ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 135 رۆژە بەردەوامە
ئەڵمانیا دەسەڵاتی ئێران بە دیکتاتۆر ناو دەبات کە بە لێشاو نەیارانی دەکوژێت
3 ساڵ لەمەوپێش
ناڕەزایەتییەکان و کاردانەوەکان دژی دەسەڵاتی ئێران گەیشتە 135 رۆژ و پۆلیس بە ئاو و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە قوربانییانی ناڕازیی بومەلەرزەکەی شاری (خۆی) کرد و راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند دۆخی ئێستای ئێران هاوشێوەی سەردەمی دیکتاتۆریی ئەرجەنتین-ە کە 30 هەزار کوژراوی لێکەوتەوە.
ناڕەزایەتیی دژی سێدارە
ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو زیندانیانەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە لە شاری تاران و لە بەردەم دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی گردبونەوە و داوایان کرد جێبەجێکردنی سزای سێدارەکان راگیرێت.
دەستگیرکردن لە رۆژهەڵات
دەستگیرکردنی چالاکوانان و گەنجان و لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆش لە سنە چالاکوانێکی کرێکاران و ژنە چالاکوانێکی سەر بە رێکخراوی نۆژین دەستگیرکران.
دەرمانخانەیەک بەهۆی سەرپۆشەوە دخرا
میدیاکانی دەسەڵات لە ئێران بڵاویان کردەوە بە بریاری داواکاری گشتیی دەرمانخانەیەکی شاری ئامۆل لە پارێزگای مازندەران لە باکوری وڵاتەکە داخراوە بە بیانوی نەبونی سەرپۆشی پزیشکی خاوەنی ئەو دەرمانخانەیە.
لە تۆمارێکی ڤیدیۆی کە لە هۆکاری داخستنی ئەو دەرمانخانەیە بڵاو کراوەتەوە ئەندامێکی سوپای پاسداران داوا لە خانمە پزیشکێک دەکات کە سەرپۆش بەکاربهێنێت و لە بەرامبەردا ئەو خانمە داوا دەکات ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران بچێتە دەرەوەی دەرمانخانەکە بەڵام ئەو کەسە دەڵێت من پێویستم بە دەرزی ئەنسولین هەیە و جارێکی دیکە ئەو خانمە پزیشکە داوای لێدەکات لە دەرمانخانەکە بچێتە دەرەوە.
ناڕەزایەتیی قوربانیانی بومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی گرتەوە
ئەمڕۆ لە شاری خۆی بەهۆی کەموکوڕییەکانی گەیاندنی خزمەتگوزاری و دابینکردنی پێدوایستیی بۆ قوربانییانی بومەلەرزەکە ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و پۆلیس بە زەبری ئاو و غازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە خەڵکی ئەو ناوچەیەی رۆژهەلاتی کوردستان کرد.
ناڕەزایەتیی سینەماکارانی ناودار
مەسعود کیمیایی، دەرهێنەری ناوداری سینەما لە ئێران بە بڕیاری دادگا گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە کرا.
ماڵی سینەمای ئیران بڵاوی کردوەتەوە ئەو دەرهێنەرە لەسەر داوای هێزە ئەمنییەکان لە لایەن دادگاوە گەشتی لێ قەدەغە کراوە.
لە لایەکی دیکەوە عەلی نەسیریان، ئەکتەری ناوداری ئێران داوای لە دەسەڵات کرد بە هیچ شێویەک ناوی ئەو بەکارنەهێنن و بەشداریی لە هیچ فێستیڤال و رێوڕەسمێکی سەر بەدەسەڵاتدا ناکات.
خۆپیشاندان و کاردانەوەکانی دەرەوە دژی ئێران
لە شارەکانی مۆنتریال لە وڵاتی کەنەدا و لە کۆپنهاگن لە دانیمارک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی چالاکوانانی کورد و ئێران دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچو.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە گەشتەکەی بۆ وڵاتی ئەرجەنتین لە رێوڕەسمی قوربانییانی سەردەمی دیکتاتۆری لەو وڵاتە رایگەیاند؛ دۆخی ئێستای ئێران هاوشێوەی ساڵانی 1976 تا 1983ی ئەرجەنینە چونکە بە توندترین شێوە خەڵکی ئێران لە لایەن دەسەڵاتەوە سەرکوت دەکرێن.
بە پێی ئامارەکان لە سەردەمی دیکتاتۆریی ئەرجەنتین لەو ساڵانەدا لانیکەم 30 هەزار کەس کوژراون.
ئەو دادوەرەی ئێران کە زیاتری سزای سێدارەی دژی کورد دەسەپێنێت خەڵات کرا
لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بەخشرایە ئەبولقاسم سەڵەواتی، دادوەری بەرپرسی دۆسیەی سزای سێدارەی زۆبەی چالاکوانی سیاسی کورد و ئێران بوە
