كارەباو غاز؛ كارتی فشاری ئێران دژی عێراق
عێراق نزیكەی سێ ملیار دۆلاری پارەی بلۆككراوی ئێران ئازاد دەكات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران هیوای لەسەر ئازادكردنی پارەی فرۆشی غازو كارەبا لەعێراق و نەوت بەكۆریای باشوور هەڵچنیوە كەبڕیارە ئەمریكا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی تایبەتدا بەشێك لەو پارانەی تاران ئازاد بكات.
دوای زیاتر لەمانگێك لەهەواڵی ئازادكردنی بڕێك لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران دواجار دەركەوەت بڕێكی كەم لەقەرزەكانی غازو كارەبای عێراق رادەستی كۆماری ئیسلامی دەكرێت و دەنگی پارەی ئازادكراوی دیكە نییە.
ئەمریكا بۆ ئەوەی عێراق لەوەرزی گەرمادا رووبەڕووی كەمیی كارەبا نەبێتەوە بڕیارێكی لێخۆشبوونی لەسزا نێودەوڵەتییەكان بۆ بەغداد دەركردووە تا قەرزەكانی كارەباو غاز رادەستی تاران بكات و لەبەرامبەردا هاوردەی غاز لەئێرانەوە ئاسایی بكرێت و رەوانەی وێستگە كارەباییەكان بكرێت.
زیائـ ناسری، راوێژكاری یاسایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە بەبڕیاری ئەمریكا لەدوو قۆناغدا جارێك ملیارێك یۆرۆو جارێكی دیكە یەك ملیارو 500 ملیۆن یۆرۆ لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران لەعێراق ئازاد كراوەو لەبەرامبەردا بەرهەمهێنانی كارەباو كاركردن لەپڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی غاز زیاددەكات.
ئێران دوای چوار ساڵ جارێكی دیكە هاوردەی غاز لەوڵاتی توركمانستان دەستپێدەكاتەوەو لەلایەكی دیكەوە فرۆشتنی غاز بەتوركیا كەم دەكات.
هاوكات هەناردەی ئەو سووتەمەنییە بۆ وێستگە كارەباییەكانی عێراق كەمدەكاتەوە، ئەوە دەریدەخات رەنگە ئەو وڵاتە تەنها وەك كارتێكی فشاری ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی لەعێراق ئەو هەنگاوە بنێت لەكاتێكدا لەوەرزی بەهارو هاویندا بەكارهێنانی غاز وەك سوتەمەنیی لەوڵاتەكەی بۆ كەمترین ئاست دادەبەزێت و هیچ بیانویەك نییە بۆ گرتنەوەی ئەو سوتەمەنییە.
بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاندووە؛ قەرزەكانی غازو كارەبای عێراق دەگاتە 11 ملیار دۆلار.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش ئەو قەرزانەی بەنزیكەی 18 ملیار دۆلار خەمڵاندووەو لەسەردەمی حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری پێشووتری ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوە دەكرا كەزیاتر لە 36 ملیار دۆلاری پارەكانی ئێران لەعێراق بلۆككراوە.
بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە رەوانەكردن یان گواستنەوەی پارە بۆ سەر ئەژمارە بانكییەكانی ئێران لەدەرەوە قەدەغە كراوەو پارە بلۆككراوەكانی ئەو وڵاتە بەهۆی سزاكانەوە بەزیاتر لە 120 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
عێراق بەهۆی بەندی شەشی نەتەوەیەكگرتووەكان سەرجەم داهاتەكانی لەیەكەم قۆناغدا رەوانەی بانكێكی ئەمریكا دەكرێت و بەپێی ئەو یاسایەو بەهۆی ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمریكاوە دژی كۆماری ئیسلامی سەپێنراوە، عێراق ناتوانێت بەخواستی خۆی پارە یان قەرزەكانی رەوانەی ئێران بكاتەوە بۆیە دەبێت عێراق دوای هەر لێخۆشبوونێكی ئەو سزایانە لەڕێگەی بانكەكانی چەند وڵاتێكی وەك (قەتەر، كوەیت، توركیا، ئیمارات، ئوردن) هەوڵبدات قەرزەكان یان پارە بلۆككراوەكانی ئێران رادەست بكاتەوە.
قەیرانی غاز لەئێران
بەپێی ئەو بەڵگە نهێنییانەی كەگروپێكی هاككەر لەپێگەی ئەلیكترۆنی سەرۆكایەتی كۆماری لەئێران دزەیان پێكردوە، نۆژەنكردنەوەی ئامێرەكانی كێڵگەو پاڵاوگەكانی نەوت و غازی وڵاتەكە پێویستی بە 25 بۆ 30 ملیار دۆلار هەیەو هەر بەو هۆیەوە چەند ساڵێكە بەرهەمهێنانی غاز زیادی نەكردووە.
لەو بەڵگانەدا دەركەوتووە؛ ناهاوسەنگیی لەبەرهەمهێنان و بەكارهێنانی غازی رۆژانە لەئێران گەیشتووەتە 350 ملیۆن مەترسێجاو ئەگەر تا سێ ساڵی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەرزنەكرێتەوەو چاكسازیی لەشێوازی بەكارهێنانی ئەو سوتەمەنییەدا نەكرێت، وڵاتەكە ناچارە غاز لەدەرەوە هاوردە بكات.
لەكاتێكدایە ئێران خاوەنی 44 ترلیۆن سێجا غازەو بەدووەم وڵات دوای روسیا ئەژماردەكرێت كەخاوەنی 21%ی یەدەگی غازی جیهانە.
غاز سەرچاوەیەكی سەرەكی سوتەمەنی بزوێنەری كارگەو ئۆتۆمبێلەكانە لەئێران و زۆرینەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەش بەمەبەستی گەرمكردنەوە لەوەرزی زستاندا سوودی لێوەردەگرن.
ئێران لەماوەی رابردوودا هەناردەی نزیكەی 20 ملیۆن مەترسێجای رۆژانەی غازی بۆ دوو وێستگەی كارەبایی بەغدادو بەسڕە كەمكردەوە كە بەوتەی بەرپرسانی عێراق بەرهەمهێنانی كارەبای بەبڕی پێنج هەزار مێگاوات كەمكردووەتەوە.
ئەو وڵاتە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەبیانوی جیاوازەوە هەناردەی غازی لەچەند قۆناغێك كەمكردووەتەوەو ئەو كەمكردنەوەیەی وەك فشارێك دژی عێراق بۆ رادەستكردنەوەی قەرزەكانی غازو كارەبا بەكارهێناوە. هاوكات بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بەوە كردووە كەعێراق ناچارە بۆ بەرهەمهێنانی 80%ی كارەبای وڵاتەكەی پشت بەغازی ئێران ببەستێت ئەوەش وادەكات رازیی بێت بەدواكارییەكانی تاران.
كارەبا و غازی ئێران تیری ملی عێراق
هەناردەكردنی غازی ئێران بۆ عێراق 50 ملیۆن مەترسێجا لەڕۆژێكدایەو سەرەڕای ئەوەش بڕیاربوو پڕۆژەیەكی كارەبایی لەلایەن ئێرانەوە جێبەجێ بكرێت كەبڕی كارەبای بەرهەمهاتووی دەگەیشتە زیاتر لە سێ هەزارو 600 مێگاوات كەچارەنووسی ئەو پڕۆژەیەش دیار نییە.
ئێران بەبیانوی جیاواز تائێستا چەند جارێك هەناردەی غازی بۆ كەمتر لە نۆ ملیۆن مەترسێجا كەمكردووەتەوە و ئەوەش مایەی سەرهەڵدانی قەیران بووە بۆ عێراق.
لەنوێترین هەنگاویشدا نوێكردنەوەی فرۆشی غازی پەیوەست كردووە بە رادەستكردنەوەی قەرزەكانی، بۆیە دوور نییە هەر جۆرە بەرهەمهێنانی كارەباو هاوردەكردنی غاز لەلایەن تارانەوە وەك كارتێكی فشاری بەهێز دژی عێراق بەكارنەهێنرێت.