هەر هێزێکی چەکداری دیسیپلین نەکرێت مەترسیە لەسەر خودی دەسەڵاتیش

یەک مانگ لەمەوپێش



د. پێشڕە و حەمەجان

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لێوانلێو بووە لە هێزی چەکداری جیاواز، لەژێر ناوی جیاواز، لەژێر فەرمانی کەسانی جیاوازدا، تا ئەو ئاستەی وەک سەربازگەیەکی گەورە دەبینرێت، ئەگەر بێت و (پێکهاتە و سنوری جوڵە و ئەرکی) ئەم فرەهێزییە بە یاسا دیسیپلین نەکرێت، ئەوا هەم گەل وهەم هێزە یاساییەکانی دیکە و هەم دەسەڵاتیش زەرەرمەند دەبێت، چونکە مێژووی (کودەتا سەربازییەکان) و (شۆڕشە جەماوەرییەکان)، سەلماندویانە هەر هێزێک کە دەستی ڕاهات بەپێشێلکاری ئیتر یان فەرماندەی هێزەکە ئارەزووی دەسەڵاتی زیاتر دەبێت و پلانی کودەتا دەگێڕێت لەدژ سەروی خۆی، یان سەروی خۆی تووشی نەعرەتەی جەماوەر و بەرپرسیارێتی مێژوویی دەکات.

بۆیە پێویستە:

١ــ تەواوی هێزەکان بەبەردەوامی لەڕێی وانە و خولەوە هۆشیاریی سەربازی و ئەمنی و یاساییان پێبدرێت و سنوری ئەرکەکانیان بۆ دیاری بکرێت و فێربکرێن چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکاندا بکەن.

٢ــ کاربەدەستانی ئەم هەرێمە چیتر هەموو گرنگی و بایەخی خۆیان نەدەن بە دامەزراوە چەکدارییەکان و پیاهەڵدانیان بوەستێنن، بە پێچەوانەوە ئاوڕبدەنەوە لە دامەزراوە خزمەتگوزاری و ئەدکایمی و پەروەردەییەکان.

٣ــ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕێگەیان پێنەدرێت کە کۆبوونەوە و نمایشەکانی دامەزراوە چەکدارییەکان بڵاوبکەنەوە، بەتایبەت لە ئێستادا کە هەرێم لەقۆناغی جەنگێکی ڕاگەیاندراودا نییە.

٤ــ هەر هێزێک کە لە هەرێمی کوردستان هەیە لە چوارچێوەی یەکێک لەم دامەزراوە یاساییانەی خوارەوەی هەرێمی کوردستاندا ڕێک بخرێن و پابەندبکرێن بە سنوری ئەرکە دیاریکراوەکانیانەوە:

یەکەم: هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیە و ئەرکیان بەیاسا بەرگری کردنە لە خاک و گەلی هەرێمی کوردستان لە هەموو دەستدرێژییەک.

دووەم: ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لەڕێی ڕاوێژکارێکەوە سەر بە سەرۆکی هەرێمە، و ئەرکیان بە یاسا پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمە لەتاوانە مەترسیدار و بەرنامەڕێژکراوەکانی وەک (مادەی هۆشبەر و تەزویری دراو و گەندەڵی و شۆردنەوەی پارە و تیرۆر و سیخوڕی و مەترسیەکانی سەر ئاسایشی خۆراک و تەندروستی و ئابوری و وزە).

سێیەم: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمن و ئەرکیان بەپێی یاسا خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و سامانی گشتی و نەهێشتنی دیاردەی دزێو و توندوتیژی و تاوانە.

لەکۆتایدا بیربکەنەوە چەند ڕەوا دەبوو ئەگەر تەواوی دامەزراوە چەکدارییەکانی ئەم هەرێمە لەلایەن یەک دەسەڵاتی مەدەنی هەڵبژێردراوەوە ئاڕاستەبکرانایە بۆ بەرگری تەواوی گەل و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان.

 

 

سەرچاوە یاساییەکان:

١ــ یاسای وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە

٢ــ یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

٣ــ یاسای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار