خەڵاتی ویژدان دەبەخشرێتە دوو رۆژنامەنوسی ژن

بێهۆشبون و مەرگی ژینا ئەمینیان ئاشکرا کرد و تا ئێستا لە زیندانن

وێنە؛ لە لای راستەوە ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی

2 ساڵ لەمەوپێش



زانکۆی هارڤارد خەڵاتی وێژدان دەبەخشێتە تە ئەو دوو رۆژنامەنوسەی کە بێهۆشبون و مەرگی ژینا  ئەمینیان ئاشکرا کرد و هەر بەو هۆیەوە تا ئێستاش لە زیندانن.

دامەزراوەی نەیمەن بۆ رۆژنامەگەری کە سەر بە زانکۆی (هارڤارد) ئەمریکایە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ خەڵاتی ویژدان دەبەخشرێتە ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی کە سەرەڕای ئەوەی ئاگاداربون کە ژیانی و ئازادیی خۆیان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵام بە ئەمانەتەوە روداوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵیان روماڵ کرد و گواستەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتوە: دامەزراوەی نەیمەن خەڵاتی ویژدان دەبەخشێت بە ئەو دوو خانمە رۆژنامەنوسە بەهۆی پابەندبون بە راستگۆیی و ویژدان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێهۆشبون و مەرگی ژینا ئەمینی.

ئاماژە بەوەکراوە تەنها چەند رۆژێک دوای مەرگی ژینا ئەمینی هەردوو رۆژنانوس ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و لە ئێستادا لە زیندانی قەرچەک لە وەرامین بەند کراون.

پێشتر ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی لە بابەتێکدا لە رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران ئاماژەی بەوە کردوە؛ بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆرترین ماوەی دەستبەسەرکردن تەنها شەش رۆژە بەڵام ئەو دوو خانمە رۆژنامەنوسە نزیکەی شەش مانگە لە زیندانەکاندا دەستبەسەرن.

ئیلاهە محەمەدی بەهۆی روماڵکردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و نوسینی بابەتێک بە ناونیشانی (نیشتیمانێک لە خەم) لە رۆژنامەی (هەم میهەن) تەنها رۆژێک دوای بەخاکسپاردنی ژینا دەستگیر کرا و تا ئێستاش لە زیندانە.

نیلوفەر حامیدی کە روماڵی روداوی بێهۆشبونی ژینا ئەمینی و مانەوەی لە نەخۆشخانەی کەسرا لە شاری تاران کردبو و دواتر باسی مامەڵەی خراپی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەگەل سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە بەردەم ئەو نەخۆشخانە ئاشکرا کرد، ئەویش پێنج رۆژ دوای مەرگی ژینا دەستگیرکرا.

ئەو دوو خانمە رۆژنامەنوسەی رۆڵی بەرچاویان لە ئاشکراکردنی دەستگیرکردن و مەرگی ژینا ئەمینی هەبو و پێشتر لە لایەن وڵاتی کەنەدا-وە خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازادیی رۆژنامەگەریان پێبەخشرا.

ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی تا ئێستاش کە نزیکەی شەش مانگە لە زیندان بەندکراون و سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان تۆمەتباریان کردون بە تێکدانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ ئەوەی تۆمەتەکەیان لە لایەن هیچ دادگایەکەوە یەکلایی کرابێتەوە.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار