ئۆخه‌ى ئۆخه‌ى.. هه‌رکه‌س بۆخۆى

هه‌موو حزبه‌کان ده‌ڵێن ساخته‌کاریان به‌رامبه‌ر کراوه‌ و له‌کاتێکدا ئه‌ندامانى خۆیان کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن

تا ئێستا دیار نییه‌ کۆمسیۆن که‌ى ئه‌نجامى له‌سه‌دا 15ى ده‌نگه‌کان و ئه‌نجامى کۆتایی ڕاده‌گه‌یه‌نێت

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

حزبه‌ به‌شداره‌کانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان چاویان بڕیوه‌ته‌ کاره‌کانى کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و و به‌شێکیان هه‌ڕه‌شه‌ى بایکۆت ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر کۆمسیۆنه‌که‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن به‌و شێوه‌یه‌ یه‌کلایی نه‌کاته‌وه‌ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى ئه‌و سکاڵایانه‌وه‌ که‌ تۆماریان کردووه‌.

هه‌ر له‌دواى کۆتایی هاتنى هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ى 30ى ئه‌یلوله‌وه‌، حزبه‌کان هه‌ڵوێستى جیاجیایان له‌سه‌ر کۆمسیۆن و "ساخته‌کارییه‌کان" ڕاگه‌یاند و زیاتر له‌ هه‌زار سکاڵایان له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌که‌وه‌ ڕاده‌ستى کۆمسیۆن کرد.

کۆمسیۆن که‌ ساڵى 2014 به‌ یاسایه‌ک له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ پێکهێنرا، ئه‌ندامه‌کانى له‌لایه‌ن پێنج حزبه‌ سه‌ره‌کییه‌وه‌ (پارتى، گۆڕان، یه‌کێتى، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ) دیاریکرا، به‌تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران که‌ ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردانى هه‌یه‌ له‌سه‌ر کاره‌کانى کۆمسیۆنه‌که‌ له‌ناویاندا ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن.

ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران که‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى کۆمسیۆنه‌ له‌ نۆ ئه‌ندام پێکدێت، که‌ سیانیان پارتى و دوانیان یه‌کێتى و دوانیشیان گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتووش یه‌کى ئه‌ندامێکیان هه‌یه‌.

ناکۆکى و مشتومڕى حزبه‌کان کاره‌کانى کۆمسیۆنى دواخستووه‌، حزبه‌کان هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌که‌یان خستووه‌ته‌ ئه‌ستۆى ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ که‌ کاره‌کانى له‌سه‌ره‌تادایه‌ و له‌دواى ریفراندۆمه‌وه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م پڕۆسه‌ى ده‌نگدان بوو که‌ سه‌رپه‌رشتى بکات.

ئێستا هاوشێوه‌ى حزبه‌کان به‌رپرسانى کۆمسیۆنیش ناکۆکى له‌نێوانیاندایه‌، ئه‌وه‌ش چوارى ئه‌م مانگه‌ به‌ ئاشکرا ده‌رکه‌وت کاتێک ئسماعیل خورماڵى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران له‌ پشکى یه‌کگرتوو له‌کاتى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى به‌رایی 85%ى ده‌نگه‌کاندا ئاماده‌نه‌بوو، که‌ هۆکاره‌که‌ى بۆ نیگه‌رانى له‌ پڕۆسه‌که‌ گه‌ڕانده‌وه‌.

ئیسماعیل خورماڵى له‌ لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، ئه‌وان وه‌کو کۆمسیۆن ئه‌رکى خۆیان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ رۆژى هه‌ڵبژاردندا ڕویدا په‌یوه‌ندى به‌ حزبه‌کانه‌وه‌ هه‌بوو نه‌ک کۆمسیۆن.

جه‌ختیشیکرده‌وه‌، هه‌موو هه‌وڵى خۆیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگاى کاره‌کانیانه‌وه‌ متمانه‌ بۆ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بگه‌ڕێننه‌وه‌.

کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن که‌ چه‌ند مانگێکى به‌رده‌وام ئاماده‌کاریی بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان کرد و چه‌ندین بڕیار و رێنمایی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌رکرد، شه‌وێک پێش هه‌ڵبژاردنیش که‌وته‌ به‌ر ره‌خنه‌ى به‌شێک له‌ حزبه‌کان کاتێک له‌ دوا ساتدا چه‌ند بڕیارێکى نوێی ده‌رکرد.

ئیسماعیل خورماڵى ده‌ڵێت ئه‌وان کارى خۆیان ده‌که‌ن و حزبه‌کانیش ئاساییه‌ ڕه‌خنه‌یان لێبگرن، به‌ڵام ئه‌وه‌ کاریگه‌رى ناکاته‌ سه‌ر کاره‌کانیان.

له‌ ئێستادا کۆمسیۆن سه‌رقاڵى کارکردنه‌ له‌سه‌ر سکاڵاکان، که‌ به‌پێی ئاماره‌کانى کۆمسیۆن ژماره‌یان زیاتر له‌ هه‌زار سکاڵایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رقاڵى بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و سه‌دان سندوقه‌ى به‌هۆى "ساخته‌کاریی و پێشلکارییه‌وه‌" قردێله‌ى سوریان لێدراوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا دیار نییه‌ کۆمسیۆن که‌ى ئه‌نجامى له‌سه‌دا 15ى ده‌نگه‌کان و ئه‌نجامى کۆتایی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ر بڕیارێک له‌و باره‌یه‌وه‌ کاریگه‌رى گه‌وره‌ له‌سه‌ر دۆخى سیاسی هه‌رێم دروستبکات.

پارتى دیموکراتى کوردستان که‌ براوه‌ى یه‌که‌مى هه‌ڵبژاردنه‌که‌یه‌ هه‌ر زوو له‌ رێگه‌ى په‌یامێکى مه‌سعود بارزانى یه‌وه‌ هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى له‌سه‌دا 85ى ده‌نگه‌کان ڕاگه‌یاند و داواشى له‌ کۆمسیۆن کرد پرسی ساخته‌کارییه‌کان یه‌کلایی بکاته‌وه‌ "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێپەڕینی ساختەکاری و پێشێلکاری نەدرێت و ڕاستییەکان بخرێنەڕوو".

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌ شه‌شى ئه‌م مانگه‌دا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێکدا جه‌ختیکرده‌وه‌، له‌ پێویستى ته‌واوکردنى رێکاره‌ یاسایی و هونه‌رییه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن کۆمیسیۆنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کى بێلایه‌نانه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى کۆتایی هه‌ڵوێستى خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن.

جیاواز له‌ پارتى و یه‌کێتى که‌ به‌پێی ئه‌نجامه‌کان براوه‌ى یه‌که‌م و دووه‌مى هه‌ڵبژاردنن، لایه‌نه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و حزبه‌ش چاوه‌ڕوانى هه‌نگاو و بڕیاره‌کانى کۆمسیۆنن، ته‌نانه‌ت به‌شێکیان بڕیاردان له‌سه‌ر به‌شداریکردن له‌ پڕۆسه‌ى سیاسی یان بایکۆتکردنى به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌ بڕیارى ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌وه‌.

جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ پێش ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کان له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، که‌ بایکۆتى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا بێت.

هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌رچه‌نده‌ به‌فه‌رمى هه‌ڵوێستى خۆى ڕانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام به‌رپرسه‌کانى ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بایکۆتى پڕۆسه‌ى سیاسی بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانى ده‌ره‌نجامى کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ن.

لاى خۆشیه‌وه‌، یه‌کگرتووى ئیسلامى ئه‌نجامى به‌رایی هه‌ڵبژاردنى ڕه‌تکردووه‌ته‌وه‌و بڕیاریداوه‌ راپرسی ناوخۆیی بکات بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى له‌باره‌ى بایکۆت یان به‌شدارى پڕۆسه‌ى سیاسی.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ڕایگه‌یاندووه‌، که‌ چاوه‌ڕوانى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى کۆتایین له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه‌ و دواتر هه‌ڵوێستى کۆتایی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن.

شیروان زرار ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، جارێ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بن بۆ ئه‌وه‌ى کاره‌کانیان ته‌واوبن و بزانن ده‌گه‌نه‌ چ بڕیارێک، جه‌ختیکرده‌وه‌ ناکۆکى و هه‌ڵوێستى حزبه‌کان تا ئێستا هیچ کاریگه‌رییه‌کى له‌سه‌ر کاره‌کانى کۆمسیۆن نه‌بووه‌.

باسى له‌وه‌شکرد، که‌ کاره‌کانیان به‌رده‌وامه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کان، به‌ڵام ناتوانن هیچ واده‌یه‌ک دیارى بکه‌ن له‌و باره‌یه‌وه‌.

تا ئێستا دیار نییه‌ کۆمسیۆن که‌ى کاره‌کانى ته‌واوده‌کات و کۆى ئه‌نجامى به‌رایی و ئه‌نجامى کۆتایی هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى په‌رله‌مانى کوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام کۆمسیۆن له‌یه‌که‌م ئه‌زمونیدا بۆ ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى به‌رایی 24 کاتژمێر له‌و واده‌ یاساییه‌ دواکه‌وت که‌ بۆ ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان دیاریکراوه‌.

جگه‌ له‌ حزبه‌کان، چاودێرانى هه‌ڵبژاردنیش چاویان له‌سه‌ر کاره‌کانى کۆمسیۆنه‌، که‌ ئایا ده‌توانێت به‌بێ ئه‌وه‌ى کاریگه‌رى حزبه‌کان له‌به‌رچاو بگرێت بڕیاره‌کانى یه‌کلایی بکاته‌وه‌، یان هه‌ژموونى حزبه‌کان کاریگه‌رى له‌سه‌ر بڕیاره‌کانى ده‌بێت.

هۆگر چه‌تۆ رێکخه‌رى تۆڕى شه‌مس بۆ چاودێرى هه‌ڵبژاردن به‌ هاوڵاتى وت "ئه‌رکێکى قورس له‌سه‌ر شانی کۆمسیۆنه‌، ده‌توانن بڕیار بده‌ن له‌سه‌ر کۆى پێشێلکارییه‌کان و میسداقییه‌ت بۆ کاره‌کانیان دروست بکه‌ن".

باسى له‌وه‌شکرد، ئه‌گه‌رچى ئه‌ندامانى کۆمسیۆن له‌ رێگاى حزبه‌کانیانه‌وه‌ دیاریکراون، به‌ڵام دواجار ئه‌رک و رۆڵیان ئه‌وه‌یه‌ پابه‌ندى ئه‌رک و یاساکان بن و به‌ بێلایه‌نى کارى خۆیان بکه‌ن ئه‌وه‌ش ته‌نها چاره‌سه‌ره‌.

هۆگر چه‌تۆ وتیشى "جگه‌ له‌وه‌ کۆمسیۆن په‌نا بۆ هه‌ر بژارده‌یه‌کى تر ببات وه‌کو چاره‌سه‌ر،  کاریگه‌رى له‌سه‌ر میسداقیه‌تى خۆى دروستده‌کات و دامه‌زراوه‌که‌ش ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی یه‌وه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌روونى ده‌رده‌که‌وێت که‌ ناکۆکى حزبه‌کان کاریگه‌رى له‌سه‌ر کۆمسیۆن هه‌بووه‌، که‌ به‌شێکیان ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک پڕۆسه‌که‌ تێپه‌ڕێنن، به‌شێکیشیان ده‌ڵێن کار له‌سه‌ر پێشێلکاریی و ساخته‌کارییه‌کان ده‌که‌ن، که‌ به‌هۆى ئه‌وه‌شه‌وه‌ پڕۆسه‌ى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کان زۆر دواکه‌وتووه‌.

به‌پێی بڕیارێکى کۆمسیۆن که‌ شه‌وى هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلول ده‌ریکرد، په‌سه‌ندکردنى ئه‌نجامه‌کان پێویستى به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیارانه‌ که‌ له‌ نۆ ئه‌ندام پێکهاتووه‌و به‌سه‌ر پێنج حزبه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌دا دابه‌ش بوون. به‌م پێیه‌ش به‌ پێی ده‌نگى شه‌ش ئه‌ندام کۆمسیۆن ده‌توانێت بدات.

به‌ڵام بڕیارده‌رى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێم ده‌ڵێت، کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کان ناتوانێت کۆى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى په‌رله‌مان ڕه‌تبکاته‌وه‌، به‌ڵکو ته‌نها ده‌توانێت ئه‌و سندوقانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ که‌ ساخته‌کارییان تێدا کراوه‌.

به‌پێی یاساى ژماره‌ چوارى ساڵى 2014ى په‌رله‌مانى کوردستان، ئه‌نجامى کۆتایی هه‌ڵبژاردن دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن دادگاوه‌ په‌سه‌ند ده‌کرێت، له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی یه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار