پرۆسەی تەلبەندکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم و ئێران راگیرا
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی تەلبەندکردنی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی و وەزارەتی ناوخۆی راسپارد بە پرۆسەکەدا بچنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریدا بە راگرتنی تەلبەندکردنی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی.
لە بارەی ئەو بڕیارەوە کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند "سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە پرۆسەی تەلبەندکردنی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران رابگرێت تا پێداچوونەوە دەکرێت بەو گلەیی و ناڕەزایەتییانەی کە خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانە هەیانە و کێشەکانیان چارەسەردەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد "وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێداچوونەوە بە پرۆسەکە دەکات و چارەسەری ئەو کێشانە دەکات کە هەیە، چونکە نابێت بستێک لە خاکی هەرێم و عێراق لەم پرۆسەیە بە فیڕۆبچێت".
وتیشی "ئەم راگرتنە کاتییە و پرۆسەی تەلبەندکردنی نێوان ناوچە سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی گرنگە بە تایبەت کە رێگری لە قاچاغ دەکات".