هاوسەرۆکی هەدەپە: قۆناخێکی هەستیارمان لە بەردەمدایە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، ئامانجیان لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە کە رێگە لە فراوانبوونی رژێمی تاکڕەو بگرن و دەسەڵات شکست بهێنێت.
سانجار لە ١٢مین لیژنەی گشتی کۆگرەی دیموکراتیکی گەلاندا لە ئەستەنبوڵ قسەی کرد و ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کرد کە بە تەنیا چەند مانگێکی ماوە. سانجار وتی، " قۆناخێکی زۆر هەستیارمان لە بەردەمدایە.
هەڵبژاردنەکان، هاوکاتە لەگەڵ ١٠٠مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا. واتە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە. بەرەی دەسەڵات، بۆ ئەوەی رژێمە تاکڕەوەکەی فراوان بکات، هەموو جۆرە رێگەیەک تاقی دەکاتەوە. بۆیە ئامانجیان لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە کە رێگە لە فراوانبوونی رژێمی تاکڕەو بگرن."
هاوسەرۆکی هەدەپە دەشڵێت، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکەیان، مەشخەڵێکی رۆناکە کە دوارۆژی تورکیا رۆناک دەکاتەوە. بۆیەش پلانیان هەیە، هاوپەیمانێتیەکە فراوانتر بکەن. هەموو ئەرکەکان جێبەجێ دەکەن و شکست بە دەسەڵات دەهێنن.
میدحاد سانجار باسی لە بڕینی بودجەی پارتەکەی لە گەنجینەی دەوڵەت، لەلایەن دادگای دەستووری تورکیاوە کرد و وتی، " لایەنگرانمان گەورەترین سامانی ئێمەن. گەنجینەی ئێمە گەلەکەمانە. گەنجینەکەمان پێشەنگایەتی سەرکەوتن دەکات. ئێمە قەرزاری گەنجینەکەمانین، قەرزاری گەلەکەمانین و ئەرکی مێژووییمان ئەوەیە کە قەرزی خۆمان بە ئازادکردنی گەلەکەمان بدەینەوە."
