حكـومەتی هەرێم بودجە بۆ نەخۆشــخانەی بـــەركەوتووانی كیمیایی هەڵەبجە خەرج ناكات
2 ساڵ لەمەوپێش
ئیمان زەندی
حكومەتی هەرێم ساڵی رابردوو بودجەی بۆ نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمایی هەڵەبجە، تەرخاننەكردووەو لە كۆمپانیاكان قەرزی كردووە، دەستی حزب چووەتە ناو لیستی بەركەوتوانی چەكی كیمیایشەوەو كۆمەڵێك كەس شایستەنین و كراون بەبەركەوتەوو.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت: حكومەت تێنەگەشتنی لەسروشتی نەخۆشی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی هەیە، سێ ساڵە چاوەڕوانی لیژنەیەكین لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە، هێشتا نەگەیشتووە.
وتیشی: كۆمپانیای جێبەجێكار هەتاوەكو ئێستا بەتەواوی نەخۆشخانەكەی رادەستی حكومەت نەكردووە، لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكار دەڵێت: پێنج ملیۆن دۆلارم زیانم لێكەوتووە ئیتر بۆ دەڵێن رادەستنەكراوە.
كەمال جەلال تەمەن ٥٢ ساڵ قوربانیەكی بەركەوتەی چەكی كیمیایی هەڵەبجەیەو دەناڵێنێت بەدەست ئازاری سنگ و چاویەوە كە سنگی بەڕێژەی لەسەدا ٣٦٪ كاردەكات و سێجار چاوی زەرعی قەرەنی بۆ كردووە.
ئەو ٣٣ ساڵە كاریگەری چەكی كیمیایی لەسەر دەركەوتووە لەگەڵ دوو خوشكی دیكەی، ئەو موچەكەی ٤٠٠ هەزار دینارە بەڵام حكومەت لەژێر ناوی چاكسازیدا بڕیاریداوە ئەوەش ببڕێت.
كەمال جەلال كەدانیشتوی شاری هەڵەبجەیە بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو دەڵێت: «دایكم بەركەوتەبوو شەهیدبوو، پێش شەڕی داعش ساڵی دوو بۆ سێجار دەیانناردین ئەوەی پێویستبوو بۆیان دەكردین، ماوەی چەند ساڵێكە ئەو پڕۆسەیە وەستاوە، نازانین هۆكار چیە، ناشكرێت چاوەڕوانی حكومەت بین چونكە چاوم لەدەستدەدەم، سێ ئامێری هەناسەدانم هەیە كە شانزدە كاتژمێر دەبێت بەكاریبهێنم، یەك ئامێریان بەمۆلیدە كاردەكات ئەویش دەبێت ئەمپێری زۆربێت حكومەت دوو ئەمپێری پێداوین، بەڵام ئەوەی گرنگە ئیشی پێناكات، لە٢٠٠٦ موچەمان لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم بوو كارەكانمان ئاسانبوو، بەڵام شەش ساڵە ئەوە نەماوە لەسەر گیرفانی خۆم دەڕۆم، بۆ دوو نەشتەرگەری ٤٠ وەرەقەی تێچووەو مانگانە سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەری كیمیایی دەكەین و دەرمان وەردەگرین، بەڵام نەشتەرگەریەكانمان لەدەرەوەی وڵاتە».
عیماد فەیرۆز هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتوانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: «نەخۆشخانەی بریندارانی چەكی كیمیایی لە ١٦/٣/٢٠٠٨ بەردی بناغەی دانراو بڕیاربوو لەماوەی ساڵێك و سێ مانگ تەواوبكرێت، بەڵام دوای 10 ساڵ تەواوكراو لەساڵی 2019 كرایەوە، بودجەی پرۆژەكە 12 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار بوو، كۆمەڵێك كەموكورتی تێدابوو و كۆمپانیای جێبەجێكار هەندێكی چاككردەوە، بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان كۆمپانیاو حكومەتدایە بڕی سێ ملیۆن دۆلاریان لەلای حكومەتەو كۆمپانیاش هیچ كارێك لەو نەخۆشخانەیە ناكات».
ئاماژەی بەوەشكرد: «بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئەو بودجەیەی نەخۆشخانەكە هەیەتی هیچ پارەیەكی بۆ خەرجنەكراوە كەبڕەكەی ٤٨٠ ملیۆن دینارە، ئەو بودجەیەشمان لەكۆمپانیاكان قەرزكردووەو هێشتا قەرزەكانمان نەداوەتەوە، ئەو بەركەوتانەش كەكراون بەبەركەوتە لەتەندروستیدا نەبووە لەوەزارەتی شەهیدان كراون، ئەویش راپۆرتێكی پزیشکیان لەئێرانەوە هێناوەتەوەو كراون بەبەركەوتەی چەكی كیمیایی، كۆمپانیای جێبەجێكاری نەخۆشخانەكە بەتەواوی نەخۆشخانەكەی تەواونەكردووەو هێشتا كاری ماوەو لەئێستادا سەرقاڵی چاككردن (صیانە)ن ئیستلامی سەرەتایی بۆ كراوەو لەوەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، بەڵام لەئێستادا سەرجەم كارەكانی پەكخستوەو كارناكات، لەنەخۆشخانەكەشمان پزیشكی هەناوی و چاوو پێست لەگەڵ دەروونی دادەنیشن و لەڕۆژێكدا نزیكەی ٥٠ بۆ ٦٠ نەخۆش دەبینن.
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بەوردی باس لەگرفتەكانی بەركەوتوان و نەخۆشخانەی بەركەوتوان بۆ هاوڵاتی دەكات و دەڵێت: «بەركەوتوان نەخۆشیەكەیان درێژخایەنە، حكومەتیش تێنەگەشتنیان لەسروشتی نەخۆشیەكە هەیەو وەكو نەخۆشی ئاسایی لێی دەڕوانن و یەكجار چارەسەر دەنێرن بەڵام لەڕاستیدا بەركەوتوان پێویستیان بەچاودێری چڕی بەردەوامە، هەروەها ناردنە دەرەوەیان لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و چەند رێكخراوێك نەبووەتە چارەسەری تەواو بەبەركەوتوان»، ساڵی ٢٠١٩ نەخۆشخانەكەمان لەكۆمپانیای جێبەجێكار وەرنەگرتبوو بەئێستاشەوە چونكە كەمتەرخەمن لەهاتنەپێشەوەو رادەستكردنی ئەو نەخۆشخانەیە كە لەساڵی ٢٠١٠وە دروستكراوە كەدەبوو رادەستی حكومەت بكرێت و تاساڵی ٢٠١٩ هەر رادەستیان نەكرد، بەهاوكاری حكومەتی ئەڵمانیاو فەڕەنساو كۆماری ئیسلامی ئێران توانیمان بیگەیەنینە ئاستێك كەنەخۆشخانەكە فرە پسپۆڕ بكەین لەگەڵ دەرمان و ئامێری پێویستی بۆ دابین بكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد: «ساڵی ٢٠٢٢ بودجەی نەخۆشخانەكە تەرخاننەكراو هەندێك ئامێری ئەو نەخۆشخانەیە بەنایاسایی براوەتە دەرەوەو وەكو تەندروستی هەڵەبجە پەیوەندیدارنین بەگرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە، تائێستا ئەو گرێبەستەش لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە نیە نووسراومان كردووە بۆ تەندروستی سلێمانی كەپێشووتر لەسەر ئەو ئیدارەیە بووە، ئەوانیش بەنووسراوی فەرمی وەڵامیان داوینەتەوە كەئەو گرێبەستە لای ئەوانیش نیە، هەروەها ماوەی یاسایی تەواوبووە، بەدەر لەوەش چەندەها ساڵ بۆی درێژكراوەتەوە كە نایاساییە، بەداخەوە بەفەرمی نوێنەرایەتی ئەو كۆمپانیایە پێیڕاگەیاندوین كەنایەن بەدەم تەواوكردنی ئەو نەخۆشخانەیەوە».
هەریەك لەبەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجەو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەكەن دوای ئەوەی ئەو دۆسیە گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی نووسراویان ئاڕاستەكردوون كەپێداچوونەوە بەلیستی بەركەوتوان بكرێت، چونكە كۆمەڵێك كەس شایستەنین و كراون بەبەركەوتەو هەندێكی دیكەشیان شایستەن و نەكراون بەبەركەوتە، لیستی نوێی تۆماركراوەكان لەهەڵەبجە نزیكەی دوو هەزارو ٥٠٠ كەسەو مانگانە دەرمان وەردەگرن.
بەپێی ئەو ئامارە فەرمیەی رۆژنامەی هاوڵاتی دەستیكەوتووە لەبەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم ژمارەی بەركەوتوان بەچەكی كیمیایی كەموچەی شایستەیان هەیە ٨٢٢ كەسە، لەشاری سلێمانی ٣٥٧ كەسەو هەولێر ٤٥٤ كەس و دهۆكیش ١١ كەس، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەسەرەتای تۆماركردنی بەركەوتوان ٩٦٠ كەس بوون و لەو ژمارەش ١٣٨ كەسیان شەهیدبوون و هەشت هەزار كەسیش داواكاریان پێشكەشكردووە وەكو بەركەوتە.
كامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە بەرۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» نزیكەی 33 وەجبە بەركەوتوانی چەكی كیمیایی نێردراون بۆ ئێران، بەڵام بەهۆی قەیران و كۆرۆنا بەركەوتوان لەڕووی تەندروستی و مادییەوە وەكو پێویست چارەسەرنەكراون، هەتا بێت رێژەیان زیاددەكات، سێ ساڵە چاوەڕوانی لیژنەین لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە وابڕیارە ئەمساڵ لیژنەكە دەستبەكاربێت، هەتاوەكو ئێستا دۆسیەی بەركەوتوانمان نەهێناوەتەوە بۆ هەڵەبجە هەر لەسلێمانیە چونكە میلاكی پێویستمان نەبووە».
وتیشی:» موچەی بەركەوتوان لەبەڕێوەبەرایەتیمان دابەشدەكرێت، لەسیستەمی تازەدا موچەی لیستی نوێ لە ٢٥٠ هەزارەوە دەستپێدەكات بۆ ٥٠٠ هەزار لەگەڵ پێناسی تایبەتی هەتاوەكو لەهەموو بەڕێوەبەرایەتیەكی حكومی بێبەرامبەر دەرمان وەربگرن و بنێردرێنە دەرەوە».
هاوكات د.ئازاد مستەفا دەڵێت: «پڕۆژەیەكی تایبەتمان پێشكەش بەوەزارەتی تەندروستی كردووە كەبڕیارە دوو لیژنە دروستبكەن بۆ هەولێرو سلێمانی بۆ بەركەوتوان، بەڵام ئەگەر بەئامێری پێویست و پسپۆڕی كلینكی سەركەوتوو ئەو پشكنینانە نەكرێت میكانیزمی حزبایەتی و خزمایەتی جێگەی دەگرێتەوەو دەبێت دادگاكان رۆڵی تایبەتیان هەبێ هەتاوەكو كەیسەكان یەكلایی بكرێتەوە، هەروەها لەهەوڵداین راپۆرتەكانی ئێرانمان دەستبكەوێتەوە، تێكەڵبوونی لیستەكانیش وابەستەیە بەدوو ئیدارەییەوە نەك كلینكی».
وتیشی:»خۆشبەختانە ئامێری پێشكەوتووی چاو لەگەڵ زانینی كاری سییەكان كە بە(سپایرۆمێتری) ناسراوە لەتوانایدایە ٧٥٪ یەكلاییت بكاتەوە كە بەركەوتەیە، بەڵام پێویستمان بەپسپۆڕێكی كلینیكی شارەزایە، هیچ سكاڵایەكمان لەسەر ناشایستەكان نەكردووە چونكە موچەیان لەئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام سكاڵامان لەو پسپۆڕانە كردووە كە لەسەر كۆمپانیای جێبەجێكار رۆشتون بۆ فێربوون كەگەڕاونەتەوە لەنەخۆشخانەكە نەماون داوامانكردووە بگەڕێنەوە».
لەبەرامبەردا ئارام عەلی، بەڕێوەبەر لەكۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی سەبارەت بەڕادەستكردنی نەخۆشخانەكە بەرۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: «پێش ١٦/٣/٢٠١٩ ئەو نەخۆشخانەیە كراوەتەوە بەفەرمی لەلایەن قوباد تاڵەبانی و وەزیری تەندروستی پێشوو بەهەموو بەشەكان و ئامێرو پێداویستیەكانەوە رادەستمانكردووەو كاریشی تێداكراوە، بەڵام تەندروستی هەڵەبجە هیچ پسپۆڕێكی شارەزای نیە لەو بوارەو فەرمانبەرەكانیشیان ئەزموونیان نیە لەكاتێكدا چەندین دەورەو راهێنانمان پێكردوون، بەڵام هیچ تێناگەن، كۆمپانیا هیچ ئەركێكی لەسەرشان نەماوە بەڵكو چەندینجار قوربانیمان داوە بۆ بەركەوتوان نە حكومەت و نە ئیدارەی سلێمانی بەوجۆرە نەبووە تەنانەت تەندروستی هەڵەبجەش».
ئەو دەڵێت: «پێنج ملیۆن دۆلارمان زیان لێكەوتووە بەڵام ئیدارەی سلێمانی هەتاوەكو هەڵەبجە بەحزبییان كردووەو بەچاوێكی تر سەیری دەكەن نەك وەكو پڕۆژەیەكی خزمەتگوازری یاخود خانەوادەی شەهیدان و قوربانیان، هەروەها كۆمپانیاكەی ئێمە دیارەو ناسراوەو بەڵگەمان هەیە كەڕادەستمانكردووەو لەسەدا ٩٩.٩٪ كارمان لەو نەخۆشخانە تەواو بووە جگە كارە ئیدارییەكان، ئەویش خۆیان رایانگرتووە بەئەنقەست، لەساڵی ٢٠١٩ەوە لەسەر فەرمانی پارێزگاری هەڵەبجە كردوومانەتەوە بەئێمەی وت؛ كاك قوباد داوادەكات بكرێتەوە پێش ئەوەی وەزیری نوێ دابنرێت، وتم؛ كێشەم نیە بەڵام ئێوە قەرزداری منن زیاتر لەملیۆن و نیوێك دۆلار، ئەو وتی؛ تۆ وەرە بیكەرەوەو خەمت نەبێ».
ناوبراو وتیشی: «پرۆژەكە بەهاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای نۆكان بووە كەبڕیابوو بەساڵێك و نیو بۆ دوو ساڵ تەواوی بكەن، بەڵام لەبەر گرفتی ناوخۆیی خۆیان كە كاك نەوشیروانی رەحمەتی حزبەكەی جیاكردەوە وتیان؛ ئێمە ناتوانین تەواوی بكەین خۆتان تەواوی بكەن چونكە دەبێت بە بەڵگە بەسەرمانەوە، كاك عیماد ئەحمەدو د.بەرهەم ساڵح پێیان وتین؛ لەبەر كێشەی ناوخۆییمان خۆتان تەواوی بكەن وتمان؛ كێشە نیە، بەڵام نەمانزانی دەگاتە ئەو ئاستە هەتا ئێستاش ئەو كێشانە بەردەوامن، لەبەر رێزی شەهیدان و خەڵكی هەڵەبجەو حكومەت هیچ سكاڵایەكمان نەكردووەو لەبەر حكومەتیش وەڵامی فشارەكانی تەندروستی هەڵەبجە نادەینەوە چونكە دۆخی داراییان باش نیە».
عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكانی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو وتی: «بەپێی یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٠ كەیاسای چاكسازییەو چاكسازی لەموچەو دەرماڵەو ئیمتیازاتەكان لەگەڵ خانەنشینان لەهەرێمی كوردستان دەكات و لەلایەن پەرلەمانەوە دەنێردرێت بۆ حكومەت بەمەبەستی جێبەجێكردنی، بەمەش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حكومەت هەستان بەئەنجامدانی پەیڕەوێك بۆ ئەم یاساییە كە لەبڕگەو ماددەی یاساكەدا باس لەبەركەوتوانی چەكی كیمیایی كراوە، بەوهۆیەوە هەردوو وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ تەندروستی راسپێردراون بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لەسلێمانی و هەولێر، خۆشبەختانە هەردوو وەزارەت لیژنەكانیان پێكهێناوەو راسپێردراون كە لەئایندەیەكی نزیكدا دەست بەپشكنین دەكەن بەهەموو پێداویستی و ئامێرەكان كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دابینكراوە، ئەویش بەدوو قۆناغ پشكنینەكە دەكرێت یەكەم بەركەوتوانی موچەخۆر لەگەڵ لیستی نوێی داواكارییەكان، گەر شایستەبوون موچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە، ئومێدمان زۆرە كە لیستی نوێ سوودمەندبن چونكە هەموو بەشەكانی لیژنەكە دیارە تەنانەت پسپۆڕەكانیش».
ئەو دەڵێت: «لیژنەكە پشكنینی هەناسەدان و چاوو پێست لەگەڵ جەستە دەكات، گلەیەیك هەیە كەڕووبەڕووی وەزارەت و حكومەتی دەكرێتەوە گوایە خەڵكانێك ناشایستەن تائیستاش سودمەندن لەو موچەیە، ئەم دوو لیژنەیە ئەو گلەیی و گازندانە بنەبڕ دەكات».
تۆماری لیستی نوێی بەركەوتوان خەڵكی قەرەداغ، دوكان، بالیسان، هەڵەبجە، گۆپتەپە، عەسكەرو سێوسێنانە، لەهەڵەبجە ٦٤ كەس مەترسی لەدەستدانی بیناییان هەیەو دەبێت گلێنەی چاویان بۆ زەرع بكرێت، بەوهۆیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕی ٢٦٢ ملیۆن دیناری تەرخانكرد.
هەروەها نازم دەباغ، نوێنەری هەرێمی كوردستان لەتاران بۆ هاوڵاتی وتی: «سەرەتا زۆرینەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لەسەر خەرجی یەكێتی دەهاتنە تاران، بەڵام دواتر دەستی حزبی تێكەوت جۆرێك لەجیابوونەوە روویدا، بەوهۆیەوە جارێكیتر لەڕێگەی كۆمەڵەی بەركەوتوانی كیمیایی هەوڵی چارەسەری بۆ دراو لەسەر خەرجی حكومەت ناردنیان بۆ تاران بەردەوامە، ئەم بەركەوتوانە بەردەوام پێویستیان بەچارەسەرە چونكە هەندێكجار بەهۆی كێشەی بودجەوە ناردنیان دوادەكەوێت، بۆ چوونە لای پزیشك و هاتوچۆ رێنماییان دەكەین، لەئێستاشدا جارجار بەپێی پێویست بەركەوتە رەوانە دەكرێت و پارەشیان خەرج دەكرێت لەڕێگای لیژنەی تایبەتی وەزارەتی شەهیدانەوە سەرپەرشتی دەكرێت».