zhyr

تورکیا و ئێران لە شارێکی رۆژهەڵات ژوری هاوبەشی بازرگانیی دەکەنەوە

هەوڵ دەدەن ئاستی بازرگانیی دوو وڵاتەکە بگەیەننە 30 ملیارد دۆلار

یەک ساڵ لەمەوپێش



لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان تورکیا و ئێران ژورێکی هاوبەشی بازرگانیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە و بەرپرسێکی تورکیا دەڵێت ئاستی بازرگانیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەرز دەکەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا) بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ شەممە ژوری هاوبەشی بازرگانیی تورکیا و ئێران لە شاری خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە.

شاری خۆی نزیکترین سنوری هاوبەشی نێوان رۆژهەڵات و باکوری کوردستانە کە ژورە هاوبەشە بازرگانییەکەی نێوان تورکیا و ئێرانی تێدا کراوەتەوە.

عادل نەجەف زادە، نوێنەری خۆی و چایپارە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی گرنگیدان بە پەیوەندییە ئابورییەکان لەگەڵ تورکیا ئەمساڵ کارەکانی 40 کیلۆمەتر لە رێگای ستراتیژیی نێوان خۆی و  شاری کۆتۆل لە پارێزگای ورمێ بە بودجەی پێنج ملیۆن دۆلار کۆتایی دێت.

لە لایەکی دیکەوە ئەرسین ئۆزدەمیر، سەرۆکی ژوری هاوبەشی بازرگانیی تورکیا و ئێران رایگەیاند ئەو دوو وڵاتە بە کردنەوەی ئەو ژورە بازرگانییە لە خۆی هەوڵ دەدەن ئاستی بازرگانیی نێوانیان بۆ 30 ملیارد دۆلار بەرز بکەنەوە.

کردنەوەی ئەو ژورە هاوبەشە بازرگانییە لە کاتێکدایە لە رابردودا ئاستی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران لە 11 ملیارد دۆلار بۆ نۆ ملیارد دۆلار لە ساڵێکدا کەمی کردبوە.

   

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار