داب ونەریت، ئاڵوودەیی، خێراییەکی بێئۆقرە لەکۆمەڵگای باشووردا
ساسان محەمەد
2 ڕۆژ لەمەوپێش
ساسان محەمەد
دابوونەریت بەسروشتی خۆی هەڵگری تێروانینی موحافیزکارا نەیە. چونکە بنەماکەی لەسەر ئەوەیە کە ئازادی و خواستە کەسییەکانی تاکەکان بکاتە قوربانی بەرژەوەندی و خواست ویستەکانی زۆرینە. بەڵام دواجار مەرج نیە ئەوەی هەڵگری دنیابینینێکی موحافیزکارانە نەبوو، ناشێت ببێتە دابوونەریتی سەردەمێکی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو، یاخود بەپێچەوانەوە ئەو بیرکردنەوەی هەڵگری دنیابینینێکی مەحافیزکارانەبوو، بەزەروورەت ئەبێت وەکو دابوونەریت تەماشابکرێت. ئەمەی دواییان بەداخەوە وەکو دێوەزمەیەک دنیای مرۆڤی کوردی باشووری داگیرکردووە. هەرچی تێڕوانین و بیرکردنەوەی تاریکبین هەیە بەزۆر لەژێر ناوی دابوونەریتی کوردەواریدا بەسەر خەڵکی عەوامدا ئەسەپێنرێت. ئەوەی ئیسلامی سیاسی خۆی پێی خۆش و باشبێت، لەبەرژەوەندی دنیای پیاوسالاریدابێت، دژ بەخواستی ژنان و کەمایەتیە ئاینی و تاکە جێاوازەکانی نێکۆمەڵکای باشووردابێت ئەمان لەژێر پەردەی دابوونەریتی کوردەواریدا بەسەر کۆمەڵگدا ئەیانەوێت بیسەپێنن، ئەوەشی بەپێچەوانەی ئەمەوەبێت بە لادان لەبەناو دابوونەریتی ڕەسەنی کوردەواری و ئیلحاد تەماشائەکرێت.لەکاتێکدا لەهەموو کۆمەڵگایەکدا مەرج نیە کە سەرتاپای داب و نەریتەکان هەڵگری پاشخانێکی دینی بن، یاخود سەد لەسەد دین ئاڕاستەکەری بووبێت، ئەوەشی ئەمڕۆ کە ئیسلامی سیاسی کەلەژێر ناوی بەهاو دابوونەریتی بەناو کوردەواریدا ئەیەوێت بەسەر خەلکیدا بیسەپێنن، تەواو ناکوردیەو بگرە دژیشیەتی، ئەشێت هەموو ئەوکەسانەی ئەبنە قوربانی ئەم عەقڵیەتە تاریک و داخراوە ئەوانەبن کە هیچ کاتێک بەرجۆرێکی تری ژیانکردن و بەدابوونەریتی جیاوازتر لەم جۆرە نەژیابێتن. ئەوکەسانەی کەساڵانی بەرلەڕاپەڕین، هەشتاکان و تادەرواتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوویان بینیبێت، دەزانن کە وشیاری ئاگایی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمانە لەئاست ئازادییەکانی تاک، ڕاستگۆیی و سەرڕاستی و دەستنەخستنە ژیانی یەکترەوە، بابەتیک بوون کە پێویستی بە دەقی دینی و وەعزی بانگخوازو هیچ مەلایەک نەبووە. تەنها ویژدان و جوامێری و بەهاو دانانی ڕێزی تاکەکان بووە بۆ خودی خۆیان، بووەتە پاڵنەرێک تاوەکو ڕاست و چەوت لەژیانی خۆیاندا جیابکەنەوە.
ئەوەی بەبەختی ئیسلامی سیاسی شکاوەتەوە ئەوەیە، ئەو پاشەگەردانییەی کە دنیای سۆشیال میدیاو ئینتەرنێت خوڵقاندوویەتی، ئەو هەموو دیاردەو کێشانەی کەدنیای پاش ڕاپەڕین لەگەل خۆیدا هێناویەتی، هەروەکو شیێوازەجیاوازەکانی (ئاڵوودەبوون بە ماددە هؤشبەرەکان، سۆشیال میدیاو تەلەفۆنی زیرەک) تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی زاڵبوونی دنیای مەجازی بەسەر دنیای ڕیالدا. ئەمانە هەموو بوونەتە هۆی ئەوەی کە بەڕاستی تاکەکانی کۆمەڵگا تووشی ناهاوسەنگی دەروونی و سەرلێشێواوی بوبێتنەوە. زۆربوونی ناساغیە دەروونییەکان، کەدەرەنجامی ئەو دۆخەیە کەدیاردە نوێیەکانی( مادەی هۆشبەرو سۆشیاکل میدیا) لەگەڵ خۆیدا هێنای. ئەم ناساغییە دەروونیەو لەدەستدانی هاوسەنگی ڕووحی و ئاگایی مرۆڤەکانی لە جێگیری کەسایەتیان و لە(خۆبوون)ی دوورخستونەتەوە. ئەمەش ڕێک لەتاکەکانی کۆمەڵگای باشووردا بەزەقی رەنگ دەداتەوە. ئەم سەرلەشێواویە هەموو بوارەکانی گرتۆتەوە، بیرکردنەوەکان و تێڕوانینەکانی تەواو قڵپکردۆتەوەو بە جۆرێک ژەهراویبوون، ناڕەسنی، سەتحیبوون،خۆشیرینکردن و دووڕووی و درۆکردن، لەهەموو تاکەکانی کۆمەڵگادا بە ئاستی جیاواز دەبینرێت. بۆنموونە ئەگەر ئەتەوێت بەئامانجێک بگەیت و دڵناییت بەوتنی ڕاستی پێی ناگەیت، ئەوە زۆر ئاسانە کەگەورەترین درۆی بۆ بکەیت. ئەگەر هات و لەشێوەی دەموچاوت ڕازی نیت، دکتۆری جوانکاری ئەو دەمولووتەت بۆ ئەخوڵقینێت کە تۆ خوازیاریت ببینتە خاوەنی. ئەگەر بتەوێت ببیتە ئەستێرەی دنیای مۆسیقاو گۆرانی، ئاوازدانەر هەیە بەو شێوەیەی کە تۆ ئەخوازیت( بەشێوازی عەرەبی، تورکی، فارسی یاخود هەر شیوازێک بتەوێت، ئاوازو گۆرانی کوردی حازری فۆلکلۆری کوردی یان هەرنەتەوەیکی تر هەیەو بەو شیوازەی کە ئەخوازیت خۆت و گۆرانیەکەش ئامادە دەکات بۆ سەر شانۆ. کۆمەڵێک زانکۆی ئەهلی و نائەهلی ئەتوانێت بتکاتە خاوەن شەهادی زانکۆ، ماستەر، دکتۆرا. ئەگەر ئەخوازیت منداڵەکانتان وەکو بولبول بەئینگلیزی، فەرەنسی و ئەلمانی قسەبکەن، خوێندگەی ئەهلیمان هەیەو مندالەکەت بۆ ئەکەینە ئینگلیزو بەجۆرێک بەزەحمەت ئەتوانیت لەکوردی تێبگات. ئەگەر حەزت لەئاژەڵدۆستیە، ئەوە سەگ و پشیلەی ئینگلیزی و فەرەنسیمان هەیەو بەنرخێکی باش بەکوتراوی دەستت ئەخەین، با پشیلەو سەگی سەرشەقامەکانیش ژەهرخواردبکرێن و ببنەژیر تایەی سەیارەی شۆفیرە دڵڕەقەکان. ئەگەر ئەتەوێت ببیتە هەرجۆرێکی جیاواز لەپاڵەوان( بانگخواز، پەرلەمانتار...هتد ئەمانە ئاسانن.
خراپترین دۆخ ئەوەیە کە بۆ بەرەوڕووبەنەی جۆرەکانی ئاڵوودەبوون، ناساغییە دەروونیەکان بەشێوەیەکی زانستی و دەروونناسی، کۆمەڵگاو خێزان بەئەندازەی خێرایی ئاڵوودەبوون و ناساغکەوتن، پەلەیانە منداڵەکان و کەسو کاریان لەو دۆخ و ناساغییە ڕژگاریان ببێت. هەرجەندە کادێرو سەنتەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵوودەبوون و چارەسەرەدەروونەیەکان زۆرنین، بەڵام هەن و چالاکیشن، بەڵام بەداخەوە کەمترین کەس تائێستاکە باوەڕی بەوجۆرە چارەسەرە هەیەو سودمەندئەبن لێی. هەربۆیە بازاڕی مەلای لاکۆڵان و نوشتەگەرو دەرکەری شەیتان لەڕوحدا لەئێستادا گەرمە. ئەویش بەهۆی بڕوابوون بە خێرایی کاریگەری سیحرو جادوو(بەپێی تێروانین و گەمژەیی ئەم مۆڤانەی کۆمەڵگا).ئەم خواستە لەخێرایی چارەسەرکردن و ڕزگاربوونی قوربانییەکان لەئالوودەبوون و گەمژەیی کەسوکاری قوربانییەکان بە سیحروجادو، دۆخێکی خوڵقاندووە. کە تێڕوانینی مەلاو جادوگەرەکان زاڵبێت بەسەر ئەو چارەسەرانەی کەزانستی دەروونی و پزیشکی تەرحیان ئەکات. بەڕاستی ئێمە لەکۆمەڵگایەکدا ئەژین کەچۆن کەسێک برسیەتییەکەی بەخواردنێکی زۆرو خێراخوردنێکی ناساغانە چارەئەکات، ئەخوازێت بەو جۆرەش ئاڵوودەبوون و ناساغییە دەروونیەکان هەرئاوا بەدوعایەک و وەک سەرئێشەیەک بەدەنکێک حەب چارەسەربکرێن.
جا ئەوەی ئەمڕۆ مەلاو بانگخواز لەڕێی چاندنی ترس لەمردن، دۆزەخ و پاش مردن ئەکرێت، ئەمە ڕێک ئەو قولاپەیە بۆ ئەو مرۆڤانەیە، کەخودی خۆیان ئالوودەی دەردێک لە جۆراکانی ئاڵوودەبوون بوون، وە ئەو کەسە ساویلکانەش کەلەگەمژەیی خۆیاندا بەدوای ڕێگایەکدا ئەگەڕێن ناجێگیری ڕووحی خۆیان لەڕێی بڕوا هێنان بە ئەو چیرۆکانە بڕەوێننەوە کە بانخوازی سەلەفی بانگەشەی بۆ ئەکەن و وەکو ژەهرێک فڕێی ئەدەنە گۆمی کۆمەڵگاوەو تاوەکو ئەو کەسانەی پێ ڕاوبکەن کەلەغیابی جێگیری ڕووحیدا، بە قوتدانی ئەو ژەهرە،کاتێک بەدوای فریادڕەسێکدا وێڵن و خێرا چارەیەکیان بداتێ، بەئاسانی مەست و ئالوودەی ئەو ژەهرە ئەبن. هەربۆیە، ئەو قەیرانانەی کە دنیای نوێ خولقاندوویەتی، پێویستی بەچارەسەرێکی زانستی هەیە. بەباشترکردنی سیستمی پەروەردەو هاوئاهەنگی خیزانەکان و خوێندنگەو دەزگاکانی خوێندنە، ئەشێت ڕێگەیەک بن، بۆ ئارامکردنەوەی ڕووحە شێواو ناجێگیرەکانی نێو تاکەکانی کۆمەڵگا. سستکردنی سەرچاوەکانی توندڕەویی، داخراوی دنیابینینەکانی کۆمەڵگا. گەڕانەوی هارمۆنیا، بەڕیالکردنەوەی پەیوەندیە مەجازییەکان، ئەویش لەڕێی چالالککردنی مرۆڤەکان لەکاتە بەتاڵەکان و چوونەدەرەوەی خێزانەکان لەماڵەکانیان. ئەویش بەبەسەربردنی کاتەکانیان بەوەرزشکردن لەدەرەوەی مالەکانیان، چوونە نێو سروشت( نەبەتەنیا سەیران و دروستکدنی خواردن لەدەشت و دەرا). زۆرکردنی هەلی کاری خۆبەخشی، هاندانی سۆزو خۆشەویستی بۆ ئاژەلە بێلانەکان، لەڕێی هاندانی خەڵکی بەهەڵگرتنەوەی ئەژەلەکانی سەرشەقامەکان، لەبری ئەوەی لەبازاڕەکان ئاژەڵ بکڕن. گەڕانەوەی بەها بۆ کلتووری بوونی باخچەی نێو حەوشەی مالەکان. تاوەکو دایک و باوکانیش کاتەکانیان بەبەسەوزکردنی مالەکانیان سەرقاڵبکەن. هەوڵدان بۆ نەهێشتنی دیاردەی زۆرخۆری و خۆشخۆری، کەبەلامەوە خراپترین و ترسناکترین دیاردەیە کەئەمڕۆ لە باشوور لەڕێی بەئەستیرەبوونی خواردنگەو جێشلێنەرەکان. چونکە ئەوەی لە باشووردا هەیە، جۆرێکە لەدەستدرێێژیکردنی مرۆڤەکانە سەر خودی خۆیان،پراکتیزەکردنی شەرانگیزیەکە بەرامبەر بەخۆیان لەڕێی کرداری خواردنەوە. زۆرخۆری لەباشوور لەئاستێکی تەواو ترسناک و نامەدەنیانەیە، تەواو بێ ئەتەکیەتە.تەواو بێڕێزیکرنە بەئەتەکییەت وهونەری چۆنیەتی خواردن و بەتەواوی غیابی ئیستاتیکای سفرەیە. کە گومانم نیە کەشێوازی خراپ لەخواردن و خێرایی لەخواردندا زەقترین دۆخە کەئەیبینین لەناو خەڵکیدا،بە خواپێداوو هەژارەوە.خەڵکە دەولەمەندەکەش لە چۆنایەتی و چەندایەتی خواردندا هێشتا هەر برسین و هەرهەژارن. ئەوەی خواپیداوبێت ئەبێت سفرەکەی بەگۆشت ڕازێنرابیتەوە، ئەوەشی کەسفرەکەی قەرەباڵەغ نەبێت و بێگۆشتبێت خۆی بەفەقیر ئەزانێت. خەیاڵ و زاکیرەی خەلکی باشوور تائێستاکێش هی سەردەمی سەرەتاو کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان و سەردەمی نەبوونی و گرانی و قاتوقڕییە، چاوەکان و گەدەکان تیرنابن، لەکاتێکدا لەسەردەمی گرانیەکەی ساڵانی نەوەدەکاندا خەڵکی تەندروستر، جوانترو هێواشتر نانیان دەخوارد، کاتی خۆی دەولەمندەکان ئەبوایە توشتی دەردەشا ببن، تا خەڵکیتر بزانن کەئەم کەسە هەبووەو بەگۆشتخواردن تووشی ئەو دەردەبووە. خەلکی بەگشتی لەدۆخێکی بەردەوام برسێتیدان، هیچ تێریان ناکات. خواردنی خواردن لێرەدا پێویستی بەدۆخی برسێتی نیە، بەڵکو تەنیا پەیوەستەبەوەی کەئاخۆ لەو چرکەیەدا شتێک هەیە کەبخورێت؟کرداری خواردن بووەتە شتێک وەکو ئەوەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی خەڵکی بێت. چووەتە ئاستێک کەوەک دۆخێکی دەروونی بێت و وە پاڵنەرێکی دەروونی ئەم هەمیشە تێرنەخواردنەی هێشتبێتەوە. نیشانەو سەرجاوەی نەخۆشیە جەستەییەکان و نائارامی و ناساغییە دەروونییەکانە. ئەم هەموو مردنە خێرایە، جەڵدەو شێرپەنجەو فڕینی ەوری خوێن و شەکر.ئێستا خەلکی ئامادەن دەرمانی دژ بەبەرزی جەوری خوێن بخۆن، تابتوانن لە گۆشت و کەباب خواردن بەردەوام بن. خەڵکی ئامادەن هەموو خۆرە فێڵێک لەخۆیان بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی لەزۆرخۆری خۆیان بەردەوام بن و بەهیچ خۆرێک پارێزی و کەمخۆری نەکەن.بەداخەوە، جاران خەڵکی برسیەتی ئەیژیانن، ئێستاکە تێریەتی ئەیانکوژێت!
ئەم ئارەزووکردنە لەخێرایی لە مومارەسەکردنی حەزو ئارەزووەکان، ڕزگاربوون لەکێشەو ناساغییەکان، خواستی خێرابوون بە پاڵەوانبوون، بە ئەستێرەبوون،تینوێتی بۆ ڕاکێشانی زۆرترین سەرنجی خەڵکی بۆ تاکەکان خۆیان .خێرا دەوڵەمەندبوون، بەفریشتە، بە شەیتان بوون، نیشانەیەکی زەقی نێو دنیاو تاکەکانی کۆمەلگای باشووورە. تاوەکو ئەم جۆرە لە یەکجار بزێویە(هایپەئەکیڤ)جارەسەرنەکرێت، ئەم وزە لەسەروسروشتیە کەنالیزەنەکرێت، ناتوانرێت هارمۆنیا،ئارامی ڕووحی لەهەست و کرداری مرۆڤەکان بۆ ئاستی سروشتی ڕەسەنی خۆی بگەڕێتەوە! دواجار، وەک میلان کۆندیرا سەبارەت بە هێواشی و خێراییدا دەڵێت: پەیوەندییەکی نهێنیئامێز لەنیوان هێواشی و یادەوەریدا، لەنیوان خێرایی و بیرچوونەوەدا هەیە. ئەمەش پێمان دەڵێت کە بەڕاستی کۆمەلگای باشور لەدۆخێکی تەواو نائاگاو سەرلێشێوادا ئەیگوزەرێنێت. بەهەموو دیاردەیەکی نامۆ ئیغرا ئەبێت و هیچ بیروباوەڕێکی عەقلانیش بەداخەوە ناتوانێت بۆ باشتر بیانگۆڕێت.