پێشمەرگەیەك خاوەنی چوار منداڵی ئۆتیزمەو لەخانوویەكی كرێدایە لەسلێمانی
یەک ساڵ لەمەوپێش
شەنای فاتح
«چوار كوڕم هەیە هەر چواریان نەخۆشی ئۆتیزم و ئەكزیمای پێستیان لەگەڵدایە، جل لەبەرخۆیان دەدڕێنن و فرە جوڵەن، هاوسەرەكەم پێشمەرگەیە بەهۆی دەوامی ئەوەوە كە 10 رۆژ لەدەوامەو 10 رۆژ لەماڵەوەیە فریای خزمەتی تەواوی مناڵەكان ناكەوم و مووچەشیان نییە»، نیان فەرەج دایكی ئەو چوار مناڵە بۆ هاوڵاتی وادەڵێت.
لەشاری سلێمانی خێزانێك رووبەڕووی بارودۆخێكی سەختی ژیان كردن بوونەتەوە كەخاوەنی چوار منداڵن و هەر چواریان نەخۆشی ئۆتیزمیان لەگەڵدایە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا (مینحە) بۆ ئەو منداڵانەیان نەبڕاوەتەوە لەخانووەیەكی كرێدا دەژین كەكرێی ساڵێكیان لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بۆ دابین كراوە.
بەپێی ئامارێكی وەزارەی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی سێ هەزار توشبووی نەخۆشی ئۆتیزم تۆماركراوەو زۆرینەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە مینحەیەكی مانگانەیان پێدەدرێت كەبڕەكەی 150 هەزار دینارە تابەشێك لەپێداویستییەكانیان بەو مینحەیە بەڕێبكەن.
نیان فەرەج تەمەن 35 ساڵ، باس لەژیانی خۆیان بۆ هاوڵاتی دەكات و وتی:» نزیكەی ١٤ساڵە هاوسەرگیریم كردووەو زیاتر لەهەشت مانگە لەم خانووەدا لەگەڕەكی ڕاپەڕین لەكرێچیداین، كوڕە گەورەكەم تەمەنی هەشت ساڵەو كوڕەكەی دیكەشم حەوت ساڵە، دوو كوڕی دووانەشم هەیە تەمەنیان سێ ساڵ و نیوەو هەرچوار كوڕەكەم نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كەمناڵەكان هیچ كامیان مووچەیان نییەو خەرجییان گرانەو جلوبەرگ و شیرو دایبیان پێویستەو لەگەڵ ئۆتیزمەكەشیاندا نەخۆشی ئەكزیمای پێستیان لەگەڵدایە، وتیشی:»پزیشك پێی راگەیاندووم كە چاك نابنەوە جگە لەچاكبوونێكی كاتی».
«مناڵەكان فرە جوڵەن و جلوبەرگ لەبەر خۆیاندا دەدڕێنن ئاگاداری و چاودێریان پێویستە، رۆژانە فریای كاروباری ناوماڵ ناكەوم، دەمەوێت هاوسەرەكەم دەوام نەكات و هاوكاریم بكات، چونكە بەتەنیا فریای چاودێریكردنیان ناكەوم»، نیان دایكی چوار مناڵی ئۆتیزم وادەڵێت.
هاوسەرەكەی نیان فەرەج (هەرێم مینە) پێشمەرگەیەو دەوامی لەمیحوەری مەخمورو-گوێر نزیك موسڵەو ١٠ رۆژ بە ١٠ رۆژ دەوام دەكات و ئاگاداری سەرووی خۆی كردووەتەوە لەبارودۆخ و گوزەرانیان، بەڵام هیچیان بۆ نەكردووە، نیان وتی:» هاوسەرەكەم بەهۆی فێڵێكەوە كە لەدەوامدا لێیان كردووە موچەكەی لێدەگێڕنەوە، مانگانە تەنها ٢٠٠ هەزار دیناری پێدەدەن و كرێی خانووەكەشمان مانگانە ٢٢٠ هەزار دینارە».
ئەو خێزانە لەهەوڵدابوون بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببڕێتەوە، تا بارودۆخیان باشتر بێت، كە چووە سەردانی كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كردووەو و پێم راگەیاندووە كە مووچەیان بۆ ببڕێتەوە، كە منداڵەكانی ئۆتیزمیان هەیەو فرە جوڵەن و نەخۆشی پێستیشیان هەیە، پێی راگەیاندووە كەناویان تۆماربكەو فۆڕمەكە پڕبكەرەوە، دایكی چوار مناڵەكەش رێكارەنی ئەنجامداوەو چاوەڕێی هاتنەوەی ناوەكانیانە.
مناڵەکان هیچ کامیان مووچەیان نییە و خەرجییان گرانە و جلوبەرگ و شیر ودایبییان پێویستە ولەگەڵ ئۆتیزمەکەشیاندا نەخۆشی ئەکزیمای پێستیان لەگەڵدایە
دایكی ئەو چوار مناڵە كە نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە زیاتر روونكردنەوەی لەسەر بارودۆخی ژیانیان بۆ هاوڵاتی باسكردو ئەوەی خستەڕوو كە كرێی ساڵێكی خانووەكەیان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆیان دەدات و لەسەر ئەركی ناوبراو دووان لەمنداڵەكانی بۆ سەنتەرو بۆ قوتابخانە دەبات.
بەپێی ئامارێكی وەزارەی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی سێ هەزار توشبووی نەخۆشی ئۆتیزم تۆماركراوەو سەبارەت بەوەی كە لەماڵێكدا زیاتر لەنەخۆشێكی ئۆتیزم هەبێت زیاتر لەموچەیەك دەبڕنەوە.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كەهەر ماڵێك چەند توشبووی ئۆتیزمی هەبێت بەمەرجێك ڕێژەكەی ئەو رێژەیە بێت كە بەپێی یاساكان دەستنیشانكرابێت بەخاوەن پێداویستی تایبەت ئەژمار دەكرێت و مووچەی بۆ دەبڕدرێتەوە، وتیشی:» خێزانمان هەیە سێ منداڵ و دایكەكەشیان خاوەن پێداویستی تایبەتن مووچە بۆ هەر چواریان بڕدراوەتەوە».
نەخۆشی ئۆتیزم یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە بەردەوام چاودێری دایك یان باوك و كەسوكاری پێویستەو بەردەوام دەبێت ببرێنە سەنتەرەكانی راهێنان.
یوسف عەبدوڵا، پزیشكی دەروونی لەسەنتەری تەندروستی دكتۆر زامدار لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نەخۆشی ئۆتیزم یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە چاكبوونی نییەو تەنها پێویستیان بەڕاهێنانە بۆ ئەوەی ئەركی دایك و باوكیان كەمبكرێتەوە».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو جۆرە نەخۆشیە پێویستی بەچاودێری وردی دایك و باوك هەیە لەماڵ و لەسەنتەرەكانیش راهێنانیان پێدەكرێت.