وانەبێژانی بەردەڕەش داوای پێدانی شایستە داراییەکانیان دەکەن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وانەبێژانی بەردەڕەش داوای پێدانی شایستە داراییەکانیان دەکەن و دەڵێن هێشتا موچەی مانگی دوانزەی ساڵی پاریان وەرنەگرتووە.
عائیشە عەزیز ئیبراهیم، وانەبێژ لەسنوری پەروەردەی بەردەڕەش بە هاوڵاتی ی وت"نزیکدەبینەوە لەمانگی شوبات تا ئێستا مووچەی مانگی12ی ساڵی2022مان ورنەگرتووە ، هەر دەڵێن ئەم حەفتەیە نا حەفتەیەکی تر دابەش دەکرێت و هیچ دیارنیە".
وتیشی،"بەڕاستی ستەمێکی گەورە لە وانەبێژان دەکرێت ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا دۆخی هەرێم لەرووی دارایییەوە باشە، بۆ ئێمەش جێگای پرسیارە کە بۆچی ئەوەندە مووچەکەمان دوا ئەکەوێت".
هەروەها عەلی رەئوف، نوێنەری وانەبێژان لەهەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی ی وت" لەکۆی 38 پەروەردە لەهەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی،دهۆک تەنها پەروەردەی رۆژهەڵات ورۆژئاوا لەسەنتەری دهۆک لەگەڵ پەروەردەی کۆیە شایستەداراییەکانی مانگی 12ی وەرگرتووە ئەوانەی تر هەموویان ماون."
ڕاشیگەیاند،" بەرپرسانی بانک بە ئێمەیان ووتووە پارە نیە لەبانکەکان بۆیە شایستە داراییەکانی وانەبێژان دواکەوتووە".
جێگەیباسە لە هەرێمی کوردستان ژمارەی وانەبێژان 35هەزار و509وانەبێژە، هاوکات 27ی کانونی یەکەمی 2022 حکومەتی عیراق بڕیاریدا بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیارەکەش ئەو وانەبێژانە دەگرێتەوە لە خزمەتیان دوو ساڵ یان زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام کێشەی نەبوونی بودجەی پێویست ودابیننەکردنی شایستە داراییەکانیان هەیە.
