ڕۆیتەرز: بەغدا داوای لە تورکیا نەکردوە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێبکاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاژانسی رۆیتەرز له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌: کارپێکەری بۆرییە نەوتییەکان ھیچ ئاگادارکردنەوەیەکی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم پێنەگەیشتوە و بەعدا داوای لە تورکیا نەکردوە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێبکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە لە بەغدا بڵاویکردۆتەوە، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان  بۆ بەندەری جیهانی تورکیا لە وەستاندایە بۆ نزیکەی سێ هەفتە دوای ئەوەی عێراق لە دادگای پاریس کەیسێکی بردەوەو تیایدا بڕیاردرا کە دەبێت ئەنقەرە قەرەبووی بەغدابکاتەوە بۆ هەناردەکردنی ڕێگەپێنەدراوی نەوتی هەرێم.

بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای  ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیی فەرمانی بە تورکیا کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو بە بەغدا بدات بەهۆی هەناردەکردنی ڕێگەپێنەدراوی نەوتی هەرێم  لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018.

هاوکات دوو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزیان وتووە کە بەغدا هێشتا داوای لە تورکیا نەکردووە بۆرییەکان بکاتەوە و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە .

هەروەها لاوک غەفور، بەڕێوەبەری کاروباری میدیای دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو ئاژانسەی گوتووە،"هەر شتێک سەبارەت بە نەوت ئێستا لە دەستی بەغدا و تورکیادایە، پێویستە هەردوولا بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت".

سەرچاوەیەکی جیاواز بە ڕۆیتەرزی وت تورکیا بەدوای دانوستاندنێکی تایبەتدا دەگەڕێت سەبارەت بەو 1.5 ملیار دۆلارەی کە فەرمانی پێکراوە وەک قەرەبوو  بە عێراقی بدات.

هەروەها عێراق داوای لە دادگایەکی فیدراڵی ئەمەریکا کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دادوەرییەی دژی تورکیا، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە دادگا تۆمارکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار