مەرگی شلێر.. لەڕۆژهەڵات و ئێران ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەرگی ژنێك لەمەریوان لەپێناو ئەوەی كەڕێگەی نەدا دەستدرێژیی بكرێتە سەری، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی ژنانی لێكەوتەوەو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش ئاشكرایانكرد: توندوتیژیی بەرامبەر ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەراورد بەڕابردوو زۆر زیادیكردووە.
شلێر رەسوڵی كەتەمەنی 36 ساڵ بوو دایكی دوو منداڵ بوو لەبەرئەوەی رێگەنەدات لەلایەن پیاوێكەوە دەستدرێژیی بكرێتەسەر لەنهۆمی دووەمی خانوویەكەوە خۆیهەڵدەدا و بەهۆیەوە دوای شەش رۆژ بێهۆشبون رۆژی پێنجشەممە (8/9/202) لەنەخۆشخانەیەكی شاری سنە گیانی لەدەستدا.
ئەو رووداوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی ژمارەیەكی بەرچاوی خەڵكی مەریوانی لێكەوتەوەو ناڕەزایەتییەكانیش گەیشتە شاری سنە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی مەریوان لەئاستێكی بەرفراواندا بوون و رێپێوان و ناڕەزایەتیی شارەكەی گرتەوە.
ژمارەیەكی زۆر لەژنان بەوەستان لەبەردەم ماڵی شلێر رەسوڵی داوای سزادانی تاوانبارو مافەكانی ژنانیان كردو بەرفراوانبوونی كاردانەوەكانیش بەرپرسانی باڵای ئێرانی هێنایە دەنگ.
شلێر پاڵەوانێكی قوربانیی
میدیاو بەرپرسانی ئێران شلێر رەسوڵیان بەشەهیدی پاكیزەیی وەسفكردووەو تەنانەت ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران لەكاردانەوەی مەرگی ئەو قوربانیەی تووندوتیژییەدا رایگەیاند: شڵێر رەسوڵی نموونەی شكۆی ژنی كوردە بۆ پاراستنی پاكیزەیی و شەرەفی خۆی كەپێویستە سەرجەم ژنانی ئێران ئەو بكەنە هێمای پاكدامێنی.
هاوكات ئەنیسە خەزعەلی، راوێژكاری ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان لەو وڵاتە بەپەیامێك؛ مەرگی شلێری رەسوڵی هاوشێوەی هەوڵەكانی رژێمی بەعسی عێراق بۆ داگیركردنی ناوچەی شلێر لەڕۆژهەڵاتی كوردستان شوبهاندووەو دەڵێت: نهێنییەك لەناوی شلێردا هەیە كەدامێنی پاكەو خۆ بەدەستی دەستدرێژیكار نادات.
وتیشی: شلێر بەخۆ خستنەخوارەوە رەسەنایەتی ژنی كوردی لەپاكیزەیدا نمایش كردووە.
لێدوانی بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئەو رووداوە كاردانەوەی ژنان و چالاكوانانی كوردی لێكەوتەوەو لەبەیاننامەیەكدا ئەو لێدوانانە وەك هاندانی ژنان بۆ خۆكوشتن لەقەڵەمدراو راگەیەنرا سیستمی دەسەڵات لەئێران هاوكارە بۆ بەرزبوونەوەی تووندوتیژیی بەرامبەر ژنان.
چیرۆكی مەرگی شلێر
شلێر رەسوڵی، كەدایكی دوو منداڵ بوو، لەلایەن پیاوێكی دراوسێیانەوە بەبیانوی هاوكاریی هاوژینە دوو گیانەكەی، داوای لێكردووە بچێت بۆ ماڵی ئەو پیاوە، دواتر كە شلێر زانیویەتی خێزانی ئەو پیاوە لەماڵەوە نییەو دەركەوتووە ئامانجی پیاوەكە بەپێی پێشینەی رابردووی، دەستدرێژیكردنە، خۆی لەنهۆمی دووەمی ئەو خانووە هەڵداوەتەخوارەوە.
لەڕاپۆرتی پزیشكیدا دەركەوتووە شلێر رەسوڵی كەهەوڵی خۆدەبازكردنی داوە بەسەر كەوتووەتە خوارەوەو هەر ئەوەش وایكردووە دەستبەجێ بێهۆش ببێت و لەماوەی شەش رۆژدا بەهۆش خۆی نەهاتووەتەوەو داواجار گیانی لەدەستدا.
ئەگەرچی هەندێك كەس دەڵێن هەنگاوەكەی شلێر هاوشێوەی خۆكوژییە بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەو تەنها هەوڵی خۆدەربازكردنی داوەو ئەوەش بووەتە هۆی گیانلەدەستانی.
ئامارەكانی مەرگی ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان
لەئامارەكانی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی كوردستان دەركەوتووە لەئازاری ساڵی رابردوودا تائازاری ئەمساڵ 94 ژن لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوەو 41 ژنیش كوژراون.
هۆكاری زۆربەی خۆكوژییەكان و كوژرانی ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتووندوتیژیی بەرامبەر ژنان لەقەڵەمدراوە.
بەپێی راپۆرت و ئامارەكان؛ تووندوتیژیی بەرامبەر ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەراورد بەساڵانی رابردوو 36% زیادیكردووەو زۆرجار بۆ پەردەپۆشكردنی ئامارەكان هەوڵدەدرێت دۆسیەی ئەو ژنانەی رووبەڕووی تووندوتیژیی دەبنەوە تەنها وەك دۆسیەیەكی خێزانیی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.