ئارى هه‌رسین: ئه‌گه‌ر به‌پێی کورسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى بکه‌ین، ده‌بێت خۆمان ئاماده‌بکەین بۆ دوو ئیداره‌یی

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارى ههرسین پهرلهمانتارو ئهندامى پێشووى ئهنجومهنى سهرکردایهتى پارتى ڕایدهگهیهنێت، لهناو بهرپرسانى بڕیاردهرى پارتى و یهکێتیدا ههیه کهحهز به دوو ئیدارهیی دهکهن، بهڵام بهوتهى ئهو لهڕوویان نایات بهئاشکرا باسى بکهن.

باس لهوهشدهکات، وهکو پارتى ئهگهر بهپێی ژمارهى کورسی مامهڵه لهگهڵ یهکێتى بکهن، دهبێت خۆیان ئاماده کردبێت بۆ ئیمزاکردنى وهرهقهى دوو ئیدارهیی، چونکه جگه لهحوکمکردن پێکهوه لهگهڵ یهکێتى هیچ ڕێگهیهکى دیکه نییه.

ئارى ههرسین لەم چاوپێکەوتنەی هاوڵاتی-دا ئاماژه بهوهشدهکات، کێبڕکێی پارتى لهسهر پۆستى سهرۆک کۆمارى عێراق پرسێکى تهکتیکى بووه، چونکه ناکرێت پارتى کهخاوهنى دەستپێشخەری ڕیفراندۆم بوو بچێت شهڕ لهسهر ئهو پۆسته بکات.

 

هاوڵاتی: بۆچى دواى چهند ههڵبژاردن تائێستا پارتى و یهکێتى لهزۆنى ژێر دهسهڵاتى یهکتر نهیانتوانیوه دهنگێکى وا بهدهستبهێنن کههاوکێشهى سیاسی لهو زۆنانه بگۆڕن؟

ئارى ههرسین: لهبهرئهوهى ئاسهوارى ئهو شهڕى ناوخۆییهى که له نهوهدهکاندا ڕوویدا ههتا ئێستا ماوه، ڕاسته چهند ههوڵێک ههبوون بهتایبهتى لهدواى ساڵى 2003 لهکابینهکانى حکومهتدا بۆ ئهوهى ئهوه نهمێنێت، بهڵام لهبهر زۆر هۆکار ئێمه نهمانتوانیوه لهسهدا سهد ئهوه جێبهجێ بکهین، ئهوهش بهشێکى لهدهست خۆماندا نییه، وهکو کورد بهگشتى، تۆ که له شوێنێکدا دهسهڵاتت نهبوو نابێت چاوهڕوانى ئهوهش بکهیت دهنگێکى زۆر بهێنێت، پارتى ئهگهر چاوهڕوانى ئهوهبێت لهسلێمانى و ههڵهبجه لهیهکێتى زیاتر بهێنێت، ئهوه لهئێستادا وههمه، بهپێچهوانهشهوه بۆ یهکێتیش لهسنورى پارتى ئهوه ڕاسته.

هاوڵاتی: تاکهى ئهم ڕهوشه بهم شێوهیه درێژهدهکێشێت؟

ئارى ههرسین: لهبهرئهوهى شتهکه لهدهستى خۆتدا نییه بهم شێوهیه دهمێنێتهوه، نه ئێمه وهکو پارتى نهک یهکێتیش وهزعهکهى بۆ یهکلایی ناکرێتهوه نه بهشهڕ نه به ئاشتى، بۆ ههموو کێشهیهکى سیاسی دوو ڕێگه ههیه بۆ چارهسهرکردنى، یهکیان بهشهڕ یهکیان به ئاشتى، بهڵام ئێمه ئهم مهسهلهیه لهبهرئهوهى لهدهست خۆمان نییه بههیچیان چارهسهر نابێت، یانى خوانهکرده ئێستا شهڕى براکوژى دروستبێت سێ چوار ساڵ ئێمهى پێوه مهشغوڵ دهبین و دواتریش رهنگه لایهنێکى نێودهوڵهتى بهزۆر بمانهێنێت و لهسهر مێزێک دامان بنیشێنێت بۆ ئهوهى ئاشت بینهوه، ئهمهش بژاردهى شهڕهکه. بهئاشتیش کاک مهلا بهختیار نهیوت ئێمه یهک کورسی بهێنین و 10 کورسی بهێنین فهرقى نییه، ئهوهش رێگه ئاشتییهکهیه، لهبهرئهوه شتهکه ههر ئهوه نییه لهدهست خۆتدا بێت، خهڵکى تریش بڕیار لهسهر ئهوه دهدات، لهوانهیه وڵاتانى دراوسێ ههبێت، ههتا وڵاتانى دهرهوه وهکو ئهمریکا، مهسڵهحهتیان لهوهدایه ئێمه یهکنهگرینهوه و ببین بهیهک حکومهت.

هاوڵاتی: دهنگهکانى پارتى لهسنورى زۆرنى سهوز بهردهوام باس لهوهدهکرێت کهههڵکشان و داکشان بهخۆوه دهبینێت، ئێوه وهکو پارتى تێبینیتان لهسهر دهنگهکانت لهو سنوره چییه؟

ئارى ههرسین: من بیرکاریم خوێندووه، بۆیه شتێک له زانستى ئامار دهزانم، خهڵک ههندێ حسابات ههیه نایکات، بۆ نمونه لهههڵبژاردنى 2013 که من خۆم کاندید بووم، زیاتر لهههشتا ههزار دهنگمان لهسلێمانى هێنا، بهڵام سهیرى ڕێژهى بهشداربووان بکه، ئێستا ڕێژهى بهشداربووان لهههڵبژاردن بووه بهنیوه، دهنگهکانى ئێمهش بووه بهنیوه، لهراستیدا ئهوهنده له مهوزوعهکه نهگۆڕاوه وهکو خۆیهتى، بهس خهڵک سهیرى رهقهم دهکات، چونکه ههموو رهقهمێک لهمهسهلهى ههڵبژاردندا ناوهڕۆکێکى ههیه، بۆیه ههرچۆنێک سهیرى بکهین رهنگه ئێمه وهکو پارتى شتێکی کهممان کردبێت، بهڵام زیادمان نهکردووه.

هاوڵاتی: کهواته ئهگهر گریمان لهسنورى زۆنى سهوز پارتى ئهگهر یهکهمیش بێت، لهزۆرنى زهردیش یهکێتى ئهگهر یهکهمیش بێت هیچ له هاوکێشهى هێز لهو ناوچانه ناگۆڕێت؟

ئارى ههرسین: نهخێر نایگۆڕێت، هۆکارهکهشى ئهوهیه ئێمهو یهکێتى وهکو دوو حزبى سیاسی ههردوکمان خاوهنى دوو شتین که ناکرێت تهنها بهپێوهرى دیموکراسی ڕووت مامهڵهیان لهگهڵدا بکرێت، کهیهکێکیان پارهیه و ئهوهى دیکهش هێزه واته چهک، رهنگه ئێستا پرسیارى ئهوه بکرێت چۆن دهبێت حزب هێزى تایبهت بهخۆى ههبێت، بهڵام هۆکارهکهى زۆر سادهیه ئهویش ئهوهیه ئێمه سیقهمان بهیهکترى نیه، ئهگهر سیقهمان ههبوایه دهبوایه ئهو هێزه چهکدارهمان کۆبکردایهتهوهو ڕێکمان بخستایه لهچوارچێوهى وهزارهتى پێشمهرگهدا، چونکه ئهوه لایهنى پهیوهندیداره نهک لق و ناوچهکان، یان مهڵبهند و کۆمیتهکان، کهسیقهت بهیهکترى نهبوو دهبێت ههمیشه تفهنگهکهت لهسهرپێ بێت، دهبێت بهدهست خۆتهوه بێت.

هاوڵاتی: لهدواى ئهم ههڵبژاردنهوه زیاتر لهجاران پرسی دوو ئیدارهیی دهوروژێنرێت، ئهمه ئهگهرێکى وارده؟

ئارى ههرسین: من دوو ساڵ لهمهوپێش لهسهر دوو ئیدارهیی قسهم کردو وتم دوو برا ئهگهر لەماڵێکدا پێکهوه نهحهوێنهوه ببنه دراوسێ باشتره، به راى من ئهوهى قازانج لهدوو ئیدارهیی دهکات خهڵکى کوردستانه، من دهزانم سهرکردایهتى حزبى من وهکو من بیرناکاتهوه، دهزانم زۆر رۆشنبیرى ههولێر و سلێمانى و دهۆک وهکو من بیرناکهنهوه، بهلام ئهوهى لهوهدا قازانج دهکات میللهته، مونافهسهیهکى شهریفانه لهناو دوو زۆندا دروستدهبێت، ئهمه ململانێیهکى پهنجا ساڵهیه لهنێوان زۆرنى سهوز و زهردا، ههر ئهمڕۆ نییه، له 1964هوه خهڵکى کوردستانى عێراق بهدهست ئهم دوو بهرهکییهوه دهناڵێنێت، با کۆتایی پێبهێنین، ئهمه دهکرێت میللهتێک ئاوا لێبکهین، ئێستاش سهیارهیهکى رهقهم ههولێر لهبازگهکانى سلێمانى وهکو بێگانهیهک تهعامولى لهگهڵ دهکرێت، لهم دیویش سهیارهیهکى ڕهقهم سلێمانى بهو شێوهیه مامهڵهى لهگهڵدا دهکرێت، ئهمه چییه، ئهگهر تۆ وهزعت ئاوابێت باشتر نییه دراوسێ بیت.

هاوڵاتی: وهک بهرپرس و پهرلهمانتارێکى پارتى لهئێستادا تاچهند خواستى دوو ئیدارهیی لهلای بهرپرسانى پارتى و یهکێتى ههیه؟

ئارى ههرسین: به راى من ههیه، بهڵام نهک ههمووى، بهشێک له پارتى و بهشێک لهیهکێتى حهزى بهوهیه، بهڵام ڕوویان نایات باسی بکهن، چونکه بۆ نمونه من که دهڵێم حهزم لێیه، حهزم لهیهکپارچهیی کوردستانه، بهلام پێموایه ئهوه له مهسڵهحهتى خهڵکى کوردستانه ئێستا، نهک ئهوهى من وام پێخۆش بێت، من ئارهزووى دهوڵهتى سهربهخۆ دهکهم، ئیتر چۆن پێم خۆش بێت دوو ئیدارهیی دروستبێت، دێمهوه سهر پرسیارهکهى تۆ بهڵێ خهڵک ههیه لهناو پارتى و یهکێتیشدا زۆرى حهز پێیه، بهڵام ڕووى نایه بیڵێ.

هاوڵاتی: ئهو کهسانه لهئاستى بڕیاربهدهستدان، یان لهئاستى کادرى وهسهتیدان؟

ئارى ههرسین: بهڵێ لهئاستى بڕیاربهدهستیشدا ههیه، بهڵام ئهوهیه ڕووى نایهت بیڵێت.

هاوڵاتی: بهڵام لهئێستادا که بهرهو پێکهێنانى حکومهت دهڕۆین و پارتى و یهکێتیش ناکۆکن لهسهر زۆر پرس ئهمه واریده ڕووبدات؟

ئارى ههرسین: بۆ وارید نییه، میللهتێک به ههڵبژاردن یان دهرچوونى کاندیدێک بۆ سهرۆک کۆمارى عێراق وڵاتێک کهدهوڵهتى تۆ نییه، پایهکانى لهق بێت و ببێت به دوو ئیدارهیی یاخوا ههر ببێت، ئهوه ڕهئی منه، بهڕهئی من سهرۆک کۆمارى مۆزهمبیق و سهرۆک کۆمارى عێراق بۆ کورد هیچ فهرقێکى نییه، ئهگهر سبهینێ له مۆزهمبیق یان سۆماڵ یان میسر سهرۆک کۆمار بگۆڕدرێت چى لهژیانى خهڵک لهکوردستان دهگۆڕدرێت.

هاوڵاتی: بهڵام خۆ ئێوهش وهکو پارتى ههوڵى بهدهستهێنانى ئهو پۆستهتانداو کاندیدیشتان ههبوو؟

ئارى ههرسین: من ئهوه زیاتر لهمهسهلهیهکى تهکتیکى دهبینم، چونکه لهههموو مهنتیقێکى دنیا دهچێته دهرهوه ئهگهر ئێمه وهک پارتى که موبادهرهچى ریفراندۆم بوین و ئێستاش شانازى پێوهدهکهین، ئێستا بچین شهڕ لهسهر پۆستى سهرۆک کۆمار بکهین لهبهغدا، بۆیه پێموایه ئهوه زیاتر تهکتیک بوو، چونکه هیچ تهحلیلێکى مهنتیقى بۆ ئهوه نادۆزمهوه.

هاوڵاتی: بهرپرسانى پارتى دهڵێن ئهمجاره بهپێی ژمارهى کورسی مامهڵه لهگهڵ یهکێتى دهکهن لهپێکهێنانى حکومهتدا، ئایا ئهمهش ههر تهکتیکه یان ستراتیژى پارتییه؟

ئارى ههرسین: ئهگهر ئێمه وتمان بهپێی ژمارهى کورسی مامهڵه لهگهڵ یهکێتى دهکهین، دهبێت خۆمان ئاماده کردبێت بۆ ئیمزاکردنى وهرهقهى دوو ئیدارهیی بهتهواوهتى، ئێمه و یهکێتى دهبێت بهیهکهوه حوکم بکهین، هیچ ڕێگهیهکى تر نییه، بۆ نمونه ئێمه که دهڵێین بهپێی کورسییهکان مامهڵه لهگهڵ یهکێتى دهکهین مهبهستمان چییه لهمه، یانى سهرۆک وهزیران و وهزیرى ناوخۆو پێشمهرگه و دارایی و سامانه سروشتییهکان و پلاندانان هی خۆمان بن و یهکێتیش یهک وهزارهتى پێبدرێت، شتى وا دهبێت؟ هیچ کام لهو وهزیرانهى لاى ئێمه دهبن یهک ملیمهتر لهودیو دێگهڵهوه دهستیان ناڕوات، بۆیه من تهسهور دهکهم ئێمه لهگهڵ یهکێتى ڕێکدهکهوین و پێکهوه حکومهت پێکدههێنین و رۆڵى یهکێتیش دیار دهبێت، واقیعهکه وات پێدهڵێت نهک من حهزم لهچییه.

هاوڵاتی: ئهى سهبارهت به لایهنهکانى دیکه بهتایبهتى گۆڕان، ئایا ئهوانیش بهشداردهبن و حکومهتى ئهمجارهش بنکهفراوان دهبێت یان نا؟

ئارى ههرسین: دهرگاى دانوستان بۆ ههموو حزبهکان دهکرێتهوه بهبێ جیاوازى، بهڵام ئهوه دهگهڕێتهوه بۆ حهزى گۆڕان که ئایا دهیهوێت بهشداربێت یان نا.

هاوڵاتی: پارتى حهزدهکات گۆڕان بهشداربێت؟

ئارى ههرسین: پارتى حهزدهکات کابینهى ئهمجاره سهقامگیر بێت، ئهو کارنامهیهى که دهیبێت کارنامهى خزمهتگوزاریی خهڵکى کوردستان بێت، ههر کهس لهو چوارچێوهیهدا خۆى دهبینێت بهخێر بێت.

ئهوهش ههمووى بهستراوهتهوه به مێزى دانوستان و گفتوگۆوه.

هاوڵاتی: وهکو پێشبینى خۆت کابینهى نۆیهم بنکهفراوان دهبێت یان ههر پارتى و یهکێتى پێکهوه پێکیدههێنن؟

ئارى ههرسین: تهسهور دهکهم پارتى و یهکێتى و لایهنى تریشى تێدا بێت، پێویستیش ناکات ههموو لایهنهکانى تێدا بێت، ئهمه بهس لهوڵاتى ئێمه ههیه کهههموو لایهنهکانى تێدایه، کهههمووى بهشداربوو تۆ هیچ ئۆپۆزسیۆنێکت نابێت ئهوهش خراپه، چیى تێدایه با کۆمهڵ و گۆڕان و یهکگرتوو و نهوهى نوێ ئۆپۆزسیۆن بن، خۆ دنیا خراپ نابێت.

هاوڵاتی: بهڵام بهشێک لهو لایهنانه باس لهوهدهکهن ڕهنگه ههر بایکۆتى پڕۆسهى سیاسی بکهن؟

ئارى ههرسین: با بیکهن بهیانیان بچن بۆ موزاههرهو ئێوارانیش بێنهوه ماڵهوه و دوو رکات نوێژ بکهن و نانێک بخۆن و بنون.

هاوڵاتی: بهڵام ئهوان دهڵێن بایکۆتکردنى پڕۆسهى سیاسی نیشانهى پرسیار لهسهر حکومهت و پڕۆسهى سیاسی دروستدهکات؟

ئارى ههرسین: ئهمان بهشدارى نهکهن هیچ ڕوونادات، دوو ڕۆژ دواى دروستبوونى کابینهکه لهئهمریکاوه تا ئێران پیرۆزبایی لهئێمه دهکهن، دوهلى عهرهبی و تورکیا و ئێرانیش و هیچ نیشانهیهکى پرسیار لهسهر پڕۆسهى سیاسی دروستنابێت، ههروهک چۆن قسهکهى مهلا بهختیار که وتى یهک کورسی بێنین یان 10 وهکو یهک وایه و هیچ کاریگهریهکیشى لهسهر پڕۆسهى سیاسی دروستنهکردو هیچ وڵاتێک نههاتهسهر خهت بڵێت ئهوه چۆن دهبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار