10ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی شەش مانگدا هیچ قسەیەکیان نەکردوه

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان لە وەرزی یاسادانانی بەهارەیدا نەیتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکى یاسادانان و چاودێریکردن هەڵسێت و لە ئەم خولى گرێدانەدا تەنها شەش یاساى پەسەند کردووە، 10پەرمانتاریش لەماوەی شەش مانگ هیچ قسە و بەشدارییەکیان نەبوه.

ئەمڕۆ شەممە 4ی2ی 2023 ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندنی خۆی لەسەر کارەکانی شەش مانگی رابردوی پەرلەمان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە ئەوە کرد: "ئەو یاسایانەى پەرلەمان لە شەش مانگی رابردودا دەریکردوون، هەم لە روى (شکلى) و هەم لە روى (مەوزوعی)ـیەوە گرفتیان هەبووە و کوالێتیان وەک پێویست نییە، بۆیە زۆرترینیان یان نەچونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، یان هەر دواى دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبووە".

باسی لە ئەوەش کرد: "هەروەها وێڕاى ئەو هەموو ناڕەزایی و کەموکوڕى و داوایەى هەبووە، متمانە لە هیچ وەزیرێک نەسەندراوەتەوە. لەلایەن ژمارەى یاسایی ئەندامانیشەوە هیچ یادداشتێک بەمەبەستى داواى پرساندن پێشکەش نەکراوە".

لە درێژەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەنوسییەکەدا ئینستیتیوتی پەی ئەوەشی خستە ڕو: "بەرنامەى کارى دانیشتنەکانی پەرلەمان لەگەڵ خواستە هەنوکەییەکانى خەڵکى کوردستاندا پێک نایەتەوە، بۆیە بەردەوام نارەزایی لەلایەن ئەندامانى ئۆپۆزیسیۆنەوە دەربڕدراوە و پەشێوى دروستبووە".

ئاشکراشیکرد: "لە ئەم خولەى گرێدانەشدا 10 پەرلەمانتار ماوەى شەش مانگ لە دانیشتنەکاندا هیچ قسەیەکیان نەکردووە و هیچ بەشدارییەکیان نەبووە".

ئینستتیوتی پەی ، لە کۆنگرەکەدا ،چەند داواکارییەکی له پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ باشکردنی ئەدای کارەکانی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار