دەڤەری سلێمانی ڕوو لە سەرلێشێوانی تەواو دەکات و حزب لە بری حکومەت هەموو بڕیارێک دەدات.

یەکێتی دوای مام جەلال نەیتوانیوە هاوسەنگییەکان بپارێزێ و رۆڵی تەواو لاوازبووە تەنانەت لەسەر ئاستی عێراقیش!

13 كاتژمێر لەمەوپێش



دەستوەردان لە کاروباری حکومەت زیانی زۆری بە ئابووری پارێزگای سلێمانی گەیاندووە و بازاڕی تەواو لاواز کردووە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

جیاکردنەوەی حزب لە حکومەت، ئەو دروشمەبوو کە ٢٠ ساڵ زیاترە بەرزکراوەتەوە و داوای جێبەجێ کردنی دەکرێت، بەڵام تازە بەتازە لە شاری سلێمانی حزب هیچ هەیبەتێکی بۆ حکومەت  نەهێشتووە و لەبری هەموو وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان بڕیار دەردەکات و جێبەجێشی دەکات.

لە هەڵمەتی دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کە زۆر بە جدی جێبەجێ دەکرا نەمانزانی بڕیاری دەستبەسەراگرتنی ئەو ئۆتۆمۆبیلانە لەلایەن کێوە دەرکراوە، دوای خۆپیشاندانی خاوەنی ئەو ئۆتۆمبیلانە و دیداری نوێنەریان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان، لەماوەی یەک کاتژمێردا بڕیارەکان گۆڕان و تەواوی ئۆتۆمۆبیلەکان هاتنەوە سەر شەقامەکان، بەڵام گوندنشینانی دۆڵی خەلەکان کە کێشەی جددیان هەیە و بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمی کارەبای نیشتمانی و تەواونەکردنی ئەو شەقامەی کە ماوەی ١٢ ساڵە کاری تێدا دەکرێت و هێشتا تەواو نەبووە دەناڵێنن و ماوەی چەند رۆژێکە دەستیان بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی کردووە، بەڵام هیچ بەرپرسێک ناچێت بەدەمیانەوە و لە داواکارییەکانیان ناپرسنەوە.

کەڵەکە بوونی نارەزاییەکان لەدەڤەری سلێمانی روو لە بەرفراوانی دەکات و رۆژ بە رۆژ خزمەتگوزارییەکان خراپتردەبێت و ستراتیج و پلانێک بۆ چارەسەرکردنیان بەدیناکرێت، هەموانیش دەزانین کە رێگەی هەزار میل بە هەنگاوی یەکەم دەستپێدەکات، بەڵام تەنانەت هەست بە هەنگاوی یەکەمیش بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکان ناکرێت.

لە قەیرانی نەدان و دواکەوتنی مووچەشدا هەست بە خەمساردییەکی تەواو دەکرێت لە لایەن یەکێتییەوە، لە کاتێکدا زۆربەی ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بایکۆتی قوتابخانە و فەرمانگەکان لە دەڤەری سلێمانیدایە.

لەسەر ئاستی سیاسیش یەکێتی دوای مام جەلال نەیتوانیوە هاوسەنگی بپارێزێ و رۆڵی بەرچاوی لە پێشهاتە سیاسیەکاندا هەبێت، بە تایبەت دوای روداوەکانی ٨ی تەمووز، بە جۆرێک لەم هەلومەرجەی ئێستای هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا کە باس لە گۆڕانکاری و نەخشەی نوێ و دارشتنەوەی پلانی نوێ لەلایەن زلهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکەوە دەکرێت، هەست بە غیابی یەکێتی لە گۆڕەپانەکەدا دەکرێت و هیچ جموجوڵێکی سیاسی و دیبلۆماسی لە سەرکردایەتی ئەو حزبەوە بەدیناکرێت، بە جۆرێک هەردەم کاردانەوەی لەبەرامبەر روداو و پێشهاتەکاندا هەیە و خۆی لە توانایدا نەماوە خوڵقێنەری روداوەکان بێت و ببێتە چەقی بڕیار و دانەری پلانەکان، بە پێچەوانەوە کەوتوەتە داوی کاردانەوەی ئەو پێشهاتانەوە کە رووبەرووی دەبنەوە.

 لە رووی جموجۆڵی بازاڕ و وەبەرهێنان و وەگەرخستنی دەستی کاری ناوخۆ و دەستبەرکردنی هەلی کارەوە بۆ لاوان؛ کە لە ئێستا لە کەرتی گشتیدا بە هیچ جۆرێک دامەزراندن نییە و دەبێت لە کەرتی تایبەتدا بژێوی خۆیان دابین بکەن، لەو بوارەشدا سلێمانی تەواو لاواز بووە تا کارگەیشتووە بەوەی گەنجان بۆ کارکردن روو لە هەولێر بکەن، هۆکارەکەشی دەستوەردانی بەردەوامی حزبە لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و نەبوونی پلانێکی تۆکمەیە کە لە توانایدا بێت چارەسەری گونجاو بۆ ئەم گرفتە بدۆزێتەوە. ئەمەش بۆتە هۆی گواستنەوەی سەرمایەی وەبەرهێنەکان بۆ شارەکانی تری عێراق، ئەو کارەش زیانی گەورە بە ئێستا و داهاتووی شاری سلێمانی دەگەیەنێت و لە ڕووی پێشکەوتن و شارسازییەوە بەجۆرێک دوای دەخات؛ چەندین ساڵ کارکردنی لێبڕاوانەی دەوێت تا بگاتەوە بە ئاستە نموونەییەکەی جارانی!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار