هاوڵاتی سیناریۆکانى پێکهێنانى حکومه‌تى هه‌رێم بڵاوده‌کاته‌وه
6 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
هه‌رچه‌نده تائێستا ئه‌نجامى کۆتایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان به فه‌رمى له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه ئه‌نجامنه‌دراوه، به‌ڵام له‌ئێستادا باس له سێ سیناریۆ ده‌کرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، که به‌هێزترینیان پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان حکومه‌ت پێکده‌هێنێت.
به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردن، هه‌ریه‌که لهپارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان که بهقلهى یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م دێن له‌سه‌رووى 75 کورسی په‌رله‌مانیان به‌رده‌که‌وێت و حزبه‌کانی تریش که‌متر له 25 کورسیان به‌ده‌ستهێناوه.
نورى حمهعهلى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى ئاماژه به‌وه ده‌دات به‌هێزترین سیناریۆى پێکهێنانى حکومه‌ت به‌پێى ئه‌مرى واقع (دیفاکتۆ) پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان حکومه‌ت پێکده‌هێنێت.
نورى حه‌مه عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتی وت «پارتى زۆر به ئاسانى ده‌توانێت له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌به‌کانى تر تورکمان و مه‌سیحى 50+1 په‌رله‌مانى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ى نوێ که جارێ له‌سه‌ر پهتهکهن ده‌ڵێن به‌شدارى په‌رله‌مان ناکه‌ین ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وکاته کورسیه‌کانى پارتى ده‌بێته 48 کورسى به‌ئاسانى ده‌توانین حکومه‌ت پێکبهێنین».
وتیشی «خۆزگه‌مان ده‌خواست پارتى ژماره‌ى کورسیه‌کانى به‌ته‌نها بگه‌شتایه‌ته 56 کورسى بۆ ئه‌وه‌ى به‌ته‌نها حکومه‌ت پێکبهێنین، بۆ خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام نه‌ک پارتى هه‌ر لایه‌نێکى تر 50 زائید یه‌کى په‌رله‌مانى هه‌بێت بتوانێت حکومه‌ت پێکبهێنێت خۆ ناکرێت هه‌موو جارێک له‌به‌ر ئه‌مرى واقع کار نه‌که‌ین، خۆزگه ئه‌مرى واقیعمان تێپه‌ڕاندایه«.
هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد، له‌به‌رئه‌وه‌ى هێشتا ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن به‌فه‌رمى رانه‌گه‌یه‌ندراوه نازانن قه‌باره‌ى کورسى لایه‌نه‌کان به‌ته‌واوى چه‌نده، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که هه‌یه «پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان حکومه‌ت پێکده‌هێنێت، به‌ڵام ناکرێت ئه‌وه‌ى به‌شدارى حکومه‌ت ده‌کات بۆ ده‌نگ کۆکردنه‌وه پارتى خه‌تابار بکات و له‌نیوه‌ى رێگه حکومه‌ت جێبهێڵێت».
به‌پێى به‌دواداچونى هاوڵاتی، سێ سیناریۆ بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت له‌نێو پارتى گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت که یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه پارتى حکومه‌ت پێکبهێنێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتى به‌پێى قه‌باره‌ى کورسیه‌کانى به به‌شداریی له‌گه‌ڵ تورکمان و مه‌سیحیه‌کان.
سیناریۆى دووه‌م که به‌هێزترینیانه، پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان حکومه‌ت پێکبهێنێت و تورکمان و مه‌سیحیه‌کانیش هه‌ر یه‌که‌یان وه‌زاره‌تێکیان پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌کۆى 111 کورسى په‌رله‌مان زیاتر له 90 کورسى په‌رله‌مان به‌شداربن له حکومه‌تدا و هه‌ریه‌که له کۆمهڵو یهکرگرتووى ئیسلامى و نه‌وه‌ى نوێ له‌ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌ت بن ته‌نها 20 بۆ 21 کورسى په‌رله‌مان ببنه ئۆپۆزسیۆن.
هه‌روه‌ها باس له سیناریۆى سێیه‌میش ده‌کرێت که به‌لاوازترین سیناریۆ داده‌نرێت که حکومه‌تى بنکه فه‌راوان وه‌ک کابینه‌ى هه‌شته‌م پێکبهێندرێت، به‌ڵام زۆرینه‌ى پارتى له‌گه‌ڵیدا نییه.
نورى حه‌مه عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتى وتى «پارتى حکومه‌تى بنکه فراوان و یه‌کڕیزى نیشتمانى تاقى کرده‌وه، هه‌ر یه‌که‌و به نسبه‌یه‌ک باشى و سلبیاتى خۆى هه‌بووه، به‌ڵام خۆ ناکرێت که حکومه‌ت پێکهات هه‌مووى تێیدا به‌شدار بێت».
ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه حکومه‌تى یه‌کڕیزى نیشتمانى شکستى هێناوه‌و ئه‌مجاره حکومه‌تى زۆرینه پێکده‌هێندرێت.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت «ئێمه ده‌مانه‌وێت حکومه‌تى راسته‌قینه به شه‌راکه‌تى راسته‌قینه بێت و بڕیاره‌کان به‌هاوبه‌شى بدرێت هه‌موومان به‌رپرس بین له‌و سیاسه‌ته‌ى ئه‌م حکومه‌ته پیاده‌ى ده‌کات».
هه‌روه‌ها فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، باسى له‌وه‌شکرد که سێ بژارده له‌به‌رده‌ستدایه، که یه‌که‌میان حکومه‌تى یه‌ک حزبى پێکبهێندرێت که ئه‌مه کاتى نه‌هاتووه و ئه‌مه حکومه‌تى شکستخواردوو ده‌بێت» بژارده‌ى دووه‌م یه‌کڕیزى نیشتمانى پێکبهێنین ئه‌مه‌شیان تاقى کراوه‌ته‌وه‌و هه‌ر شکستى هێناوه، به‌ڵام بژارده‌ى سێیه‌م که حکومه‌تى زۆرینه‌یه و له‌و لایه‌نانه پێک‌بێت که زۆرترین ده‌نگیان هه‌یه دوو حزب تا سێ حزب ده‌رفه‌تێکه هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان باشتر ده‌بێت نه‌ک شه‌ش بۆ حه‌وت حزبدا».
ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا یه‌کێتى ره‌زامه‌ند ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌پێى قه‌باره‌ى کورسیه‌کانى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکرێت، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت ئه‌وه له‌به‌رچاو ده‌گیرێت که هه‌ر لایه‌نه‌و چه‌ند کورسى به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام مه‌رجیش نییه به شێوه‌یه‌کى ره‌ها له‌به‌رچاو بگیرێت.
له‌باره‌ى سیناریۆى دانانى دوو جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت که یه‌کێکیان بۆ یه‌کێتى و ئه‌وى دیکه بۆ گۆڕان بێت بۆچونیان چیه، فه‌رید وتى «ئه‌مه وه‌کو لێدوانى رۆژنامه‌وانیى بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و به‌شێوه‌ى فه‌رمى نییه، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ى فه‌رمى باس بکرێت ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌مان پێ باش بوو پشتگیرى ده‌که‌ین له‌کۆبونه‌وه‌ى پێکهێنانى حکومه‌تدا، ئه‌گه‌ر رهتیشیبکهینهوه له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا هه‌ڵوێستمان ده‌بێت».
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان یه‌کێکه له‌و لایه‌نانه‌ى ناوى ده‌هێندرێت بۆ به‌شداریکردنى له حکومه‌تى نوێ که به‌کابینه‌ى نۆیه‌م ناسراوه، ئه‌ندامێکى ژورى حکومه‌ت و په‌رله‌مانى بزوتنه‌وه‌که ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ده‌نگه حهقیقیهکانیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه ئه‌وا باشتره به‌شدارى حکومه‌تى هه‌رێم بکه‌ن.
دانا عه‌بدولکه‌ریم، ئه‌ندامى ژوورى حکومه‌ت و په‌رله‌مان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت «ئه‌گه‌ر ده‌نگه ساخته‌کانى هه‌ڵبژاردن لاببرێن که زۆر زیاتره له‌و 227 سندوقه‌ى که باس ده‌کرێت گۆڕان ده‌نگه حهقیقیهکانى لانى که‌م نیوه‌ى بۆ بگه‌ڕێته‌وه باشتره به‌شدارى حکومه‌تى هه‌رێم بکات».