بافڵ تاڵەبانی لەتارانەوە داوای درێژكردنەوەی مۆڵەتی چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی كردووە
ئێران دەیەوێت چەند هێزێکی یەکێتی لەکەمپ و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵات جێگیر بکات
یەک ساڵ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
مۆڵەتەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چەككردنی حزبەكانی كوردستانی رۆژهەڵات، لەكۆتایی نزیكەو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لەتاران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبویەوە بۆ درێژكردنەوەی مۆڵەتەكە. بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی سەربازی ناو یەکێتی، چەند هێزێکی تایبەتی یەکێتی دیاریکراون تا لەشوێنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر بکرێن.
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، ئێران لەهەوڵی ئەوەدایە كەهێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو كەمپ و سەربازگانە جێگیر بكات كە لەئێستادا هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات تێیدان، ئەمەش لەپێناو كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی ناوچەكەو دوركەوتنەوەی مەترسی لەسەر ئێران، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی سەربازی یەكێتی بەهاوڵاتی وت، «چەند هێزێكی تایبەت دیاریكراون بۆ ئەوەی لەبنەكەو بارەگا سەربازییەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات جێگیربكرێن، بۆ ئەوەش بەرپرسانی ئەو حزبانە ئاگاداركراونەتەوە».
لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەتارانەو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبویەوە دەربارەی میكانیزمی جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی ئێران لەگەڵ حكومەتی بەغداو هەرێمی كوردستان، بۆ داماڵینی چەك لەحزبە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەخاكی هەرێمی كوردستاندا بارەگاو جموجۆڵی سەربازییان دژی ئەو رژێمە هەیە.
رێكەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و حكومەتی هەرێم و بەغدا، لەڕۆژی 19ی ئازاری ئەمساڵدا لەشاری بەغدا واژۆكرا. عێراق بەنوێنەرایەتی قاسم ئەعرەجی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ئێرانیش بەنوێنەرایەتی عەلی شەمخانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران رێكەوتنەكەیان واژۆكرد. تێیدا بڕیار لەسەر ئەوە درا كەپێویستە تا 19ی مانگی ئەیلول سەرجەم خاڵەكانی ئەو رێكەوتنە جێبەجێ بكرێت و ئەو رۆژە وەك دوا وادەی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە دیاریكرا.
بەپێی رێكەوتنەكە، كۆماری ئیسلامی ئێران هەریەكە لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە بەچەكداماڵینی هێزە نەیارەكانی ئێران و داخستنی سەربازگەو كەمپ و بنكەكانی ئەو هێزانە لەعێراق و كۆكردنەوەیان لەناوچەیەكدا كەحكومەتی عێراقی چاودێری و سەرپەرشتی بكات. بەجۆرێك دووربێت لەناوچە سنورییەكانی ئێران. جگەلەوەش راسپاردنی ئەو دوو لایەنە بۆ دەستگیركردنی داواكراوان و رادەستكردنیان بەحكومەتی تاران.
لەئێستادا بارەگای حزبەكانی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشان كە دوو هێزی سەرەكی و كاریگەری رۆژهەڵاتی كوردستانن، دەكەوێتە سنووری زۆنی سەوزی یەكێتی و بارەگاو بنكەی سەربازی پارتی ئازادی كوردستانیش كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پاڵپشتی دارایی و لۆجستی دەكرێت، لەزۆنی زەردە كە دەكەوێتە ژێر سنوری قەڵەمڕەوی پارتییەوە.
حزبەكانی رۆژهەڵات، لەئامادەكاری تەواودان بۆ هەر ئاڵنگارییەك و بەنیازنین بچنە ژێر ركێفی داواكارییەكانی ئێرانەوە، لەوبارەوە سۆران ساڵحی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەهاوڵاتی وت: «ئێمە ئامادەین بۆ هەر ئاڵنگارییەك و لەخەبات و تێكۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین. لەڕوونكردنەوەی حزبەكەشماندا ئەوەمان بەڕوونی باسكردووە».
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەبەیانێكدا بڵاویكردەوە كەهەوڵەكانی ئێران بەرپەرچدەدەنەوەو بۆ ئەوەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادار كردەوە، هەروەك ئەوەی لەبەیانەكەدا هاتووە «پێداگری لەسەر سیاسەتە دروست و ئوسولییەكانی خۆمان دەكەینەوە كە تەبایە لەگەڵ هەموو بەهاو بایەخە نێونەتەوەییەكان. هەروەها تەبلیغاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاساودانی دەستدرێژییەكانی لەوڵاتی دراوسێی و جینایەتە یەك لەدوا یەكەكانی لەدژی پەنابەرانی سیاسی بەرپەرچ دەدەینەوەو رەتیدەكەینەوە».
كاریگەری حزبەكانی رۆژهەڵات لەسنووری سلێمانی، ئێرانی ناچاركردووە كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بانگهێشتی تاران بكات، تا لەنزیكەوە رێنمایی و راسپاردەی نوێ لەبارەی ئەم پرسەوە بدرێت بەناوبراو. لەوبارەوە دكتۆر كاروان حەمەساڵح چاودێری سیاسی بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت «ئەم سەردانە بۆ نیشاندانی جدییەتی خودی خۆیەتی بەرامبەر داواكەی ئێران، لەلایەكی ترەوە ئێران بۆ ئێستا یەكێك لەو دۆسیانەی كەگرنگی پێدەدات، پرسی هێزە كوردییەكانە كە هەمیشە مەترسی بوون لەسەر ئێران بەتایبەت لەم دواییانەدا لەخۆپیشاندانەكاندا گرفتیان بۆ دەسەڵاتی ئێران دروستكردبوو».
میدیاكانی ئێرانیش بەگرنگییەوە باسی ئەم سەردانەی تاڵەبانی دەكەن و لەدوایین لێدوانیشیدا ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند كەبەرپرسانی هەرێم و حكومەتی عێراق بەڵێنیان بەتاران داوەو هیواشی خواست كەشاهیدی جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانە بن كەهەردوو لایەن بەكۆماری ئیسلامی ئێرانیان داوە، بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە كەسەردانەكەی تاڵەبانی پەیوەندی بەپرسی رێكەوتنی داماڵینی چەكی هێزە نەیارەكانی ئێرانەوە هەبێت.
هاوڵاتی لەسەر سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران پەیوەندی بەوتەبێژی یەکێتی و چەند بەرپرسێکی مەکتەب سیاسی حزبەکەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون قسە لەسەر بابەتەکە بکەن.
هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كەسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی داوای درێژكردنەوەی وادەی چەكداماڵینی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كردووە تا كاتی زیاتر لەبەردەست بێت بۆ ئەوەی بەشێوازو میكانیزمی تر ئەو پرسە چارەسەر بكرێت، بەڵام ئێرانییەكان ئەوەیان رەتكردووەتەوەو بە تاڵەبانی-یان وتووە كە ئامادەنین ئەو وادەیە درێژبكەنەوە، لەوبارەوە دكتۆر كاروان حەمەصاڵج بەهاوڵاتی وت «رەنگە بەشێكی سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتی بۆ درێژكردنەوەی ئەو وادەیە بێت، تا كاتی زیاتر لەبەردەستبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە بەشێوازو میكانیزمی تر، بەڵام ئایا لەلایەن ئێرانییەكانەوە گوێی لێدەگیرێت یان نا ئەوە بابەتێكی ترە، بۆ هەر ئەگەرێكیش ئێران سورە لەسەر جێبەجێكردنی رێكەوتنەكەو لەو رووەشەوە فشاری بۆ هەردوو هەرێم و بەغدا زیاتر كردووە.»
رۆژی سێشەممەش فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا سەبارەت بەچەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەهەرێمی کوردستان رایگەیاند، «عێراق دەستیکردووە بەجێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەی لەگەڵ ئێران و پابەندە بەو رێککەوتنەوە».
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، «رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی بنکە و بارەگای لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسنورەکانی عێراق-ئێران و ئێران ناکرێت لەڕێی بەزاندنی سەرەوەری عێراق هەوڵی توندوتیژی و هەڕەشە بدات»، ئەو هێزانە ئێستا لەهەرێمی کوردستان کەمپیان بۆ دروستکراوەو بەشێکیان لەو کەمپانە نیشتەجێکراون و لەسنوری ئێران دوورن، بۆیە بەو شێوازەیە کەئێران داوای دەکات.
پارتی دیموكراتی كوردستان، بەنوێنەرایەتی رێبەر ئەحمەد لەكۆبوونەوەو دانیشتنەكانی تایبەت بەو پرسە ئامادەیی هەبووەو بۆ ئەوەش بەرپرسانی ئێران داوای هاوكارییان لەبارزانی كردووە، بەڵام رەنگە پارتی مەرجی هەبێت و پێچەوانەی یەكێتی بەئاسانی نەچێتە ژێر ركێفی ئێرانەوە، لەوبارەوە دكتۆر كاروان حەمەصاڵح بەهاوڵاتی وت «رەنگە پارتی كارتی فشاری خۆی بەكاربهێنێت و بەرامبەر ئەو داواكارییەی ئێران چەند مەرجێكی هەبێت، لەوانە پرسی موچەو ناچاركردنی ئێران بەفشار خستنەسەر بەغدا بۆ ناردنی مووچەو پرسی نەوت و هەندێ بابەتی تر».
ئەمە یەكەمین جار نییە حزبەكانی رۆژهەڵات دەكەونە بەر هێرش و پەلاماری كۆماری ئیسلامی ئێران، لەماوەی 32 ساڵی رابردووی تەمەنی حكومەتی هەرێمدا بەشێوازو میكانیزمی جیاواز مەترسی لەسەر ئەو حزبانە دروستبووە، هەر لەتیرۆركردنی سەركردە دیارەكانیانەوە تادەگاتە بۆردومانی بەردەوام و هەمیشەیی بۆسەر بنكەو بارەگاو كەمپی نیشتەجێبوونیان. دیارترین هێرش و پەلاماریش ئەو پرۆسەیە بوو كەپاش 31ی ئابی ساڵی 1996 و بەڕێبەری یەكێتی كرایەسەر بارەگاكانی دیموكرات و كۆمەڵە كە بەهۆیەوە گورزێكی كوشندەو كاریگەر بەر ئەو حزبانە كەوتن.