کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەی خۆیان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی ئەمڕۆ دەربڕی
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەدوای بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە بە شێوەیەکی سەرەکی باکوور و رۆژئاوای کوردستانی هەژاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و کەسوکاری قوربانییان دەردەبڕێت.
رۆژی دووشەممە 6ی شووباتی 2023، یانێز لێنارچیچ، کۆمیسیاری ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی قەیران لە تویتێکدا نووسی، "لەدوای بوومەلەرزەکەی ئەم بەیانییەی تورکیا، میکانیزمی پاراستنی سڤیلی یەكێتیی ئەوروپامان چالاککرد."
لێنارچیچ گوتیشی، ناوەندی هاوئاهەنگیی وەڵامدانەوەی ئیمێرجێنسیی یەکێتیی ئەوروپا هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا دەکات بۆئەوەی تیمەکانی رزگارکردن و بەهاناوەچوون بنێردرێنە تورکیا و باکووری کوردستان، دەشڵێت، تیمەکانیان لە هۆڵەندا و رۆمانیاوە "بەڕێوەن" بۆئەوەی یارمەتی پێشکێش بکەن.
هاوکات، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "دیمەنی تۆقێنەرمان لە تورکیا و سووریاوە پێدەگات لەدوای بوومەلەرزەیەک بە گوڕێکی پێشتر نەبیندراو."
گوتیشی، فەرەنسا ئامادەیە "هاوکاریی ئیمێرجێنسی" بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە بنێرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت، لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەربڕی.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش لە تویتێکدا وێڕای سەرەخۆشی و هیوای چاکبوونەوەی برینداران، رایگەیاند، "بەریتانیا ئامادەیە بۆئەوەی بە هەر جۆرێک بێت هاوکاری پێشکێش بکات."
لای خۆشیەوە، ئەحمەد ئەبو ئەلغێت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پاڵپشتی و هاوکاریی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکەن لە بەرامبەر "ئەو کارەساتە مرۆییەی رووبەڕووی بووەتەوە."
هەروەها هەردوو وڵاتان ئۆکرانیا و ڕوسیا هاوکاری خۆیان بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە ڕاگەیاند، رووسیا دەڵێت، ئامادەن دوو فڕۆکە بنێرنە تورکیا بۆئەوەی لە هەڵمەتی رزگارکردندا هاوکارییان بکەن.
هەروەها ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش لە تویتێکدا وێڕای سەرەخۆشی و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران، نووسیویەتی، "لەم کاتە سەختەدا ئێمە لەگەڵ گەلی تورکیا دەوەستین و ئامادەین هاوکاریی پێویست دابین بکەین بۆ دەربازبوون لە کاریگەرییەکانی کارەساتەکە."