نزیكەی سێ ملیۆن زیارەتكاری ئێرانی روو لەباشوری عێراق دەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەهۆی زۆری زیارەتكاری ئێرانییەوە نرخی گەشتەكانی نێوان ئێران و عێراق بەرزدەبێتەوەو داوادەكرێت بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لەسنورەكان روونەدات ئەو زیارەتكارانە پێشوەخت بگەڕێنەوە.
لەماوەی 15 رۆژدا نزیكەی سێ ملیۆن زیارەتكاری ئێران روویان لەباشوری عێراق كردووە بەمەبەستی بەشداریی لەڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن، لەو ماوەیەشدا زیاتر لە 10 هەزار زیارەتكار تەندروستییان تێكچووە.
جگە لەوەی ئەمساڵ زۆرترین زیارەتكاری ئێرانی رووبەڕووی كێشەی تەندروستی بووەتەوەو ژمارەیەكیشیان زۆرترین پارەیان  بۆ كڕینی تكتی گەشت بۆ كەربەلا خەرجكردووە كە لەهەندێك حاڵەتدا هەر گەشتێكی ئاسمانیی تاران بۆ كەربەلا نزیكەی دوو هەزار دۆلاری تێچووە.
بەهۆی گڕگرتنی پاسێكی زیارەتكاران 12 كەس گیانیان لەدەستداو 30 كەسیش برینداربوون و پۆلیسی بابلیش دەڵێت: لەو رووداوەدا 11 زیارەتكاری ئێرانی گیانیان لەدەستداوە.
پاسێكی زیارەتكاران لەپارێزگای بابل بەهۆی پێكدادان لەگەڵ تەنكەرێكی سووتەمەنی ئاگری گرت و رووداوەكەش  32 قوربانیی لێكەوتەوە.
بەرپرسانی فریاگوزاریی ئێران رایانگەیاندووە بەهۆی سوتاوییەوە ناسنامەی كەسەكان دیار نییەو تەنها یەك زیارەتكاری ئێرانی لەڕووداوەكەدا گیانی لەدەستداوەو هەر لەو رۆژەدا بەهۆی وەرگەڕانی پاسێكی زیارەتكارانی ئێران لەحلە چوار كەس گیانیان لەدەستداو 10 كەسیش برینداربوون.
بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 23 هاووڵاتی ئێران كە بەمەبەستی بەشداریی لەڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی لەكەربەلا روویان لەعێراق كردووە بەنەخۆشی و رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.
لەماوەی رابردوودا زیاتر لەدوو ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتی و دانیشتوی ئێران روویان عێراق كردووە بەمەبەستی بەشداریی لەڕێوڕسمی چلەی ئیمام حسێندا.
نرخی گەشتی تاران بۆ پاریس هەرزانترە تا كەربەلا
نرخی گەشتی ئاسمانی ئێران بۆ نەجەف و كەربەلا بەهۆی زۆریی گەشتیارانەوە چوار بۆ هەشت هێندە بەرزبووەوەو ئەوەش وایكردووە گەشتی پاریس بۆ تاران هەرزانتر بێت لەگەشتی تاران بۆ كەربەلاو نەجەف.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە نرخی هەر تكتێكی فڕۆكە بەمەبەستی گەشت بۆ كەربەلا و نەجەف لەعێراق، لەشەش ملیۆن تمەنەوە بۆ زیاتر لە 51 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە كەدەكاتە هەزارو 800 دۆلار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەمیدیاكانی ئێران بڵاوبووەتەوە رۆژی شەممەی رابردوو (3/9/2022)  نرخی هەر گەشتێكی ئاسمانیی مەشەهد بۆ نەجەف كەپێشتر 200 دۆلار بووە گەیشتووەتە  900 تا هەزارو 800 دۆلار لەكاتێكدا نرخی هەر گەشتێكی ئاسمانی لەشاری پاریسی فەڕەنساوە بۆ تاران 607 دۆلارە.
بەرپرسانی ئێران پێشتر هۆشدارییان دابوو كەنابێت نرخی گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەیان بۆ  كەربەلاو نەجەف لە 200 دۆلار زیاتر بەرزببێتەوە، بەڵام لێشاوی گەشتیاران و زیارەتكارانی ئێران بۆ ئەو دوو شارەی عێراق نرخی گەشتەكانی بەرزكردووەتەوە.
بەرپرسانی ئێران داوای گەڕانەوە لەزیارەتكاران دەكەن
بەهۆی قەرەباڵغی و زۆری ژمارەی زیارەتكاران، وەزیری ناوخۆیی ئێران داوای لەزیارەتكاران كردووە پێش بەڕێوەچوونی چلەی ئیمام حسێن لەكەربەلا، بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان بۆ ئەوەی رووبەڕووی كێشە نەبنەوە.
هاوكات پۆلیسی فڕۆكەخانەكانی ئێران رایگەیاندووە ئامادەكاریی دەكرێت بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 60 هەزار زیارەتكار لەڕێگەی گەشتی ئاسمانییەوە.
بەرپرسانی فڕۆكەخانەكانی ئێران رایانگەیاندووە نزیکەی 50 هەزار زیارەتكار لەڕێگەی 11 فڕۆكەخانەوە رەوانەی كەربەلا كران و سەرجەمیان گەڕاونەتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار