غەززە؛ لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕدا زیاتر لە 109 کەس گیانیان لەدەستدا

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕ دوای ئاگربەست، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، تاوەکو ئێستا 109 کەس گیانیان لەدەستداوە و ئەمریکا دەڵێت  لە هەوڵداین بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دیکە.

بەیانیی ئەمڕۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتاییهات و تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕی دوای ئاگربەست، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، تاوەکو ئێستا 109 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەم پەیوەندەدا جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەوڵەکانی نێوەندگیری لەگەڵ ئیسرائیل و میسر و قەتەر بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی مرۆیی دیکە لە غەززە بەردەوامین.

ئاگربەستی مرۆیی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزونەوەی حەماس لە دوای حەوت رۆژ لە ئاڵوگۆڕکردنی دیل و بارمتەکان، هەروەها ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە کۆتایی هات.

سوپای ئیسرائیل لەم بارەیەوە دەڵێت لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، لە کاتژمێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە  دەستیان بە هێرشەکانیان کردووەتەوە و لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە پێگەی گرووپە چەکدارەکانیان لە باکوور و باشووری غەززە کردووەتە ئامانج.

هاوکات بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "لە تۆڵەی کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل"، چەند پێگەیەکی ئیسرائیلیان بە هاوەن کردوونەتە ئامانج و بە مووشەکیش شاری سدیرۆتیان بۆردوومان کردووە.

لەو بارەیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر ئیسرائیل پێویستە هەنگاوی کاریگەرتر بگرێتە بەر بۆ پاراستنی گیانی گاوڵاتیانی سیڤیل، بە تایبەتی لەو ناوچانەی غەززە کە هاوڵاتیانی تێدا ماوەتەوە.

لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار