بانکی ناوەندی عێراق چەند بڕیارێکی نوێی بۆ جێگیکردنی نرخی دۆلار دەرکرد
2 ساڵ لەمەوپێش
بانکی ناوەندیی عێراق، وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی 2ـی 2023 ژمارەیەکی رێکاری نوێی راگەیاند.
لەو رێکارانەی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندوون، رێکخستنی پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چین بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بە بەکارهێنانی دراوی یوانی چینی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە دواتر ئاسانکاریی دیکە بۆ ناردنی پارە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا بەهەمان میکانیزم دەخرێتەڕوو.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو بەڵگەنامانەی داوا دەکرێن بۆ حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوە برییتی دەبن لە لیستی بازرگانی (پسوولە)، یان بەڵگەنامەی بانکی، بەو مەرجەی بریکارەکە دواتر بەڵگەنامەی پێویست پێشکێش بە بانک بکات کە کاڵاکەی هێناوەتە نێو عێراق.
هەروەها ئاسانکاری بۆ بریکارەکانی کۆمپانیاکانی ناردنی پارە دەکرێت وەکو (وێستێرن یونیون و مۆنیگرام)، لە یەکێک لە بانکەکانی عێراق.
خاڵێکی دیکەی رێکارەکان، رێگەدانە بەهەر هاووڵاتییەکی عێراقی لە مانگێکدا بڕی 7500 دۆلار وەکو زۆرترین بڕ لە رێگەی کۆمپانیاکانی حەواڵەکردنەوە، حەواڵە بکات، ئەوەش بە نرخی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک. بانکی ناوەندی لای خۆیەوە دۆلار بەو نرخە بەو کۆمپانیایانە دەفرۆشێت. بۆ ئەو مەبەستەش بانکی ناوەندی لیستی بریکارە باوەڕپێکراوەکان بڵاودەکاتەوە.
لە کۆتاییشدا دەڵێت، کە شوێنەکانی فرۆشتنی دۆلار لە شارەکاندا زیاد دەکەن و هەوڵ دەدەن لە زۆرترین شارەکاندا هەبێت.