تا ساڵی ٢٠٢٦ هاوکاری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە سفر دەبێتەوە و هەنگاوەکانی چاکسازی بەسستی بەڕێوەدەچن
10 مانگ لەمەوپێش
شەنای فاتیح
بەگوێرەی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ساڵی ٢٠٢٦ دیاریکراوە وەک کۆتا وادە بۆ یەکگرتنەوەی ئەو هێزانەی سەر بەپارتی و یەکێتین لەژێر هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: دەستتێوەردانی حزبی هەیە کەوایکردووە پڕۆسەکە بەخاوی بەڕێوەبچێت.
لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەستکرا بەتێکەڵکردنی هێزەکان و لەسەرەتادا تواندرا (١٢) لیوای هاوبەش پێکبهێندرێت، جگە لەوەش چەندین لیوای دیکە پێکهێندراون کە تائێستا ژمارەیان گەیشتووەتە (٣٠) لیوا، یەک لیوا چوونەتە سەر وەزارەتی بەرگری لیوای ٢٠و هەندێکیان لەپڕۆسەدان.
وتیشی: دوا وادە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دیاریکراوە بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکان ساڵی ٢٠٢٦یە، تاڕادەیەکی باش کار بۆ پڕۆسەکە کراوە، بەڵام بێ کەموکوڕیش نییەو رێگری بەربەستی هەیە، «ئاستەنگی پڕۆسەکەش شەڕی چەند ساڵەی چەکدارانی داعش و کێشەی دارایی و نەبوونی بودجەیەکی سیادی دیاریکراو، دەشتوانین بڵێین دەستتێوەردانی حزبی هەیە کەوایکردووە پڕۆسەکە بەخاوی بەڕێوەبچێت».
سەبارەت بەهاوکارییەکانی هاوپەیمانان، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە وتی: هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بەردەوامە، بەڵام بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا واژۆ کراوە، ساڵانە بەڕێژەی ٢٥٪ کەمدەکات، «بەمەش تاساڵی ٢٠٢٦ سەرجەم هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەوەستێندرێن، ئەگەری تازەبوونەوەی یاداشتنامەکە هەیە ئەگەر پڕۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوە بەباشی بەڕێوەبچێت».
هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نوێ نییەو ٣٨ ساڵە بەردەوامە، بەڵام تائێستا ئەنجامێکی ١٠٠٪ی نەبووە، یەکەم هەوڵی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی 1986 دا بوو لەئێران کە جەلال تاڵەبانی و ئیدریس بارزانی رێککەوتنێکیان لەسەر دامەزراندنی بەرەی کوردستانی واژۆ کرد، هەمان رێککەوتن واژۆکردنی بڕیاری لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی تێدابوو، لەساڵی 2014دا پەرلەمانی کوردستان لەبڕیاری ژمارەی 19ی بڕگەی چوارەمی مانگی تەمموزدا بڕیاریدا کەپێویستە حکومەتی هەرێم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بخاتە بەرنامەی کارەوەو لەماوەی شەش مانگدا تەواوی پڕۆسەکە ئەنجامبدرێت.
لەهەمان ساڵداو لەمانگی کانوونی یەکەمدا، مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان حەوت بڕیاری دەرکرد تایبەت بەیەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، لەخاڵێکدا داوای یەکخستنەوەی بەپەلەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، لەخاڵێکی دیکەشدا بڕیاریدا هەر هێزێک لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوونی هەبێت بەنایاسایی دەژمێردرێت.
پاش سێ ساڵ لەکۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەئامادەبوونی نوێنەرایەتی هەریەک لەئەمریکاو بەریتانیاو وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بەداعش بڕیاردرا بەیەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەماوەی سێ ساڵدا، لەناوەڕاستی ٢٠٢١یشدا پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە سەری هەڵدایەوە، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: «کارێکی ئاسانە».
بەرپرسی میحوری مەخمور- گوێر: « پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر داواکاری هاوپەیمانان نییە».
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری مەخمور- گوێر لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی رایگەیاند: تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هیچ هێزێک نامێنێت لەسەر یەکەکانی ٧٠ و ٨٠، هەمووی دەچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو تائێستاش پڕۆسەکە بەردەوامەو دەکرێن بەلیوا لەسەر داوای هاوپەیمانان بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەکانی ئەمریکادا هەیە، دوو فیرقەی پێشمەرگە دامەزراون و ئەمساڵیش دوو فیرقەی دیکە دادەمەزرێن.
وتیشی: «پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر داواکاری هاوپەیمانان نییە، پێش شەڕی داعش سەرکردایەتی سیاسی کورد لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی بڕیاریاندا پێشمەرگە یەکبخرێنەوە، ئەو لیوا هاوبەشانە دروستکران ئەوکات دروستکران و گەیشتنە لیوای ١٤ کەتێکەڵ بکرێن و شەڕی داعش دەستیپێکرد، کەکێشەی گەورەتر هاتە پێشەوەو وازیان لەپڕۆسەکە هێنا».
سەبارەت بەدۆخی ئەمنی و هاوکاری هاوپەیمانان سیروان بارزانی رایگەیاند: دۆخی ئەمنیەت باشەو ئەو داعشەی جاران نەماوە، بەڵام جموجۆڵیان زیادی کردووەو تەنها لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هەشت جار چەکدارانی داعش لەسنووری میحوەری ئێمەدا بینراون.
«ئەرکی هاوپەیمانان لەئێستادا تەنها راوێژکردنەو بەشداری لەهێرشەکاندا ناکەن و پێداویستی پێشمەرگە لەبودجەو تەقەمەنی کەمەو ئەو هاوکاریانەی بۆ پێشمەرگە دێن کەمن».
زیاتر لە ١٠ ساڵە هەوڵ بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەدرێت، بەڵام تائێستاش پڕۆسەکە بەتەواوی جێبەجێنەکراوە، لەکاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە دوو (یاسای چاکسازی لەمووچە و دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لەهەرێمی کوردستان) ساڵی ٢٠٢٠ دەبێت ژمێریاری ئەو دوو هێزە هەڵبوەشێتەوەو بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لەیەکخستنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دا لەوەزارەتی پێشمەرگەر دوو فیرقە دروستدەکرێت، یەکێکیان لەسلێمانی و کەرکوک، ئەوی دیکەش لەهەولێر، هاوکات هێزێکی یەدەگیش لەوەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەو پێشمەرگانەی کەساڵانێکە زۆرە خزمەت دەکەن و تەمەنیان هەیە دروستدەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان خاوەنی ٢٢ لیوایە، بەفەرمی ١٢٥ هەزار پێشمەرگەیە، کەدوو لیوایان لەچوارچێوەی لیوای هاوبەشە بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کەسەر بەوەزارەتی بەرگری عێراقن، لەبەرامبەریشدا هێزەکانی ٧٠ی یەکێتی و ٨٠ پارتی هەن، ئەمریکاش سوورە لەسەر یەکخستنەوەی ئەو دوو هێزە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان: یەکێک لەکێشەکان دامەزراندنێکی زۆرە لەناو هێزە تایبەتەکاندا بەناوی جۆراوجۆر.
رزگار حەمە مەحمود، بڕیاردەی لیژنەی پێشمەرگە لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەڕاستیدا لەماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە چەندین جار هاوپەیمانان لەگەڵمان کۆبوونەتەوەو هۆشداریان پێداوین و رایانگەیاندووە، ئاگاداری سەروو خۆتان بکەن کەئێمە ناتوانین هاوکارییە لۆجیستی و سەربازییەکانمان بەردەوام بێت، چەندیجار ماوە ماوەیان داناوە کەهێزەکان یەکبگرنەوە، بەڵام بەداخەوە ماوەکە تێپەڕیوەو هێزەکانیش وەک پێویست نەچونەتەوە سەر هێزەکانی پێشمەرگە.
وتیشی: لەکابینەی نۆی حکومەتی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەندێ کار کراوە لیواکان لە١٦ لیواوە ئێستا بوونەتە ٣٠ لیوا لەهەردوو هێزەکەو ئێستا لەسەر هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کەهاوپەیمانان هاوکارییەکانیان کەمکردووەتەوە، کاتێک لیواکان ١٦ لیوا بووە، ٢٠ ملیۆن دۆلار وەک سولفە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان دەکرا، ئێستا لیواکان بوونەتە ٣٠ لیوا بەڵام هاوکارییەکان بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار کەمکراوەتەوە.
« دیاریکردنی ساڵی ٢٠٢٦یش وەک وادەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، پێم وانییە ئەو کاتەش ئەم هێزانە یەکبخرێنەوە، چونکە ئەم حزبانەی هەرێمی کوردستان بەدیاریکراوی یەکێتی و پارتی پێویستیان بەهێزێکە خۆیان خاوەنی بن چونکە کاریان پێیەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کاتی پێویستیان و پاراستینی بەرژەوەندیان،هەروەها کێشەیەکی دیکە هەیە ئەویش دامەزراندنێکی زۆرە لەناو هێزە تایبەتەکاندا بەناوی جۆراوجۆر، لیوایەک لەهێزەکانی ٧٠و لیوایەک لەهێزەکانی ٨٠ دەچنە سەر هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە بەڵام بەهێزی دیکە لەژێر ناوی دیکەدا جێگایان پڕدەکرێتەوە، هاوپیمانانیش نیگەران بوون» رزگار حەمە مەحمود وای وت.
بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد کەچەندین جار کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانان و سەرۆکایەتی هەرێم و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامداوە، دووجار سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کردووە، لەسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش کاتێک باسم لەگیروگرفتەکان کرا لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی هەرێم، پێشنیاریان کرد لیژنەیەک پێکبهێندرێت سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەو دیوانی ئەنجومەنی وەزیران نوێنەریان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان پەرلەمان نوینەری خۆیان دیاریکرد بەڵام تاتەواوبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرت.
رزگار حەمە مەحمود وتیشی: چەندین جار هەوڵماندا سەردانی لایەنە حزبییەکانیش بکەین، ئێمە چەندجارێک کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامداوەو خودی وەزیر پێی راگەیاندووین «ئەم داواکارییە قورسەو تەنها یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا دەتوانن ئەم بڕیارە بدەن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە»، چونکە تەنها هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ نین هێزی دیکە بەناوی دیکەوە هەن، هاوپەیمانان ماوە دیاریدەکەن و هۆشداری دەدەن، بەڵام ناکاتە ئەوەی نیەتێک لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە هەبێت، بەڵام تائێستا ئەو نیەتە نییە.
«لەکابینەی هەشتەمدا ٨٤٠ ملیار دینار بۆ کۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەراخان دەکرا، بەڵام لەکابینەی نۆیەمدا ژمارەکە بۆ ٩٧٥ ملیار دینار زیادکرا، ئەوەش کەژمارەی موچەخۆرانی زیاد کردووە لەسەر وەزارەتی دارایی هێزەکانن» رزگار حەمە مەحمود وای وت.
بەپێی راپۆرتێکی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان، لەمانگی ئاداری ٢٠٢٢، ژمارەی هێزەکانی ٨٠ کە سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستانە لەنێوان ٦٣ بۆ ٦٨ هەزار پێشمەرگە دەبن، ژمارەی هێزەکانی ٧٠ کە سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەنێوان ٤٠ هەزار بۆ ٤٥ هەزار پێشمەرگە دەبن.
لەم چەند ساڵەدا کە وەزارەتی پێشمەرگەش هەیە، تەنیا توانیویەتی، سەرپەرشتی ٢٠ فیرقەی هاوبەش، دوو هێزی پشتیوانی هاوبەش، سێ سەنتەری راهێنانی هاوبەش، لەگەڵ کۆلێژێک لە رانییە بکات، کەئاشکرانییە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەوانەدا هەیە، یان قەیرانێک بەئاسانی لێکیان جیادەکاتەوە.
هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان ساڵ لەدوای ساڵ کەمتر دەبنەوە، وەک نموونە، لەساڵی ٢٠٢١، ئەمریکا نزیکەی ٥١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان داواکرد، لەساڵی ٢٠٢٢ ئەو هاوکاریانە بۆ ٣٤٥ کەمبووەنەوە، لە ٢٠٢٣ نزیکەی ٣٥٨ ملیۆن دۆلار بوو، بۆ ساڵی ٢٠٢٤یش بڕێک پارە کەنزیکەی ٣٩٨ ملیۆن داواکراوە بۆ هەموو خەرجییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا.