باکوری کوردستان: ژمارەیەک هاوڵاتی لەژێر باڵەخانەداڕماوەکاندا بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە
3 ساڵ لەمەوپێش
ئاشکرا بوو کە ژمارەیەک هاوڵاتی لە شاری سەمسوری باکوری کوردستان، بەهۆی سەرماوە لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
حسێن دوران سەرۆکی کۆمەڵەی هاوڵاتیانی سەمسور لە لێدوانێکدا بۆ بەشی تورکی رۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی کە لەبەردەم باڵەخانەیەکی رووخاوی شاری سەمسور وەستاوە رایگەیاند، هاوکاریەکان بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیان زۆر کەمە.
دوران وتی، " ٣٠ کاتژمێر بەسەر بومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، لە ١٠ پارێزگای تورکیا بومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر ١٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس دروست کردووە و بە تایبەتی شاری سەمسوریش یەکێک لەو شارانەیە کە قوربانیەکی زۆریداوە."
سەرۆکی کۆمەڵەی هاوڵاتیانی سەمسور ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا تاوەکو ئێستاش زیندوون و وتی، " تەرمی ژمارەیەک هاوڵاتی دوێنێ شەو دەرهێنراون کە بەگوێرەی لێکۆلینەوەکان تەنانەت هیچ ئازاریشیان پێنەگەیشتووە و ئاشکرا بووە کە بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
" لەلایەکی دیکەوە، سەلاحەدین دمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە تویتێکدا رەخنەی توندی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و دەسەڵات گرت کە بەهانای هاوڵاتیانەوە ناچن. دەمیرتاش دەڵێت، پێویست بوو ئەردۆغان هەموو کاتژمێر لە ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، قسەی بۆ هاوڵاتیان بکردایە و زانیاری و ئاماری بڵاوبکردیە و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا کەس دەزانێت ئەردۆغان لەکوێیە؟ ئەمەش لە کاتێکدایە کە فوئاد ئوکتای جێگری سەرۆککۆماری تورکیا دوایین ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەکەی بڵاوکردەوە و وتی، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و ٤١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ هەزار و ٥٣٤ کەس بریندار بوون.
