ناکۆکییه‌کانى پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ر کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک قوڵده‌بێته‌وه‌

ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هه‌وڵه‌کان بۆ کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک به‌رده‌وامه‌ و ناکۆکییه‌کانى پارتى و یه‌کێتیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ قوڵبووه‌ته‌وه‌، ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ پشکى یه‌کێتى ده‌ڵێت نابێت ئه‌و پرسه‌ له‌سه‌ر هیچ حزبێک په‌کیبکه‌وێت، ئه‌ندامێکى پارتیش له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ یه‌کێتى تۆمه‌تبارده‌کات به‌وه‌ى له‌گه‌ڵ تورکمانی و عەرەبه‌کان له‌ هه‌وڵى ڕێککه‌وتندایه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌.

رۆژى چوارى ئه‌م مانگه‌، ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک به‌ وه‌کاله‌ت، عیرفان که‌رکولى سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی ڕاسپارد بۆ به‌ڕێوه‌بردنى کۆبوونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، ئه‌وه‌ش به‌یه‌که‌م هه‌نگاوى کرداریی بۆ کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دانرا که‌ زیاتر له‌ ساڵێکه‌ په‌کیکه‌وتووه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌رى ئه‌ندامى لیستى برایه‌تى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک (یه‌کێتی) به‌ سایتى هاوڵاتى وت "لیسته‌کانى ناو ئه‌نجومه‌ن به‌رده‌وامن له‌ ئه‌نجامدانى کۆبونه‌وه‌ بۆ کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن، جۆره‌ نزیک بوونه‌وه‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌نێوانیاندا، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌نجامى کۆتایی".

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى پارتى و یه‌کێتیشه‌وه‌، عه‌سکه‌رى باسى له‌وه‌کرد، که‌ تا ئێستا په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ره‌وپێشچوونى به‌خۆوه‌ نه‌بینوه‌، جه‌ختیکرده‌وه‌، نابێت کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن له‌سه‌ر هچ لایه‌نێک په‌کیبکه‌وێت.

له‌دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى ڕابردووه‌وه‌ ئه‌ندامانى پارتى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ که‌رکوک و ئه‌نجومه‌نه‌که‌ش هیچ کۆبونه‌وه‌یه‌کى ئه‌نجامنه‌داوه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌رى وتى "به‌هۆى په‌ککه‌وتنى ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ چه‌ندین کار په‌کیان که‌وتووه‌، ده‌بێت ئه‌نجومه‌ن کارابکرێته‌وه‌ بۆ ڕایکردنى کاروباره‌کان، به‌تایبه‌تى پرسی خه‌رجکردنى بودجه‌ى پارێزگاکه‌ و چاودێریکردنى".

حزبه‌ کوردستانییه‌کانى که‌رکوک مانگى ڕابردوو له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ له‌ قه‌ره‌هه‌جیر له‌ نزیک که‌رکوک ئه‌نجامیاندا ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، هه‌روه‌ها پارتی و یەکێتی لە دوایین کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیدا، بڕیاریاندا لیژنەی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و پێشنیازەکان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێکبهێنن.

محەممەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک (پارتى) به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگه‌یاندووه‌، یەکێتی داوای لە تورکمان و عەرەبەکان کردووە، سەرەتا پارێزگار دابنێن، بەڵام ئەوان رەتیان کردووەتەوە و وتوویانە، کە دەبێت سەرەتا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دابندرێت. 

وتیشى "کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بە بێ ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە نایاساییه‌، ئەو لایەنانە ناتوانن لە رێی کەسێکی بەتەمەن دانیشتنی ئەنجوومەنەکە بکەن و کەسێک بۆ سەرۆکی ئەنجوومەن دیاری بکەن".

به‌وته‌ى محەمەد کەمال، یەکێتی داوای لە لایەنە تورکمانی و عەرەبییەکانی کەرکووک کردووە، بەو پێیەی ٦ کورسییان هەیە و پارێزگاکەیش ١٢ کورسییە، لە سەدا پەنجای پۆستەکانیان بدرێتێ، بەڵام هەردوو پێکهاتەکە ئەو داخوازییەی یەکێتییان رەت کردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون، دەبێت لە سەدا ٣٢ بێت.

باسى له‌وه‌شکردووه‌ "ئەو دوو پێکهاتەیەی دیکە بە یەکێتییان راگەیاندووە، نابێت هیچ یەک لە پۆستەکانی کۆمپانیای نەوت و غاز و سوپا و پۆلیس و ئەمنییەتی تێدا بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە، وەکو تەندروستی و کشتوکاڵ و هەندێ پۆستی بچووکی دیکە، ئینجا لەوەیش دەبێت یەکێتی لە سەدا ٣٢ی بەر بکەوێت".

له‌دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى ڕابردووه‌وه‌، پارێزگارى که‌رکوک به‌ وه‌کاله‌ت که‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریکرا، ده‌سه‌ڵاتى یه‌که‌مى پارێزگاکه‌یه‌ و کاره‌کانى له‌ژێر چاودێرى ئه‌نجومه‌ندا نییه‌.


له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ده‌یان به‌رپرسی کورد له‌ پۆسته‌کانیان دورخراونه‌ته‌وه‌ و که‌سانى دیکه‌ به‌تایبه‌تى له‌ پێکهاته‌ى عه‌ره‌ب له‌ شوێنه‌کانیان دانراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار