كەڤین.. ئەستێرەیەكی رژاو بەخێرایی ئاوابوو
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كەڤین لەكوردستان لەدایكبووەو لەهۆڵەندا گەورە بووە، دایك و باوكی لەجینۆسایدی عێراق و شەڕی ناوخۆ هەڵاتن، كاتێك كەڤین تەمەنی سێ ساڵ بوو، ئەو ژیانی خۆی بۆ ئاشتی و دادپەروەری تەرخان كرد، لەڕێكخراوەكانی پشتیوانی مافی مرۆڤ و ئاوارەكان كاریكردووە و لەزانكۆی لایدن لەلاهای خوێندوویەتی.
كەڤین بەگیخانی لەنۆی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 لەشاری كۆیە لەهەرێمی كوردستان لەدایكبووە.
بەوتەی نەزەند بەگیخانی پوری كەڤین، خێزانەكەیان بۆ رزگاربوون لەشەڕی ناوخۆو شەڕەكانی دیكە كەبەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتبوو، لەساڵی 1997 روویان كردووەتە هەندەران.
وەك نەزەند بەگیخانی دەڵێت لەتەمەنی سێ ساڵ و نیوەوە كەڤین لەگەڵ دایك و باوك و نەنكە رێحانی لەهۆڵەندا نیشتەجێبووە.
بەوتەی نەزەند بەگیخانی، دوای تێپەڕاندنی تەمەنی هەرزەكاری كەڤین بووە بەمرۆڤێكی كامڵ و تێگەیشتوو كەچالاكی و كارەكانی هەرزوو تەمەنی خۆی تێپەڕاندووە، ئەو جگە لەخوێندنەكەی لەیەكێك لەزانكۆ بەناوبانگەكانی هۆڵەندا كەزانكۆی لایدنە، چالاكوانێكی مافەكانی مرۆڤ و پەنابەران و بەتایبەتیش پەنابەرانی كورد بووە.
«دژی كوشتن بەبیانووی شەرەف و تووندوتیژی جێندەری بوو، دژی سیستەمی سەرمایەداری بوو، بۆ یەكسانی و ئازادی بەرەنگاری هەموو جۆرە چەوساندنەوەو تووندوتیژییەك دژ بەمرۆڤ كەمپینی دەكرد، بەتایبەت بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال و ئێزدیەكان، تەنانەت دژی سیاسەتی ئەنتی سێمیتیزم (واتە سیاسەتی دژە جولەكە)ی راستڕەوەكانیش بوو». نەزەند بەگیخانی وادەڵێت.
كەنداڵ نەزان، سەرۆكی ئەنستیوتی كوردیی پاریس لەیادی كەڤین-دا نووسیویەتی: «كەڤین كەسێكی ئایدیالیست و نیشتمانپەروەر بوو، خەونی بەیەكێتی كوردەوە دەبینی بەجۆرێ كە بۆ دواجار لەسەر ئاستی جیهان كێشەی كورد پێش بخات».
دەڵێت: «ماوەیەك دواتر كە لەلاهای لەكاتی كۆڕێكی نێودەوڵەتی بینیمەوە، پێدەچوو لەگەڵ هاوڕێیەكی كچی كەكوردی توركیا بوو بەختەوەر بێ و پڕۆژەیان بۆ ئاییندە هەبێت، ئەو لەلایەن رێكخراوی ناحكومی ئەمریكایی ‹دادوەری بۆ كورد› وەك «باڵیۆزی لاوی كورد» دەستنیشانكرابوو، ئامانجی ئەم رێكخراوە بەرگری و دابینكردنی دادپەروەری بوو بۆ كوردو بنكەكەیان لەنیۆیۆركە».
كەڤین لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لەتەمەنی ٢٧ ساڵیدا لەهۆڵەندا كۆچی دوایی كرد.
دوای مەرگی كەڤین، سیمۆن مینكس داواكاری گشتی لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، كەیەكێك بوو لەوانەی ڤان ئانرات گەورە بازرگانی هۆڵەندی لەسەر فرۆشتنی چەكی كیمیایی بەسەدام حسێن بردە بەردەم دادگا، دەستپێشخەری كرد لەدامەزراندنی رێكخراوێك بەناوی فۆنداسیۆنی دادوەری كەڤین، دوای پێشنیازكردنی بیرۆكەی فۆنداسیۆنەكە لەگەڵ خانەوادەكەی كەڤین دەستیانكرد بەڕێوشوێنەكانی دامەزراندنی لەهۆڵەندا.
ئامانجەكانی ئەم فۆنداسیۆنە بریتییە لەدرێژەدان بەو رێبازەی كەڤین بڕوای پێی هەبوو بۆ دادوەری و ئاشتی بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو زانكۆیەی كەڤین بەگیخانی لێبوو (زانكۆی لایدنی هۆڵەندا) زیاتر لە 16 جار پرۆفیسۆرو قوتابییەكانی بەكارەكانیان خەڵاتی نۆبڵیان لەبواری جیاجیادا بردووەتەوە.
جیل هەیگ پرۆفیسۆرێكی بەریتانیە كە كەڤینی ناسیوە، لەبارەی كەڤینەوە دەڵێت: ئەستێرەیەكی رژاوبوو هات و هەموومانی رۆشنكردەوە، بەڵام بەخێرایی ئاوابوو.
هەروەها پرۆفیسۆر لۆرێنس فایجسیش كە كەڤینی لەنزیكەوە ناسیوە دەڵێت: «كەسێكی رۆمانسی بوو، شیعرناس بوو، فۆتۆگرافی و هونەردۆست بوو، ناخی جوان بوو».