zhyr

هاوڵاتی دوایین زانیاری لەبارەی ناردنی دوایین گوژمەی 700 ملیارە قەرزەكەو چارەنووسی سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرادەكات

وتەبێژی حكومەت دڵنیایی دەدات كەساڵی داهاتوو كێشەی مووچە لەهەرێم چارەسەر دەبێت

11 مانگ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

 

بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و ژمارەی فەرمانبەران، بەنزیكەیی هەر خێزانێك مووچەخۆرێكی كەرتی گشتی بەردەكەوێت، بەوپێیەش نزیكەی 20٪ی دانیشتوانی هەرێم سەرچاوەی سەرەكی بژێوییان ئەو موچەیەیە كەوەریدەگرن، ئێستاش چارەنووسی ئەو مووچەیە لەدەستی حكومەتی عێراقدایە.

ئەو قەرزەی حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی دەنێرێت دوو گوژمەی نێردراوەو تەنها یەك گوژمەی ماوە، بەوتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتی كۆتا گوژمەی قەرزە 700 ملیاریەكە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگاتە هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرچاوەكە سەبارەت بەناردنی سێ گوژمەی دیكە لەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كەسەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای لەسەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە بێئاگایی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت»ئەوە پەیوەستە بەو پاكتاوەی دەبێت لەكۆتایی ساڵ لەنێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامبدرێت».

دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران حكومەتی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر فشارەوە، بەشێوەیەك لەهەموو بۆنەیەكدا كەقسە دەكەن داوای ناردنی پارە لەبەغداوە بۆ هەرێم دەكەن، مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم چەندین جارو جێگرەكەشی چەند جارێك داوایان لەبەغدا كردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا بنێرێت، تەنانەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی كوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی دیدارێكدا لەدهۆك رایگەیاند «فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لەهەرێم لەدۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەعێراق».

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم رۆژی 20-11-2023  رایگەیاند: 700 ملیار دینارەكە تاكۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەگاتە هەرێمی كوردستان، لەسەرەتای ساڵی داهاتوو وەفد نانێرین بۆ داواكردنی مووچە بەڵكو هەوڵی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی مووچە دەدەین لەگەڵ بەغدا.

وتیشی: حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوی فەرمی كردووە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت، داوای تەرازووی پێداچوونەوەیان كردبوو، تەرازووی پێداچوونەوەشیان بۆ نێردراوە.»

بەپێی رێككەوتنەكەی بەغداو هەولێر كە لە 15ی ئەیلولی 2023 ئەنجامدرا، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ 700 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت كە تائێستا دوو گوژمەی گەیشتووەو تەنها یەك 700 ملیار ماوە بگات. حكومەتی هەرێم گوژمەكانی پێشووی بۆ مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت خەرج كردووە.

پیشەوا هەورامانی لەبارەی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەكە وتی: بەپێی وادە دەبێت تاكۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەكە بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كەبڕیارە بۆ مووچەی مانگی نۆ دابەش بكرێت.

تائێستا روون نییە كە بۆ مانگەكانی 10 و 11 و 12 چ میكانیزمێك بەكاردەهێنرێت بۆ دابەشكردنی مووچە و حكومەتی عێراقیش هیچ بڕیارێكی نەداوە كە قەرزی تر بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

لەوبارەیەوە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» سەبارەت بەبەشی سێیەمی 700 ملیار دینارەكە شتێكی یەكلاكەرەوەیە كەهەر دەبێت كۆتایی ئەم مانگە بنێردرێت، دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم (میزانی مراجەعە) رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەكات».

وتیشی:» بەڵام بۆ مووچەی مانگەكانی دیكە كەوتووەتە سەر ئەو پاكتاوە داراییەی كە لەنێوان هەرێم و بەغدا دەبێت بكرێـت لەكۆتایی ساڵدا بۆ ئەوەی لەپشكی هەرێمی كوردستان ئەوەی دەمێنێتەوە لەو قەرزانەی كەوەریگرتووەو لەگەڵ لێدەركردنی خەرجی حاكیمەو سیادی ئەوكات هەرچەندی لێ بمێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت ئەگەریش بەشنەكات دەچێتە سەر پشكی هەرێم لەساڵی 2024 ئەمەش كاتێك دەردەكەوێت كە لەكۆتایی ساڵ ئەو پاكتاوە داراییەی هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت».

پێشتر مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو لەكۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوو پرسیاری خستووەتە بەردەم كەهەردووكیان تایبەت بوون بەو دوو نامەیەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كەئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق روونیشیكردووەتەوە لەبارەی هەمواركردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و چارەسەركردنی كێشەی (خەرجی فعلی) كەبووەتە هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجە، بە محەمەد شیاع سوودانی راگەیاند هەڵوێستی لەسەر ئەمە چییە؟ ئەویش لەوەڵامدا پێی وتوون» نامەكانمان بەدەستگەیشتووەو كاریشمان لەسەر كردوون، بابەتی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایەو لەگەڵ ئەوەین ئەو بڕگەیە هەمواربكرێتەوەو چارەسەری ئەم بابەتە بكرێت، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكردنین و هەمواركردنەوەكەش لەدەست دەسەڵاتی یاسادانانەو هەر یاسایەك دەربكەن و هەمواری بكەنەوە، ئێمە جێبەجێی دەكەین».

بەوتەی مەریوان قەرەنی، لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و بەردەوامبوون لەسەر ناردنی قەرزی سێ مانگ بۆ هەرێم سودانی وتوویەتی:» بابەتی بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون لەناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگی تریش جگە لەو سێ مانگەی بڕیاری لێدراوە، لەدەست ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، ئەو پارەیەی لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دیاریكرابوو تا بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرن زۆر كەمترە لەپێویستیی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەو تەنانەت ئەو 700 ملیار دینارەشی دیاریكراوە، هێشتا كەمترە لەو پارەیەی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە پێویستیەتی».

وەك جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق باسیكردووە سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتی لەوەش كردووەتەوە كە لایەنەكانی راسپاردووە تاڕۆژی یەكی مانگی داهاتوو، بەشی سێیەمی ئەو 700 ملیار دینارە بنێرن بۆ هەرێمی كوردستان كەپێشتر بڕیاری ناردنیان دابوو.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان بەغداو هەرێم، لە 14-9-2023 وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای كرد. وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

دوای دوو رۆژ لەو سەردانە حكومەتی عێراق بڕیاریدا مانگانە 700 ملیار دینار قەرز بداتە حكومەتی هەرێم، واتە بۆ هەر مانگێك 700 ملیار دینار تائێستاش دوو گوژمەی ئەو پارەیەی ناردووە.

پێش سەردانی ئەو وەفدە باڵایە چەند جارێك وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووەو وردبینییان بۆ لیستی موچەو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە.

لەساڵی 2014ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئابوری سەربەخۆی راگەیاند، تامانگی ئاداری 2023 بەهۆی دۆڕاندنی دۆسیەیەك لەدادگای ناوبژیوانی پاریس هەرێمی كوردستان ناچاربوو فرۆشتنی نەوتەكەی بەشێوەی سەربەخۆ رابگرێت و تائێستاش هەرچەندە هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامە بەڵام هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستیپێنەكردووەتەوە.

چارەنووسی سێ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە 2023 بەنادیاری دەمێنێتەوە

 حكومەتی هەرێم لەمساڵدا توانای خەرجكردنی (9) موچەی دەبێت بەبڕی (8 ترلیۆنو 496 ملیار) دینار لەكۆی (11 ترلیۆنو 328 ملیار) دیناری كۆی ساڵەكە، بەوپێیە لە 2023دا چارەنووسی (2 ترلیۆنو 832 ملیار) دیناری موچەی سێ مانگی موچەخۆران بەنادیاری دەمێنێتەوە، كەدەكاتە (25%)ی تێكڕای خەرجی موچەی موچەخۆران.

حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (944 ملیار) دینارە بۆ خەرجی موچەی (ملیۆنێكو 255 هەزار) موچەخۆر، تائێستا كە لەكۆتایی مانگی (11)داین، موچەی (8) مانگ خەرجكراوەو هێشتا فەرمانبەران چاوەڕێی مووچەی مانگی (9) دەكەن.

ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی هاتنی گوژمەی سێیەمی 700 ملیارەكەیە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی (9)، ئەمە لەگەڵ بڕی (320 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆو (25 ملیار) دیناری یارمەتی هاوپەیمانان، لەم دۆخەدا موچەی مانگەكانی (10-11-12) بەنادیاری ماوەتەوە.

ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (1 ملیۆنو 255 هەزار) كەسە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستان (6 ملیۆن) كەس بێت، ئەوا (20%)ی دانیشتوان سەرچاوەی سەرەكی داهاتیان لەو موچەیەوە دێت كە لەكەرتی گشتی وەریدەگرن.

بەپێی داتاكانی دەستەی ئامار، ژمارەی خێزان لەهەرێمی كوردستان (1 ملیۆنو 201 هەزار) خێزانە، بەم پێیە بەنزیكەیی هەموو خێزانێك موچەخۆرێكی بەردەكەوێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار