دادگای فیدڕاڵی یان دیوەخانی خێڵ؟
12 مانگ لەمەوپێش
ئومێد بابان
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە لەکارلادانی محەمەد حەلبووسی لەپۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شیکاری زۆر هەڵدەگرێت و کاردانەوەی زۆریشی بەدوادا دێن.
لێرەدا تەنیا قسە لەسەر لەکارلادانی حەلبووسی نییە وەک سەرۆکی حزب و نوێنەری زۆرینەی سونەکانی عێراق، بەڵکو ئاماژەدانە بەلێکەوتەی بڕیارە مەترسیدارەکانی ئەو بەناو دادگایە، کەپتر وەک خێوەتگەی خێڵێک یان زیاتر، دەردەکەوێت و هەموو بڕیارو راسپاردەو ئاماژەکان لەسەرۆکی خێڵ و سەرۆکی عەشیرەت و دەمڕاستی دیوەخانەکان وەردەگرێت.
ئەو دادگایە، کەهەرگیز پشت بەپرەنسیپە سەرەتاییەکانی یاساو دەستوورە باوەکان نابەستێت، بەئارەزووی خۆی دەست دەخاتە نێو کاروباری تێکڕای دەزگاو دامەزراوە میرییەکانی وڵات و ئۆکەی بۆ هەر بڕیارێک دەکات کەپەرتەوازەیی و دووبەرەکی، لێکترازان و دژبەری لێبکەوێتەوە.
هەمان ئەو بەناو دادگایە، بڕیارێکی زۆر خەتەرناکی بەرامبەر گەلی کوردستان داو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، دەرەنجامەکەشی برسیکردنی هاووڵاتیان و بڕینی قوت و بژێویی کوردستانیان بوو.
لەئێستادا، کەدۆخێکی نەخوازراو چاوەڕێی عێراق دەکات و کوردو سونەکانیش پەراوێزخراون، کۆدەنگی، یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی کوردو سونەش گرنگن.
بۆ؟ چونکە ئەو سیناریۆیانە بەپێی کات بەردەوام دەبن و رەنگە (شیعیزم) تاکلایەنە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکات و هەموو عێراقییەکان، بەکوردستانیانی باشووریشەوە، رادەستی ئێران بکات.
دواجار دەشێ دەسەڵاتە رەهاکانی ئەو دادگایە سنووردار بکرێن، دەکرێ کوردو سونەو سەدرییەکان، بەیەکبڕیاری چۆک بەو دەسەڵاتە بەناحەق شەرعێندراوەدا بدەن.