پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، مەترسیی گەورە لە عێراق دروستدەکات
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی شیعەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەوڵێک هەیە یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959ی عێراق بگۆڕن و پرۆژە یاسایەکیان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشکردووە، ئەمەش ناڕەزایەتیی بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوە و لەئێستادا پرۆژە یاساکە ڕاگیراوە، چونکە بەپێی وتەی یاساناسان بێت جێبەجێکردنی هەمواری ئەو یاساییە مەترسیدارە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، " لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە واژۆ کۆکرایەوە بۆ ئەوەی پرۆژە یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 هەموار بکرێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی گفتوگۆکرا لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدار و بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە نزیکەی 120 واژۆ کۆکرایەوە و ئەو بڕگەیە لە خشتەی کاری دانیشتنی ڕۆژی 23ی تەموزی 2024ی ئەنجومەنی نوێنەران لابرا. ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا دووبارە ئەم بڕیارە بێتە پێشەوە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، دیارە ئەمەش یەکێکە لەو پرۆژە یاسایانەی کە بیروبۆچوونی جیاوازی لەسەرە، هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەم یاسایە لەم قۆناغەدا پێویست ناکات هەموار بکرێتەوە، چونکە پێیان وایە ئەم پڕۆژە یاسایە گیانی مەزهەبی لە عێراقدا تۆخ دەکاتەوە و پێویستە هاوڵاتییان ئازادبن لەوەی کە بە چ شێوەیەک و چ مەزهەبێک پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن".
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە بێت، تا ئێستا نازانرێت کە ئایا ئەو پرۆژە یاسایە دەخرێتەوە ناو بەرنامەی دانیشتنی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانەوە یاخود نا، هەروەها نازانرێت کە پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت یان نا.
دارا سێکانیان جەختیشی لەوە کردەوە، پێویستە بڕیارێک بدرێت کە هەماهەنگی دروست بکات لەنێوان بیروبۆچوونە جیاوازەکاندا، چونکە عێراق فرە پێکهاتە و فرە نەتەوەییە.
پەیوەست بە هەمان پرسەوە؛ پارێزەر ئەشواق نەجیب، بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: "پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی لایەنەکان ڕازی نین، بەڵام ترسی ئەوە هەیە هەمواری ئەو یاسایە بە ڕای زۆرینە بڕوات".
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەم هەموارە زیاتر باسی ئەوە دەکات لەکاتی هاوسەرگیریدا هەردوولا سەرپشکن لەوەی کە ئەحکامی یاسایی یان ئەحکامی مەزهەبی پەیڕەو دەکەن، هەروەها ئەگەر ژن و پیاوەکە مەزهەبیان جیاوازبوو مەزهەبی پیاوەکە بەسەر ژنەکەدا دەسەپێندرێت".
دواتر ناوبراو وتی "خاڵێکی دیکەی یاساکە ئەوەیە کە هەندێک مەزهەب پێیان وایە کچ لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە باڵغ دەبێت و دەتوانێت هاوسەرگیری بکات، ئەم خاڵانەی باسمانکرد هەمووی مەترسیدارن بۆسەر داهاتووی عێراق بە تایبەتی بۆ ژنان".
ئەشواق نەجیب، لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە: "هەمواری ئەم یاساییە ترسی ئەوە دروستدەکات کە عێراق دەوڵەتێکی شێوە ئیسلامی وەربگرێت، چونکە حزبە ئیسلامییەکان دەیانەوێت بەرگ بۆ یاساکەدا بدوورن، هەروەها خاڵێکی دیکەش ئەوەیە لە دوای جیابوونەوەی هاوسەران منداڵ بدرێت بە باوک، ئەگەر پیاوێک مرد ژنەکەی هاوسەرگیری کردەوە ئەوا منداڵەکانی دەدرێتەوە بە ماڵی باوکی پیاوەکە".
لای خۆشییەوە مافپەروەر سەرکار مەحمود، لەسەر ئەم بابەتە دوا و بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: " لەگەڵ کردنەوەی دەرگای پەرلەمان بۆ وەرزی دووەمی یاسادانانی ئەمساڵ، شیعەکان دوو پێشنیاری یاسایان کرد، دوو یاسا، کە کتومت هی شیعەکان خۆیان بوو، کە ئەوانیش بریتیبوون لە پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩، بەشێوەیەک کە ئەوەی پەیوەندیدارە بە شیعەوە لەو یاسایەدا جێبەجێکراوە، بۆ ئەمەش لەلایەن ١٠ پەرلەمانتاری پیاوی شیعەوە واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو پێشنیازە یاسایە بدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەروەها پێشنیازە یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبیش کە لە ٢٤ی تەموزدا خوێندنەوەی بۆ کرا".
وەک سەرکار مەحمود ڕوونیکردەوە، بەپێی ئەو پێشنیازەی کراوە بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی، گۆڕانکاری گەورە لە ئەحکامەکانی یاسای باری کەسێتیدا کراوە کە ئەوانیش بریتین لەوەی هەرکەسێک کە هاوسەرگیری دەکات سەرپشک بێت لەوەی کە لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە بێت یان سوننە، تاوەکو سەرجەم حوکمەکانی ئەو مەزهەبە بیگرێتەوە کە کەسەکە دیاریکردووە، ئەوانەشی کە پێشتر هاوسەرگیریان کردووە دەتوانن گرێبەستەکە بگۆڕن لە سوننەوە بۆ شیعە و بە پێچەوانەشەوە.
هەروەها ئەگەر هەردوو هاوسەرەکە هەریەکەیان سەربە مەزهەبێکی جیاواز بوون ئەوا مەزهەبی پیاوەکە یەکلاییکەرەوە دەبێت و قسەی ژنەکە ناخوات، هەروەها ئەوانیشی کە هاوسەرگیری دەکەن بەسە کە تەنها باڵغ بووبێتن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە یاسا تەمەنی ١٨ ساڵیی دیاریکردووە بۆ هاوسەرگیری و هەموارە نوێیەکە یاسای پشتگوێ خستووە، ئەگەر وەقفی شیعە یان سوننە ڕێگەپێدانی بدەنێ پێویستە دادگا ئەو هاوسەرگیرییە پەسەند بکات کە تەمەنیان هەرچەندێک بێت، ئەمەش بە ڕوونی پەراوێز خستنی ڕۆڵی دادگایە و گەڕانەوەیە بۆ حوکمی کۆنی مەزهەبە جیاوازەکان و ئاڵۆزی و ناکۆکی زۆری تێدایە، بۆیە ئەگەر ئەم هەموارە جێبەجێ بکرێ لەناو مەزهەبی شیعەدا کچان لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە دەتوانن شوو بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو: "کە ئەمە یەکەم هەوڵ و یەکەم جار نییە شیعەکان دەیانەوێت هەمواری یاسای باری کەسێتی باسبکەن بە جۆرێک کە سەرجەم مەرامەکانی خۆیانی تێدا جێگیر بکەن، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن (حەسەن شەمری) وەزیری دادی ئەوکاتەوە، پڕۆژە پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسی جەعفەریی ئامادەکرد، کە ئەویش ڕووبەڕووی ناڕەزایی زۆر بووەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بەوەی کە کچێکی تەمەن ٩ ساڵ بدرێت بە شوو، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧ جارێکیتر کۆمەڵێک پەرلەمانتاری شیعە پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسییان هێنایەوە ناو ناوان، ئەمیش بە هەمان دەردی ئەوەی پێشوو چوو، کە شیعەکان وایدەبینن ١٤٠٠ ساڵە ڕیشەکێشکردن لە دژی شیعە هەیە بۆیە بە مافی خۆیانی دەزانن بگەڕێنەوە بۆ فقهی (جەعفەری)".
یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو، زیاتر لە ١٥ جار هەموار کراوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کە گۆرانکاریەکانیش بەجۆرێک بوون هەمیشە بەلەبەرچاو گرتنی پاراستنی خێزانی عێراقی بووە لەپێناو پەرتەوازە نەبوون و ئاسایشی باری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عێراقی تێدا پارێزراو بێت.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرکار مەحمود وتی: "بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق ساڵی ٢٠٠٥ سێ لایەن بۆیان هەیە و دەتوانن پڕۆژە یاسا پێشکەش بە پەرلەمان بکەن یان داوای هەموارکردنەوەی بکەن؛ ئەوانیش حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار، یان١٠ پەرلەمانتار زیاتر واژۆ کۆبکەنەوە بۆ پڕۆژە یاسای نوێ یان هەموارکردنەوەی، پاشان دوو جۆر ڕێکاری (شکلی و موضوعی)هەیە، کە شکڵییەکان ئەوانەن، کە دەبێت بزانن ئاڕاستەی لایەنەکان و ڕێکارەکان دروستە بۆ پێشنیارەکەیان یان نا، پاشان لەڕووی ناوەڕۆکەوە دەبێت ڕەوانەی لایەن و لیژنەی تایبەتمەند بکرێن".
بەپێی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو لە مادەی یەکەم بڕگەی دوو، دەڵێت، "ئەگەر هاتوو دەقێکی یاسایی نەبوو تا جێبەجێ بکرێت ئەوا لەم حاڵەتەدا بەپێی ئەو بنەمایانەی شەریعەتی ئیسلامی حوکم دەکرێت کە زۆرترین و گونجاوێتیان هەیە لەگەڵ دەقەکانی ئەم یاسایەدا".
لە بڕگەی سێیەمیشدا دەڵێت: "دادگاکان لە هەموو ئەمانەدا ئەو حوکمانە دەکەنە ڕێنمونیکاری خۆیان کە قازی و فیقهی ئیسلامی لە عێراق و وڵاتانی ئیسلامی دیکە بڕیاریان لێداوە یاساکانیان نزیکە لە یاساکانی عێراقەوە، کە ئەمە لە یاسای مەدەنی عێراقی ژمارە ٤٠ی ساڵی ١٩٥١ی هەموارکراویشدا بەهەمان شێوەیە، بەتایبەت کە لە مادەی ١ دا، بڕیاری لەسەر دراوە".
ئەو مافپەروەرە ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێک لە لایەنە باشەکانی یاسای باری کەسێتی ئەوەیە کە خۆی نەبەستووەتەوە بە هیچ مەزهەبێکەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوانەدایە کە زۆرترین گونجاوێتیان هەیە و ئەو ڕایەی باشتر و چاکتر و نزیکترە، دادگا کار بەوەیان دەکات، واتە بەهیچ جۆرێک خۆی نەبەستووەتەوە بە مەزهەبێکەوە و مەجالی دادوەری داوە کە (اجتهاد) بکات، کام ڕایە پەسەند بێت حوکم لەسەر ئەوە دەردەکات، بەڵام ئەم پڕۆژەی هەموارە بواری بۆ ئەوە نەهێشتووەتەوە و مەزهەبەکەی دیاریکردووە، بەپێی ئەم هەموارە نوێیە دەسەڵات دەدرێت بە دەرەوەی دادگا تا گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام بدات پاشان دادگا پەسەندی ئەو گرێبەستە دەکات کە ئەمەش تەنها ڕۆڵی شکلی دادگا دەمێنێتەوە".
لە پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەکەدا هاتووە دەڵێت: "پێویستە دادگا پابەند بێت بەو بڕیارانەوەی کە دەردەچێت لەلایەن دیوانی وەقفی شیعە و دیوانی وەقفی سونییەوە (تلتزم المحکمە المختصە بتطبیق الاحکام مدونە الاحکام شرعیە فی مسائل الاحوال الشخصیە) دەبێت دادگا کار بە بڕیارە نووسراوەکان بکات کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە هیچ ڕۆڵێکی بۆ دادگا نەهێشتووەتەوە و شوێنی یاساکەی گرتووەتەوە و دەستی دادگای گرتووە و بەجۆرێک پابەندی دەکات بە بڕیارە نووسراوەکانەوە، کە لە لایەن دیوانی وەقفی شیعی و دیوانی وقفی سونییەوە دەرچوون، مەزهەبەکانی زەق کردووەتەوە کە ئەمیش مەترسی گەورەیە بۆ پێکەوە ژیانی ئایینی لە عێراق، کە زۆرجار زۆربەی شەڕ و ناکۆکییەکان شەڕی تائیفی و مەزهەبی بووە چجای ئەوەی کە بە یاسا بۆیان جیا بکرێتەوە و شەرعیەتی پێبدرێت".
سەرکار مەحمود لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوەو فرە مەزهەبە ئەم هەموارە عێراق بەرەو ئاڕاستەیەکی تائیفی دەبات، تەنانەت مەزهەبەکانی شیعەش لەناو خۆیاندا ڕای جیاجیایان زۆرە و زۆر کارئاسانی دەکەن و گۆڕانکاری لە ئەحکامەکاندا دەکەن، بۆیە ناکرێت کە ئەم نووسراوانە جێی دادگا بگرنەوە و خۆیان گرێبەست بۆ هاوسەران بکەن و بینێرن بۆ دادگا و لە دەرەوەی دادگا هەموو بڕیاڕێک درابێت، چونکە بەپێی یاسای باری کەسێتی ئێستا ئەگەر گرێبەستی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا بکرێت هەر دەبێت لە چوارچێوەی یاسای باری کەسێتیدا بێت و حوکمەکانی جێگیرە، لەگەڵ ئەوەشدا سزا و غەرامەشی بۆ گرێبەستەکانی دەرەوەی دادگا داناوە کە زۆرجار لەبەر پاراستنی تێکنەچوونی خێزان غەرامە دەکرێن، لە ئێستاوە ئەم پڕۆژە پێشنیازە ڕاگیراوە کە دەیانەوێت وەکو مەسەلەیەکی تائیفی شیعەکان جێی ڕا فقهیەکانی خۆیان بکەنەوە لەناو یاساکەدا، لە داهاتووشدا لە حاڵەتی تێپەڕبوونی هەموارەکە و پەسەندکردنیدا ئەوا تەنها ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق دەگرێتەوە".
لەبارەی ئەوەی ئەو یاسایە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یاخود نا سەرکار مەحمود ڕوونیکردەوە، "ئەو هەموارە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە هەرێمی کورستان خاوەن پەرلەمانی خۆیەتی و دەسەڵاتی یاسادانانی خۆی هەیە، هەر یاسایەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت بۆ کارپێکردنی لە هەرێمی کوردستان دەبێت پەرلەمانی کوردستان (انفاذ)ی بکات، پاشان کاری پێدەکرێت، بۆیە ئەم پڕۆژە هەموارە لە حاڵەتی تێپەراندنیشیدا هەرێم ناگرێتەوە، بەڵام کێشە و گرفت دروست دەکات لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا کە یەک هەرێمی هەیە، دوو یاسای جیاواز هەبێت، چونکە لێکەوتەی نەرێنی دەبێت و کاتێک هاوڵاتییەکی هەرێم بچێت لە بەغدا یاخود شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق گرێبەستی هاوسەرگیری بکات ئەوا یاسای باری کەسێتی کارپێکراوی ئەوێی بەسەردا جێبەجێدەکرێت، ئەوکات ئەحکامەکان جیاواز دەبن و کێشە و گرفت دروستدەکات، بە پێچەوانەشەوە کاتێک هاوڵاتییەکی شارەکانی خوارووی عێراق بێتە هەرێم جیاوازی یاساکان و ئەحکامەکانی گرفت و کێشە دروستدەکات".
لە ئێستادا لەسەر داوای زۆریینەی پەرلەمانتاران، خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ڕاگیراوە، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە بۆ ئەوەی کە ئەم پرۆژە یاسایە دووبارە نەخرێتەوە ناو بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و گفتوگۆی لەسەر نەکرێتەوە.