دوکاندارانی شەقامی سالمی سلێمانی بەبڕی ٥٠٠ هەزار دینار سزادران

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شارەوانی سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ  بڕی ٥٠٠ هەزار دینار سزای دوکانداران و خاوەن عەرەبانەکانی شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) یدا بەهۆی هەبوونی پیسی لەبەردەم دوکان و عەرەبانەکاندا و خاوەن کارەکانیش ناڕەزایی بەرامبەر ئەو بڕیارە دەردەبڕن .

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک خاوەنکار لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییان سازکرد و باسیانلەوەکرد کە ئێوارەی ئەمڕۆ شارەوانی سلێمانی سەرجەم دوکان و سەر عەرەبانەکانی شەقامەکە گەڕاوەو بە بڕی ٥٠٠ هەزار دینار غەرامەی کردوون بەهۆی ئەوەی بەردەم شوێنی کارەکانیان پاک نەبووە.

ئەوان دەڵێن، هۆکاری پیسی شەقامەکە ئەو هاوڵاتییانەن کە بەوێدا هاتوچۆ دەکەن و پاک ڕایناگرن بەو پێیەی ئەو شەقامە زۆرترین گەستیار و هاوڵاتی سەردانی دەکات و هاتوچۆی پێدا دەکات.

هاوکات لە پرسیارێکی پەیامنێری هاوڵاتیدا کە ئایا سەرجەمی دوکاندار و عەرەبانەچییەکان پێکەوە غەرامە کراون، ئەوەیانڕونکردەوە کە " هەمووی غرامە کراوە جگە لەو دوکاندارانەی بەرپرسێک یان کەسێک دەناسن ئەوان وەسڵەکانیان بۆ ڕەشکراوەتەوە".

جێگەیباسە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شارەوانی سلێمانی  لە ڕاگەیەندراوێکدا خاوەن دوکاندار و عارەبانەکانی ئەو شەقامەی ئاگادار کردەوە لە پیسبونی شەقامەکە  و ڕایگەیاند،   "سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەندینجار هۆشیاریمان بڵاوکردووەتەوە و رێنماییمان داوەتە کاسبکار و دوکاندار و دەستگێڕەکان کە پێویستە پابەندبن بە پاکڕاگرتنی شوێنکارەکانیان و پاکوخاوێنی شۆستە و شەقامەکان بپارێزن، بەڵام بە داخەوە لە ماوەی سێ رۆژی ڕابردوودا شەقامی سالم و ناوبازاڕ بەشێوازێک پیسکراوە کە لە توانای ژینگەپارێزە بەڕێزەکان دەرچووە".

لە ڕاگەیەندراوەکەی شارەوانیشدا ئاماژە بەوەشکراوە "جارێکی تر هۆشداری دەدەین کە لە ئەگەری پابەندنەبوونیان بە پاراستنی ژینگەی شارەکەمان ناچار دەبین بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان بگرینە بەر لە تاوانەکردن و داخستنی دوکان و شوێنکارەکانیان و گلدانەوەی عەرەبانەکان وکەپرو مێزەکانتان".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار