کۆمپانیای DNO بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کورستان راگرت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەگەڵ بەردەوامی راگرتنی ههناردهی نهوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی توركیاوه، کۆمپانیای DNOی نهرویجی کە لە بواری نەوت و غازدا کاردەکات ئهمڕۆ چوارشهممه بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کورستان راگرت.
کۆمپانیای DNOی نهرویجی ئهمڕۆ له بهیاننامهیهكدا بڵاویكردهوه، دوای چوار ڕۆژ لە راگرتنی ههناردهی نەوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی بۆری تورکیا بۆ بەندەری جەیهانی دەریای ناوەڕاست، بە شێوەیەکی کاتی دەستی بە راگرتنی بهرههمهێنان له کێڵگە نەوتییەکانی لە هەرێمی کوردستان کردوە.
ئەو کۆمپانیایە رۆژانە بڕی 107 هەزار بەرمیل نەوتی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنا.
دوای چوار رۆژ لە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، ئەو کۆمپانیا نەرویجییە دەڵێت، "بە ناچاری دەستمان بە داخستنی بیرە نەوتەکان کرد." وەک کۆمپانیای DNO دەڵێت، "بەردەوام بووین لە بەرهەمهێنان، بەڵام توانای کۆگاکردنمان سنووردارە."
بهگوێرهی بهیاننامهكه، شەوی رابردو بەرهەمهێنانی له كێلگهی پێشکەبیر راگیراوه، هاوكات راگرتنی بەرهەمهێنان له كێڵگهی تاوکێ دەستیپێکردوە، بەڵام رۆژێکی دیکە یان زیاتری دەوێت بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەیەکی زۆر زیاتری بیرەکان کە لە نزیکەی 10 کیلۆمەتردا بڵاوبونەتەوە.
بیژەن مۆساڤار ڕەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری DNO وتی، "بەداخەوە دۆخهكه گەیشتوەتە ئەم ئاستە بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە ئەگەرییەکانی بەردەوامی رهوانهكردنی نهوت و كاریگهریلهسهر نرخی نەوت لە کاتێکی ناسکدا لە بازاڕە داراییە جیهانییەکان".
کۆمپانیای DNO ASA، کۆمپانیایەکی نەوت و غازی نەرویجییە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای باکور و رۆژئاوای ئەفریقا كاردهكات، کۆمپانیاکە لە ساڵی 1971 دامەزراوە و خراوەتە لیستی بۆرسەی ئۆسلۆ، پشکی هەیە لە مۆڵەتی وشکانی و دەریایی لە قۆناغە جیاجیاکانی گەڕان و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، نەرویج، بریتانیا، کۆت دیڤوار، هۆڵندا و یەمەن.
