ئێران چەکی کوشتنی بەراز دژی خۆپیشاندەران بەکار دەهێنێت
نزیکەی 600 کەس بەهۆی گوللـەی ساچمەیی نابینا بون

وێنە؛ خۆپیشاندانەکانی شاری سەقز لە دوای چلەی مەرگی ژینا ئەمینی
2 ساڵ لەمەوپێش
دەسەڵاتی ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی چەک و گوللـەی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە کە پێچەوانەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانن.
ئەژماری فەرمی (تەسویر1500) لە تویتەر کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کۆمەڵێک بەڵگەی لەسەر ئەو چەک و گوللـانی کە دەسەڵاتی ئێران دژی خۆپیشاندەران بەکاری هێناوە و بوەتە هۆی نابینابون و یان لەدەستدانی چاوی لانیکەم 570 کەس، بڵاو کردوەتەوە.
لە بەڵگەکاندا ئاماژە بەوە کراوە؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران گوللـەی ساچمەیی لە پێکهاتەکانی قوڕوقشم و فافۆن و ئاسنی بەکارهێنا لە کاتێکدا بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەبێت ئەو گوللانە لە جۆری پلاستیک بێت و قەبارەی لە شەش ملیم زیاتر نەبێت.
بە پێی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتییەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و ئاژاوە و یاساکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ نابێت بە گوللـەی ساچمەیی لە جۆری پلاستیکیش راستەوخۆ شوێنی هەستیاری جەستە وەک سەر و چاو بکرێتە ئامانج و بەکارهێنانی ئەو گوللانە لە کاتی مەترسیی بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی لە ناوخۆی هەر وڵاتێکدا رێگەپێدراە.
لە راپۆرتەکان و ئەو بەڵگە و گوللـە ساچمەییانەی کە لە لەشی بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرهێنراون و کۆکراونەتەوە، دەرکەوتوە قەبارەی ژمارەیەک لەو گوللـە ساچمەییانە یەک سانتی مەتر بوە و چوار ملیم لە ستانداردە جیهانییەکان گەورەتر بوە.
زۆربەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا برینداربون هێزە ئەمنییەکانی ئێران شوێنی هەستیاری جەستەی خۆپیشاندەرانیان کردوەتەوە ئامانج و لە هەندێک حاڵەتدا زیاتر لە 50 گوللـەی ساچمەیی لە لەشی بریندارەکاندا دەرهێنراوە.
دەرکەوتوە بەشێک لەو گوللـە و چەکانەی کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنراوە بۆ راوی بەراز و ئاژەڵە مەترسیدارەکان سودی لێوەردەگیرێت و بەکارهێنانی دژی مرۆڤ قەدەغەیە.
لە ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا ئاشکرابوە تەنها بەهۆی گوللـەی ساچمەییەوە 570 کەس چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەست داوە و نابینا بون و ژمارەیەکیشان بە هاوکاریی پزیشکانی نێودەوڵەتی و ئەوروپا رەوانەی وڵاتانی دەرەوەی ئێران کراون و چارەسەریان بۆ دەکرێت.
لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 600 کەس بە گوللـە و تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون کە 70 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و منداڵی نۆ ساڵ و شەش ساڵ و تەنانەت دوو ساڵان هەیە.
