سێى ئاب؛ رۆژى کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال و جینۆسایدکردنی ئێزدییەکاندا تێدەپەڕێت کە دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە  لەوناوچانە رویدا و بەهۆیەوە هەزاران ژن و کچ لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوەوە رفێران.

بەرەبه‌یانى 3ی ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و ئێزدییەکان بەفریای راکردن و بەجێهێشتی ناوچەکەیان نەکەوتن هه‌زارانیان رفێندران و بێسه‌روشوێن کران، ئەو کارەساتەش هێشتا بەردەوامی و هەیە و هەزاران ژن و کچ رزگارنەکراون و چارەنوسیان نادیارە.

بەگوێرەی وتەی ئەو کەسانەی لە نزیکەوە شاهێدحاڵی روداوەکە بون، هێرشەکەی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیانی 3ی (ئاب/8)ی 2014 دەستیپێکردوە و سەرەتا لە بەرەکانی ناحیه‌ی‌ بلێ‌ و قه‌زای‌ به‌عاج  شەڕ لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و داعش رویداوە، بەڵام کشانەوەی هێزەکانیپێشمەرگە لەو ناوچانە هیچ رێگەیەکی لەبەردەم خەڵکی شەنگال نەهێشتەوە جگە لە هەڵهاتن و لەدوای شەش کاتژمێریش شەنگال بەتەواوی لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵکرا.

لەگەڵ پێشڕەوییەکانی داعش و گەیشتنیان بە مەخمور، گوێر و خازر کە سێ هێڵن بە ئاراستەی هەولێر، مەترسییەکانی داعش زیاتر بو، تا دواجار ئەمەریکا هاتە سەر خەت و یەکەم گورزیان لە داعش وەشاند.

دوای داگیرکردنی قەزاکە، کوردانی ئێزدی پەنایان بۆ چیای شنگال برد و دوای (10) رۆژ مانەوە، بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەپەگە، توانرا رێگەی دەربازبون بۆ ئەو هاوڵاتیانە بکرێتەوە و بەشێکی زۆریان دوای گەیاندنیان بە رۆژئاوای کوردستان و بەشێکیان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکاوە گەیندرانەوە باشوری کوردستان و لە کامپی خانکێ لە دهۆک نیشتەجێکران.

 بەپێی ئامارەکان لەو تاوانەدا زیاتر لە (360) هەزار کوردی ئێزیدی ئاوارە بون و زیاتر لە شەش هەزار 400 ئێزیدی دیکەش کەوتنە ژێر دەستی داعش، تائێستاش چارەنوسی بەشێکى زۆرى هاوڵاتى و رفێنراوی ئێزدی نادیارە کە بە دوو هەزار و 713 کەس خەمڵێنراوە، ماوەى چوار ساڵیشە پەرلەمانى کوردستان ئەم کۆمەڵکوژییەى بە جینۆساید ناساندوە، بەڵام تا ئێستا هیچ قەرەبویەکیان بۆ نەکراوەتەوە.

هاوکات، بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، تاوەکو ئێستا 83 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی و ژمارەیەک گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە.

بەپێی ئامارەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014دا رفێندراون، 6417 کەس بوون؛ 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون.

لەو ژمارەیە 3570 کەسیان رزگار کراون؛ 1208 ژن، 339 پیاو، 1066 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار