دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە تورکیا هێرشی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا؛ زەنگی ئۆپەراسیۆنی نوێ لێ دەدات
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای تەقینەوەکەی بەردەم ئاسایشی گشتی ئەنقەرە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامدانی لە ئەستۆ گرت، تورکیا رایگەیاند کە چەندین هێرشیان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دوو کەس بۆمبێکییان لە نزیک بارەگاکانی حکومەت لە ئەنقەرە تەقاندەوە کە تورکیا دەڵێت دوو پۆلیس برینداربوون. دوای هێرشەکە پەکەکە بەرپرسیارییەتی ئەنجامدانی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند جەند کەسێک لە گروپی "تابوری نەمران" هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
دوای ئەم هێرشە، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا 20 ئامانج و ئەشکەوت و پەناگە و کۆگای پەکەکەیان لە هەرێمەکانی مەتینا و خواکورک و قەندیل و گارا لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەوەش هاتووە کە چەندین گومانلێکراویان لە ئەستەنبوڵ دەستگیرکردووە.
هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبونەوەی پەرلەماندا لە وتارێکدا بەناراستەوخۆ زەنگی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لێدا و وتی "ستراتیجیەتمان هەیە بۆ پاراستنی سنوری باشوری وڵات لەرێی پشتێنەیەک بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر" و بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی جموجوڵەکانی ئەوێ و هەنگاوی نوێیان تەنها پەیوەستە بە کاتەوە.
تورکیا لە ساڵی 2015ەوە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەکەکە ئەنجامداوە، بەبێ رەچاوکردنی ناوچەی مەدەنی هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا سەدەها قوربانی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی CPT ئەمریکی لە ساڵی 2023دا نۆ کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوەکە دەڵێت لە ساڵی 2015 بۆ 2022، 98 خەڵکی سڤیل بە هێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە.