتی قسه‌ی كردو وتی: ساڵانه‌ جلوبه‌رگی قوتابخانه‌ ده‌كڕم و هه‌ندێك جاریش به‌ دووساڵ جارێك جلوبه‌رگی قوتابخانه‌ ده‌كڕم، ئه‌وه‌ش كوالێتی جله‌كه‌ ده‌یگۆڕێت، به‌ڵام نرخه‌كانیان گونجاو نییه‌و گرانن به‌تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌دا». هاوكات، بارین عه‌بدوڵا ته‌مه‌ن ١٤ ساڵ كه‌خوێندكاری قۆناغی نۆی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی له‌وه‌كرد: كوالێتی جلوبه‌رگه‌كه‌ ئه‌وه‌ دیاریده‌كات كه‌ساڵانه‌ جلوبه‌رگی قوتابخانه‌ بكڕیت یان نا، ئه‌گه‌ر كوالێتییه‌كه‌ی باش بێت ماوه‌ی دووساڵ ده‌توانیت به‌كاریبهێنیت و كوالێتییه‌كه‌شی خراپ بێت ساڵانه‌ یان ته‌نانه‌ت ساڵی دووجار ده‌بێت بیكڕیت و ره‌نگه‌كانیش بۆ قوتابخانه‌ زۆر گونجاون».

هه‌ڵبژاردنی ره‌نگه‌كانی یه‌كپۆشی
بابان حه‌مه‌ تووێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌یه‌كێك له‌قوتابخانه‌كانی شاری سلێمانی سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنی ره‌نگی یه‌كپۆشی له‌كوردستان بۆ هاوڵاتی دواو ده‌ڵێت:»یه‌كپۆشی گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كه‌جیاوازی ناكات له‌نێوان منداڵی ئاست ئابووری به‌رز یان نزم چونكه‌ هه‌مووی یه‌ك جۆر جلوبه‌رگ ده‌پۆشێت و ره‌نگه‌كانیشیان گونجاون و په‌روه‌رده‌یین».

وتیشی: هیچ رێنمایی و فه‌رمانێكی فه‌رمی و وه‌زاری نییه‌ كه‌ یه‌كپۆشی نه‌بێت لێپێچینه‌وه‌ یان رێكار هه‌بێت و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ڕێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌كانه‌وه‌ خراوه‌ته‌  بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌».

«له‌زۆربه‌ی قوتابخانه‌كاندا له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌فرۆشگاكان ده‌مێنێته‌وه‌ یان یارمه‌تی خێرخوازان، ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستی قوتابخانه‌كاندایه‌، جلوبه‌رگ و پێداویستی قوتابخانه‌ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ دابین ده‌كرێت كه‌ توانای كڕینیان نییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نائاشكرا له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن تووێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ دیاریده‌كرێن»، بابان حه‌مه‌ وای وت.

به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌ و په‌یمانگاكانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ یه‌ك ملیۆن و ٨٨٥ هه‌زارو  ٤١٦ قوتابی و خوێندكار له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار