گەرمیان: ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلەی نییە

2 ساڵ لەمەوپێش



بێدار محەمەد

 

تووشبووانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان بەدەست نەبوونی چارەسەرو نەبوونی دەرمانەوە دەناڵێنن، ژمارەی تووشبوان لەگەرمیان زیاتر لە 170 نەخۆشە تائێستا ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە لەگەرمیان نیەو ئامێرێكیان بۆ كڕاوە ئیش ناكات و پارچەشی دەستناكەوێت، نەخۆشانی گورچیلە بۆ زۆربەی چارەسەرەكانیان روودەكەنە سلێمانی، هاونیشتمانیەك دەڵێت بۆ چاندنی گورچیلە 50 ملیۆن دینارم لەسلێمانی خەرجكردو بۆ چاودێریكردن و چارەسەریش هەر بەڕێگاوەم بۆ سلێمانی.

ئیبراهیم عەبدوڵا  سەرۆكی لقی گەرمیانی رێكخراوی گورچیلە پارێزی كوردستان، بەڕۆژنامەی  هاوڵاتی  راگەیاند:»ئێمە لەڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی و بۆ كەمكردنەوەی ئەو ئازارو مەینەتیانەی كەتووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە بەدەستیەوە دەناڵێنن لقێكی كۆمەڵەی گورچیلە پارێزی كوردستانمان لەم هەفتەیەدا لەسنوری ئیدارەی گەرمیان كردووەتەوە بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت تەندروستی گەرمیان بچێت بەهانایانەوە».

وتیشی:»تادێت ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەزیادبووندایە لای ئێمە تائێستا 130 تووشبوو تۆماركراون و زانیاریمان هەیە 40  تووشبووی تر لەم نزیكانە لامان تۆماردەكرێن، سەرباری ئەوەی بەدووری نازانین تووشبوی تر هەبێ و لای ئێمە ناوی تۆمار نەكردبێت».

«لەگرنگترین داواكاریەكانی ئەوان لەپێوستی تەندروستی گەرمیان ئەوەیە كەچارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانیان بكەن، ئەوان بۆ دەرمان و چارەسەر سەردانی سلێمانی دەكەن، بۆیە داواكارن دەرمانی پێویست بۆ تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە دابین بكرێ، هەروەها پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی گورچیلە لەگەرمیان دابین بكرێت .

تاوەكو ئێستا ئامێری تایبەت بەشكانی بەردی گورچیلە لەگەرمیاندا نیە بۆ ئەوەش دەبێ تووشبووانی نەخۆشییەكانی گورچیلە سەردانی سلێمانی بكەن»، سەرۆكی لقی گەرمیانی رێكخراوی گورچیلە پارێز كوردستان وای وت.

هاوكات كاروان محەمەد بەرپرسی سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لەگەرمیان كەتاكە سەنتەرە لەسنوری ئیدارەی گەرمیان و سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانە، بۆ رۆژنامەی  هاوڵاتی دواو وتی: « گرفتی كەمی دەرمان تەنیا بەرۆكی ئەوانی نەگرتووە، بەڵكو تەندروستی گەرمیان بەشێوەیەكی گشتی گرفتی نەبوونی دەرمانی هەیە».

كاروان محەمەد دەڵێت:»بۆ چارەسەری گرفتی كەمی دەرمان مانگی رابردوو لەڕێگەی سۆزان مەنسور پەرلەمانتاری عێراق، بڕی 300 شروبی تایبەتمان لەحكومەتی عێراقەوە بۆ تووشبووانی گورچیلە دابینكرد كە بایی 200 ملیۆن دینارە».

وتیشی:» پزیشكێكی تایبەتیان بۆ چارەسەرو بینینی تووشبوانی گورچیلە لەگەرمیان دابینكردووە، بەڵام بۆ هەندێك پشكنین تووشبوانی گورچیلە دەبێت بچنە كەرتی تایبەت».

لەبارەی نەبوونی ئامێری تایبەت بەشكانی بەردی گورچیلە، بەرپرسی سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لەگەرمیان  رایگەیاند:» بڕیاربوو لەلایەن كۆمپانیایەكەوە ئەوئامێرە  بكڕدرێت بەڵام پاشتر بەهۆی دابەرزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار كۆمپانیا پاشەكشەی كرد لەو هەنگاوەی».

ئاشكراشیكرد: لە 2013 ئەو ئامێرەمان بۆ دابینكرا، بەڵام جۆرەكەی باش نەبوو پاشتر پارچەی یەدەكی نەمابوو، بۆیە سودی لێنەبینرا لەهەوڵداین ئەو ئامێرە  دابین بكەین».

هاووڵاتی كارزان عوسمان كەتووشبویەكی نەخۆشی گورچیلەیە لەگەرمیان دواندو ئەو وتی:»بۆ چاندنی گورچیلە لەگەرمیانەوە چوومەتە سلێمانی و بڕی 50 ملیۆن دینارم خەرجكردووە، ئێستا ئەوەی بیەوێت گورچیلە بچێنێ دەبێ ئەو بڕە پارە خەیاڵیە خەرجبكات، لەسلێمانی-یش لەكەرتی تایبەت دەكرێت چونكە دراوەتە نەخۆشخانەی ئەهلی .

«كەپشكنینی بەرگری لەگەرمیان ناكرێت دەبێت بچینە سلێمانی، پزیشكیش هێنرابێ بۆ كەلار ئامێری تاقیگەیی پێشكەوتووی بەردەست نیە.

تووشبوانی نەخۆشیەكانی گورچیلە لەگەرمیان رێژەی پەككەوتنی گورچیلەیان لە 85%ەو ناتوانن كاربكەن، دەبوو وەك خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان تۆماربكرایە كەچی لەهاوكاریكردنی وەزارەتی كار بێبەشكراون»، كارزان عوسمان وای وت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار