ڕۆژنامەنوسێکی ڕوسی بە تۆمەتی دژایەتیکردنی حکومەت ٦ ساڵ زیندانی دەکرێ
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ماریا پۆنۆمارێنکۆ، ڕۆژنامەنوسی ڕوسی، بەهۆی ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیادا دیمەنی هێرشەکەی ڕوسیای بۆسەر شانۆیەک لە ئۆکرانیا بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ دادگا لە سیبریا سزای ٦ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد.
دادگای بارناول لە سیبریا، ڕایگەیاند بەتاوانی بڵاوکردنەوەی " هەواڵی ساختە" ماریا پۆنۆمارینکۆ سزای ٦ ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێندرا و هاوکات بۆ ٥ ساڵیش لە کاری ڕۆژنامەوانی وچالاکیەکانی ڕاگیرا، ئەمەش بەپێی ئەو یاسایانەی کە بە ئامانجی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە داگیرکردنی ئۆکرانیا خراونەتەڕوو.
ماریا پۆنۆمارینکۆ، ساڵی ڕابردوو لەمانگی نیساندا چەند هەفتەیەک دوای بۆردومانێکی سوپای ڕوسیا لەمانی ئازاردا بۆسەر شانۆیەک لە ماریۆپۆلی ئۆکرانیا دەستگیرکرا بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە سۆشیاڵ میدیادا ، کە لەو بۆردومانەدا بەپێی وتەی بەرپرسانی ئۆکرانیا ١٢٠٠ کەس کوژراون.
ئەو ڕۆژنامەنوسە ڕووسیە لەبارەی دەستگیرکردنەکەیەوە لە دادگادا پێش ئەوەی سزا بدرێت وتی، " بەپێی دەستوری ڕوسیا هیچ هەڵەیەکی نەکردووە"، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر بەڕاستی هەڵەیەکم ئەنجامدابا ئەوا دەکرا داوای نەرمی نواندن بکەم، هەرچەندە بەهۆی سیفەتە ئەخلاقیەکانمەو نەمدەکرد.
ماریا پۆنۆمارینکۆ لە دریژەی وتەکانیدا لە دادگا وتیشی" هیچ رژێمێکی تۆتالیتار وەک پێش ڕوخانی بەهێز نەبووە".
پارێزەرەکەی ماریا لەبارەی دۆخی تەندرووستیەوە ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسە خاوەنی دوو منداڵی بچووک بووە، دوای دەستگیرکردنی توشی گرفتی دەروونی بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەدوای لەشکرکێشی ڕوسیاوە بۆسەر ئۆکرانیا، چەندین چالاکوان و فەرماندە و ڕۆژنامەنوس بەتۆمەتی دژایەتی ڕوسیا و بڵاوکردنەوەی " هەواڵی ساختە" دژ بە حکومەت دەستگیرکراون وسزا دراون، لەوانەش هاوینی ڕابردوو، ئەلێکسی گۆرینۆڤ، ئەندامی ئەنجومەنی مۆسکۆ بۆ ماوەی حەوت ساڵ زیندانی کرا، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەکەدا وێنەی گیرابوو کە دژی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا قسەی دەکرد.