دهۆك؛ جیاوازی لەپێدانی كارەبای گەڕەكەكان دەكرێت
وەزارەتی كارەبا: بڕیارنەدراوە هەموو هاوبەشان بكرێن بەكارت
2 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
نزیكەی مانگێكە كارەبای دوكانەكانی ناو بازاڕی دهۆك و شوقەكانی ئەڤرۆستی كراوە بەسیستەمی كارت و 24 كاتژمێر كارەبایان هەیە، خاوەن موەلیدەكان دەڵێن بەهۆی ئەو سیستەمە تازەیە كارەبای گەڕەكەكانی تر كەمبووەتەوە، وتەبێژی وەزارەتی كارەباش دەڵێت: هێشتا بڕیارنەدراوە سیستەمی كارەبای سەرجەم هاوبەشان بكەین بەكارت و لەقۆناغی لێكۆڵینەوەداین.
بێوار محەمەد، دانیشتووی گەڕەكی حەوشكێ-ی سەر بەقەزای سێمێل بەهاوڵاتی وت:» پێش ئەوەی كارەبای نیشتیمانی لەشوقەكانی ئەڤرۆسیتی و دوكانەكانی ناوبازاڕ بكرێتە سیستەمی كارت رۆژانە 17 تاوەكو 18 كاتژمێر كارەبامان هەبوو بەڵام ئێستا 15 بۆ 16 كاتژمێر كارەبامان هەیە، بەلایەنی كەمی دوو كاتژمێر كارەبامان كەمبووەتەوە».
نزیكەی مانگێكە كارەبای شوقەكانی ئەڤرۆسیتی لەسنوری قەزای سێمێل و هەروەها دوكانەكانی ناوبازاڕ كراوەتە سیستەمی كارت، 24 كاتژمێر كارەبایان هەیە.
خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل رەتیكردەوە كە كارەبای قەزای سێمێل كەمكرابێتەوەو دەڵێت: «راستە ماوەیەكە كارەبای شوقەكانی ئەڤرۆسیتی كراوەتە كارت، بەڵام حكومەت لەپێدانی كارەبای نیشتیمانی جیاوازی لەنێوان قەزایەك یان پارێزگایەكدا ناكات، ئەوان بەپێی ئەو خشتەیەی كەهەیانە كارەبا دەدەن بەهاونیشتیمانیان».
هەكار هروروی نوێنەری خاوەن موەلیدەكانی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:» 500 مێگاوات كارەبای نیشتیمانی بەدهۆك دەدرێت، لەم بڕە 40 مێگاوات دەدرێتە شوقەكانی ئەڤرۆستی، هەروەها 20 مێگاوات دەدرێتە دوكانەكانی ناو بازاڕ، كارەبای ئەم دوو شوێنە كراوە بەكارت و 24 كاتژمێر كارەبایان هەیە، ئەمەش وایكردووە كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ قەزاو شوێنەكانی تر كەمبێتەوە، بەلایەنی كەمی كاتژمێرێك لەكارەبای نیشتیمانی بۆ هاووشتیان كەمبووەتەوە».
« دوو هەزارو 300 موەلیدە لەسنوری پارێزگای دهۆك هەن، لەجیاتی ئەوەی حكومەت هاوكاریمان بكات باجی 100%ی لەسەر زیادكردووین، پێشتر گازوایلمان لەپاڵاوگەكانی كواشێ لەسنوری قەزای سێمێل دەهێناو دوای داخستنی پاڵاوگەكان گازوایلمان دەستناكەوێت، دەبێت لەهەولێرو شوێنەكانی تر بیكڕین و نرخەكەشی بووەتە هەزارو 200 دینار بۆ هەر لیترێك»، هەكار هروری وای وت.
كۆی گشتی هاوبەشانی كارەبا لەدوكانەكانی ناو بازاڕو شوقەكانی ئەڤرۆسیتی هەشت هەزار هاوبەشن، ناوەندی دهۆك و قەزاكانی 327 هەزار هاوبەشی كارەبای هەیە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بەهاوڵاتی راگەیاند: « دوایین داتا كە لەپارێزگای دهۆكمان وەرگرتووە لەهەفتەی رابوردوو 18 بۆ 19 كاتژمێر كارەبایان هەبووە، لەشوقەكانی ئەڤرۆسیتی و ناوبازاڕ كارەبامان كردووە بەكارت، بەهیچ شێوەیەك ئەو سیستەمە تازەیە كاریگەری لەسەر كارەبای ناوچەكانی تر نەكردووە، ئێمە هیچ پەیوەندیمان بەموەلیدەی ئەهلی نیە چی دەڵێن یان داتا بڵاودەكەنەوەـ ئەوە بۆ خۆیان قسە دەكەن».
وتیشی:»هێشتا هیچ بڕیارێك دەرنەچووە كەسیستەمی كارەبا بكەین بەكارت، بەڵكو لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە دەكەین و دواجار بڕیاری كۆتایی رادەگەیەنین».