سوپای عێراق .. سوپایەكی پیرو پڕ گەندەڵی

بودجەی سوپا لەساڵی 2021دا نزیكەی 19 ملیار دۆلار بووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەموو ساڵێكی نوێ لەگەڵ باسكردن لەپرۆژەیاسای بوودجەی عێراق بابەتی پڕچەككردنی سوپای عێراق و تەرخانكردنی بڕە پارەیەكی یەكجار زۆر بۆ بواری بەرگری عێراق دێتە ئاراوەو رای جیاواز جیاوازی لەسەر درووستدەبێت بەتایبەت لەكاتێكدا كە هاوشانی سوپای عێراق دامودەزگای سەربازی و ئەمنی لەجۆری حەشدی شەعبی هەیە، لەسەردانەكەی چەند رۆژی رابووردوی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ فەرەنسا باس لەبابەتی پڕچەككردنی سوپا كراوە.

حسێن عەلاوی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە لەو سەردانەدا باس لەوەكراوە كەوا عێراق بەنیازی كڕینی فڕۆكەی لەجۆری (رافال)ی فەرەنسیە، ئەمەش وەك بەهێزكردنی بواری هێزی ئاسمانی سوپای عێراق و رووبەڕووبوونەی گرووپی تیرۆرستی داعش لەناوچە كراوە كشتووكاڵییەكاندا.

فەریق شەهاب جاهدی فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقیش ئاشكرایكردووە لەساڵی 2023 گرنگییەكی زیاتر بەهێزی ئاسمانی دەدرێت و فڕۆكەو چەكی نوێ بۆ هێزەكە دابیندەكرێت و بەهێزدەكرێت.

سوپای عێراق كە لەساڵی 1921 دامەزراوە، تاوەكو ئێستا پێنج جەنگی نیزامی گەورەی ئەنجامداوە كەئەوانیش جەنگی ئیسرائیل 1948، جەنگی ئۆكتۆبەر 1973، جەنگی ئێران 1980، جەنگی داگیركردنی كوەیت 1990، جەنگی ئەمریكا 2003، ئەمە جگە لەچەندین جەنگی ناوخۆیی لەدژی كوردو شیعەكان و سەركوتكردنی راپەڕینەكانی خەڵك لەساڵی 1991.

لەدوای ساڵی 2003 و داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكا، بەپێی بڕیارێكی پۆل برێمەری حاكمی مەدەنی ئەوكاتی عێراق سوپای عێراق هەڵوەشایەوەو سوپایەكی نوێ لەبری ئەوە درووستكرا كەخزمەتكردن تیایدا ئارەزوومەندانەبوو پێچەوانەی سوپای پێشوو كە بەزۆرەملێی بوو، هاوكات بەتازەترین چەكی ئەمریكی پێشكەوتوو پڕچەككراو ساڵانە بودجەیەكی زەبەلاح بۆ پڕچەككردانی تەرخانكرا، كەچی لەساڵی 2014دا بەهۆی گەندەڵی لەناو سوپادا لەبەرامبەر چەند هەزار چەكدارێكی داعشدا شكستیخواردو چەندین پارێزگای بەدەستەوەدا، دواتر بەهاوكاری هاوپەیمانان و پێشمەرگەو حەشدی شەعبی شارەكان ئازادكرانەوە.

لەساڵانی رابووردووشدا بەهۆی شەڕی تیرۆرو گەندەڵییەوە سوپای عێراق سوپایەكی لاوازبووەو چەندین هێزو میلیشیا لەدەرەوەی سوپا هەبوون و چەندین دۆسیەی گەندەڵی لەپڕچەككردنی سوپادا پەردەیان لەسەرهەڵداریەوە كە زیانەكانی بەملیارەها دۆلار لەبودجەی عێراق مەزەندە دەكرا بەتایبەت ئەو گرێبەستە سەربازییە لەگەڵ رووسیا لەسەردەمی كابینەكەی نوری مالیكی ئەنجامدراو دەركەوت چەندین ملیار دۆلار گەندەڵی تیادا كراوە.

بۆ ساڵی 2023ش، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی پڕچەككردنی سوپای عێراق لەوەزارەتی بەرگری گفتوگۆی لەسەر ئەو پرسەكرد و پانۆڕامایەكی پڕچەككردنی سوپاكەی هەر لەساڵی 2004ەوە تائێستا بۆ خرایەڕوو.

بەپێی راگەیاندراوێك كەدوای كۆبوونەوەكە بڵاوكراوەتەوە باس لەگرنگی پڕچەككردنی بواری بەرگری ئاسمانیش كراوەو هاوكات سەرۆك وەزیران رێنمایی لیژنەكەی كردووە هەماهەنگی بكەن لەگەڵ وەزارەتی داراییدا بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ پلانی پڕچەككردنەكە دابینبكرێت. وەزارەتی پیشەسازی عێراقیش بڵاویكردووەتەوە كە بەنیازی بەرهەمهێنانی ئاسنی پڕچەككردنە بۆ سوپاو هەنگاوی لەو بوارەدا ناوە.

پێشووتریش وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویكردبووەوە كە لەگەڵ ئەمریكاو فەرەنسا لەپێناوی بەهێزكردنی دامەزراوە سەربازییەكان چەندین گرێبەستی لەگەڵ ئەمریكاو فەرەنسا ئیمزاكردووە.

لیوا روكن عەبد عەرداوی فەرماندەی بەشی تۆپهاوێژ لەوەزارەتی بەرگری رایگەیاندووە وەزارەتەكە چەندین گرێبەستی بۆ پڕچەككردنی سوپا لەگەڵ ئەمریكاو فەرەنسا ئیمزاكردووە بەتایبەت لەبواری تۆپهاوێژدا كە لەم دواییەدا گرنگی و چالاكی ئەو بوارە دەركەوتووە لەجەنگی دژ بەداعشداو چەكی تۆپهاوێژی دوورمەودا بەدەستدەخەین كە دوژمن لەدوورەوە دەكاتە ئامانج.

ئەم خۆپڕچەككردنەی عێراق بەتایبەت لەدوای ساڵی 2021ەوە زیاتربووە، ئەویش پاش كشانەوەی هێزە بیانییەكان و فەرماندەیی سوپای عێراق ئەوەی ئاشكراكردووە كەدەیەوێت فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بەرگری ئاسمانی بەهێزتربكات.

لیژنەی بەرگری و ئاسایشیش لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی دەستكاری بڕگەی تەرخانكراو لەبودجە بۆ بواری ئەمنی بكات و چەكی پێشكەوتوو بۆ پاسەوانی سنور بكڕدرێت بەتایبەت فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و دووربین و كامێرای حەراری و چەكی لیزەری و دامەزراندنی سەدان كەسی نوێ لەناو هێزەكەدا تابتوانرێت باشتر سنوورەكان بپارێزرێت.

بەپێی پێگەی گڵۆباڵ فایەر پاوەری ئەمریكی لەئێستادا سوپای عێراق لەڕیزبەندی 34 ی سوپاكانی جیهاندایە، ئەمەش پاش ئەوەی ساڵی 2021 لەڕیزبەندی 57 ی  جیهانیدا بوو لەكۆی 140 دەوڵەتی جیهاندا، ئەم بازدانە هەرچەندە لەڕووی تیۆرییەوە بەدەستكەوت دەژمێردرێ، بەڵام لەواقیعدا سوپاكە بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنێت وەك ئەوەی هێزێكی دیكە لەدەرەوەی سوپا هەیە كەئەویش حەشدی شەعبییەو سوپای عێراقی لاوازكردووە، هاوكات ئەم سوپایە بەرەو پیربوون دەچێت ئەویش بەهۆی ئەوەی كە كەسانی نوێ دانامەزرێن و خزمەتی زۆرەملێی لەئارادانییە تا گەنج بێتەوە، هاوكات خەرجی سوپاكەش زۆربووە هەر بۆ نموونە لەبودجەی ساڵی 2021 زیاتر لە 18 ملیارو 700 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە كەچەندین قات زیاترە لەبودجەی تەرخانكراو بۆ بوارەكانی پەروەردەو فێركردن و گەشەپێدان و بونیاتنان.

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی عێراقیش لەئێستادا تەواوی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەوەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و ئاسایشی نیشتیمانی و هەواڵگری و حەشدی شەعبی زیاتر لە یەک ملیۆن كەسەو هەر 40 كەسێكی عێراقی كەسێكی ئەمنی بەردەكەوێت، سویای عێراقیش زیاتر لە 310 هەزار كەسەو دابەشبوون بەسەر 14 فیرقەی سەربازیدا لەتەواوی عێراقدا جگە لەهەرێمی كوردستان، خاوەنی زیاتر لە 500 تانك و زرێپۆشی رووسی و ئەمریكی و  زیاتر لە یەک هەزار مودەرەعە و چوار هەزارو 500 ئۆتۆمبیلی سەربازیشە، هەروەها خاوەنی 350 فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەرو فرۆكەی راهێنانە، لەڕووی بەرگری ئاسمانیشەوە عێراق لاوازەو تەنیا خاوەنی 13 پێگەی رادارییە، هێزی ئاویش عێراق تەنیا خاوەنی 100 بەلەمی سەربازییە كەتوانایان سنوردارەو كاری گەورەیان پێ ئەنجامنادرێت.

**لەئێستادا سوپای عێراق لەڕیزبەندی 34 ی سوپاكانی جیهاندایە، ئەمەش پاش ئەوەی ساڵی 2021 لەڕیزبەندی 57 ی  جیهانیدا بوو لەكۆی 140 دەوڵەتی جیهاندا، ئەم بازدانە هەرچەندە لەڕووی تیۆرییەوە بەدەستكەوت دەژمێردرێ، بەڵام لەواقیعدا سوپاكە بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنێت وەك ئەوەی هێزێكی دیكە لەدەرەوەی سوپا هەیە كەئەویش حەشدی شەعبییەو سوپای عێراقی لاوازكردووە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار