دەستگیركراوانی بادینان تاماوەی زیندانییان تەواو نەكەن ئازاد ناكرێن

داوای گواستنەوەیان لەچاكسازی هەولێرەوە بۆ سلێمانی رادەگیرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

بڕیارە بەشێك لەدەستگیركراوانی بادینان تامانگی 12ی ئەمساڵ ئازاد بكرێن و بەشێكی دیكەشیان دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، تاماوەی زیندانیەكەشیان تەواونەكەن دەسەڵات رێگەنادات ئازادكردنی بەمەرج بیانگرێتەوە، داوای گواستنەوەی گیراوانیش لەچاكسازی گەورانی هەولێرەوە بۆ سلێمانی راگیراوە.

بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بەهاوڵاتی وت:» لە 10 هەتا 15-12-2022 بەشێك لەگیراوانی بادینان ئازاددەكرێن، ئەوانیش «كۆڤان تاریق لە 10-12-2022 ئازاد دەكرێت، نێچیرڤان بەدیع لە 13-12-2022، ئەمجەد یوسف مستەفا لە 11-12-2022 ئازاد دەكرێت، یوسف شەریف لە 11-12-2022 ئازاد دەكرێت».

وتیشی: «مەحمود ناجی لە 9-12-2022 ئازاد دەكرێت، ژمارەیەكیشیان لەساڵی داهاتوو ئازاد دەكرێن ئەوانیش هاریوان عیسا 16-3-2023 ئازاد دەكرێت، ئەیاز كەرەمیش هەر لەو بەروارە ئازاد دەكرێت، هاوكات هەریەك لە شڤان سەعیدو گوهدار زێباری لەهەمان بەروار ئازاد دەكرێن، بەڵام شێروان شێروانی لە 16-6-2023 ئازاد دەكرێت».

سەرۆكی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان ئاماژە بەوەدەكات «تائێستا 13 سزادراوی بادینان لەزیندانەكانن، 10یان لەچاكسازی گەورانن، یەكێكیان لەئاسایشی گشتییە كەئەویش بڵند ئامێدییە كە سەرتاشەو تەنها لەبەر وتنی گۆرانییەك بۆ زیندانیانی بادینان دەستگیركراوەو دووانیشیان لەزیندانی زركانن لەدهۆك».

بەوتەی سەرۆكی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان، داوای گواستنەوەی گیراوانی بادینانیان لەچاكسازی گەورانی هەولێرەوە بۆ سلێمانی راگرتووە، هۆكارەكەشی  بەوتەی بەشدار حەسەن «داوای تەممیزمان كردووەو ئەگەر لەدادگای تەممیزیش بێهیوا بووین ئەوكات دیسان داوای گواستنەوەیان بۆ سلێمانی دەكەین».

وەك بەشدار حەسەن دەڵێت:»هۆكاری ئازادنەكردنی بەمەرجی گیراوانی بادینان ئەوەیە بەیاسای تیرۆر دەستگیركراون و ئەو مافەیان پێ رەوا نابینرێت كە بەمەرج ئازاد بكرێن».

هاوكات مونا یاقو سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەم ماوەیەی دواییدا چەند كێشەیەك روویدا بۆ هەندێكیان بەتایبەت گیراوانی شیلادزێ كەداواكەیان بۆ ئازادكردنی بەمەرج رەتكرایەوە، ئیتر داوایانكرد بچنە سلێمانی بەڵام ئەو داواكارییەیان راگیراوە، ئێستا هیچ گیراوێكی بادینان لەزیندانی تاكەكەسی نەماوەتەوە، چونكە دوو كەس بوون گوهدارو شێروان بەڵام بەئێمەیان وت كەئەوانیش لەزیندانی تاكەكەسی نەماون».

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت:»ئێمە سەبارەت بەئازادنەكردنیان داوای وەڵامی فەرمیمان لەداواكاری گشتی كرد، ئەوان وتیان بەهۆی ئەوەیە ساڵی 2018 بڕیارێك دەرچووە كە ئەو كەسانەی بەپێی ئەو ماددەیە گیرابن (ماددەی سێی تیرۆر) نابێت ئازادكرنی بەمەرج بیانگرێتەوەو دەبێت سزای خۆیان تەواو بكەن، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەكەیان پێویستە ئازاد بكرێن».

كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی بەهاوڵاتی وت:»ئەوانەی شیلادزێ كە مانگی 12 ماوەی بەندیان كۆتایی پێدێت، بەڵام لەسەر كارتەكەیان نووسرابوو مانگی یەك لەگەڵ پارێزەرەكانیان هەڵەكەمان چاككردەوە، ئەو 32 رۆژەی زیادكرابوو لابرا«.

وتیشی:» لەبادینان تائێستاش ژمارەیەكی زۆر دەستگیركراو لەزیندانەكانن و دادگایی نەكراون، ژمارەیەكیش بەبێ ئەوەی شوێنیان بزانرێت لەزیندانن».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار