بڕیارده‌رى کۆمسیۆنى هه‌رێم: سه‌د هه‌زار ده‌نگى ساخته‌ش بسوتێندرێت هێشتا که‌مه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم
بڕیارده‌رى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات که‌ راپۆرتى سکاڵاکان و سندوقى قردێله‌ى سور ئاماده‌ کراوه‌و هێشتا ئه‌نجومه‌نى کۆمسیۆن بڕیارى له‌سه‌ر نه‌داوه‌، ده‌شڵێت:" سه‌د هه‌زار ده‌نگى ساخته‌ش بسوتێندرێت هێشتا که‌مه‌".

ئیسماعیل خورماڵى، بڕیارده‌رى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ سایتى هاوڵاتى جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ گۆڕانکارى له‌ ده‌نگ و ژماره‌ى کورسى لایه‌نه‌کاندا رووده‌دات.

هاوڵاتى: گه‌شتن به‌ چى له‌سه‌ر 227 سندوقى قردێله‌ى سورى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان؟
ئیسماعیل خورماڵى: ئه‌و 227 سندوقه‌ى قردێله‌ى سور بووه‌، کراوه‌ته‌ راپۆرت و هێشتا ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران بریارى له‌سه‌ر نه‌داوه‌، هه‌رکات ئه‌نجومه‌ن کۆببێته‌وه‌ بڕیارى یه‌لاکردنه‌وه‌ى ده‌دات.

هاوڵاتى: ده‌نگ و ژماره‌ى کورسى لایه‌نه‌کان گۆڕانکارى به‌سه‌ردا دێت یان ته‌نها قسه‌یه‌؟
ئیسماعیل خورماڵى: ئه‌سڵ  ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌ى ده‌نگ و کورسی لایه‌نه‌کان گۆڕانکارى به‌سه‌ردا بێت، ساخته‌کارى کراوه‌و سکاڵایه‌کى زۆر هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و سکاڵایانه‌ ده‌رئه‌نجامێکى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر سه‌د هه‌زار ده‌نگى ساخته‌ش له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان بسوتێندرێت هێشتا که‌مه‌و وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ هیچ نه‌کرابێت.

هاوڵاتى: ده‌وترێت مامه‌ڵه‌ى کورسى له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا هه‌یه‌ که‌ به‌ کورسیه‌ک لایه‌نه‌ نارازییه‌کان رازى بکه‌ن، ئه‌مه‌ تا چه‌دن راستى تێدایه‌؟
ئیسماعیل خورماڵى: ئه‌وه‌ى ده‌وترێت که‌ مامه‌ڵه‌ى کورسى له‌نێو کۆمسیۆن ده‌کرێت، ئه‌وه‌ سودى ئیستغلال کردنى ئیشه‌کانى ئێمه‌ ده‌کات، ئه‌و ده‌نگانه‌ى که‌ هاتووه‌ هه‌مووى راست نییه‌و ساخته‌کارى کراوه‌ ته‌ره‌فى ساخته‌کار  ده‌بێت هه‌ندێ له‌ ده‌نگه‌کانى بگه‌رێته‌وه‌ بچێت بۆ خه‌ڵکى تر، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ناوبنرێت مامه‌ڵه‌ى کورسى ئه‌وه‌ شتێکى تره‌، پێویسته‌ ده‌نگى ساخته‌و ده‌نگى راستى جیابێت و دیار بێت.

ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى له‌به‌رده‌ستدان وه‌کو ژماره‌ ئه‌نجامى حه‌قیقى نییه‌و ساخته‌کارى کراوه‌و ده‌بێت ئه‌و سندوقانه‌ى ساخته‌کارى کراوه‌و لایه‌نى ساخته‌کار سزا بدرێت و ناکرێت ده‌نگێکى خه‌ڵکێکى تر که‌ ساخته‌ى نه‌کردووه‌ بیسوتێنیت، چونکه‌ سنوق هه‌یه‌ لایه‌نێک ده‌نگى که‌مى هێناوه‌ ساخته‌کارى کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگى لایه‌نه‌کانى دیکه‌ بسوتێندرێت.

هاوڵاتى: پێتوایه‌ ده‌توانن سکاڵاکان رێره‌وى خۆى ببرێت و ده‌نگى لایه‌نه‌کان به‌ حه‌قیقى رونببێته‌وه‌؟
ئیسماعیل خورماڵى: ژماره‌یه‌کى زۆر سکاڵامان هه‌یه‌، به‌مه‌جراى خۆیدا بروات و گرفتى بۆ دروست نه‌کرێت، کۆمه‌ڵێک ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان گومانى زۆرى له‌سه‌ره‌،  ئه‌گه‌ر سکاڵاکان شوێنى خۆى گرت ئه‌وه‌ ئێمه‌ رازى ده‌بین، ئه‌گه‌ر شوێنى خۆى نه‌گرێت ده‌نگى پێناده‌ین و هه‌ڵوێستى خۆمان ده‌رده‌برین.

هاوڵاتى: ئاشکراکردنى ئه‌نجامه‌کان بووه‌ به‌ حیکایه‌تى مێشه‌که‌، که‌ى رایده‌گه‌یه‌نن که‌ باس له‌ سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌کرێت؟
ئیسماعیل خورماڵى: کات دیارى نه‌کراوه‌ بۆ راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کان، هه‌ر کاتێک ئه‌نجومه‌نى کۆمسیاران بریارى له‌سه‌ر بدات و به‌ فه‌رمى رایده‌گه‌یه‌نین.
رۆژانه‌ و به‌رده‌وام ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن ئه‌و فۆڕمانه‌ى لامانه‌ داخڵ ده‌کرێن و تا کاتژمێر 12ى شه‌و کارى تێدا ده‌کرێت، هه‌رکات ئه‌نجامى سکاڵاکان یه‌کلاکرایه‌وه‌ و سه‌رجه‌م داتاکان داخڵ کران کۆمسیۆن بریار ده‌دات چ کاتێک ئه‌نجامه‌کان به‌ فه‌رمى راده‌یه‌گه‌ندرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار